ئەمینداری گشتی یەكێـتی جیهانی زانایانی موسڵمان......
خوای گەورە ویستی وابووە كە لە جوانترین شێوەدا مرۆڤ دروست بكات و جوانترین سیفات و زۆرترین توانای پێ‌ بدات، بۆئەوەی لەسەر زەویدا نیشتەجێ‌ ببێت و گەردوون ئاوەدان بكاتەوە، خوای گەورە لە مرۆڤدا چوار ئەندامی گرنگی دروست كردووە كە ئەوانیش، گیان و دڵا و نەفس و عەقڵا، كە ئەوانیش بنەمان لە چاكی مرۆڤدا لە رووی تاك و كۆمەڵا و گەلەوە، ئەمانە ئەو وشانەن ئەگەر لێكیان جیا بكەینەوە كۆدەبنەوە وەئەگەر كۆیان بكەینەوە جیا دەبنەوە. واتە ئەگەر بەدوای یەكدا بێن هەریەكەیان مانایەكی جیاوازی هەیە لە ئەوی تریان، بەڵام ئەگەر تەنها ناوی یەكێكیان بهێنین ئەوا مانای ئەوانی تریش لەخۆ دەگرێت.

خوای گەورە بۆ هەریەكەیان رۆڵا و نەخۆشی و چۆنیەتی چارەسەر و خۆراكی تایبەتی بۆ داناون، گیان بریتیە لە ژیان، واتە سەرچاوەی ئەم ژیانە خۆشەویستیە، خۆراكەكەشی خوێندنی قورئان و یادی خوایە، لەكاتێكدا كە بە خواوە پەیوەست بێت ملكەچ و سەرشۆڕ نابێت بۆ غەیری خوا، لەم گیانەوە هەموو سیفەتەكانی تایبەت بە مرۆڤ وەردەگرێت لەڕووی ئیرادە و هەڵبژاردن و تواناوە، بەڵام كاتێك كە ملكەچی خوا نابێت ئەوكاتە زەلیل و سەرشۆڕ و شەڕەنگێز دەبێت.

دڵ، كە سەرچاوەی رق و خۆشەویستی و دڵسۆزیە بۆ خوا لە هەمانكاتدا سەرچاوەی بوغز و حەسودیشە، چاكسازی لە نەفسدا پەیوەستە بە چاكسازی لە كۆمەڵا و گۆڕانكاریەكانی وەك خوای گەورە دەفەرموێت: [ذَلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَى قَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ] هەروەها دەفەرموێت : [إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ]، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا 296 جار باسی نەفس و داتاشراوەكانی دەكات، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پێویستە گرنگی پێ‌ بدرێت و پەروەردە بكرێت و جڵەو بكرێت.

لەبەر گەورەیی نەفس و گرنگیەكەی خوای گەورە لە چەندان ئایەتی قورئاندا بەناوی جۆراوجۆر سوێندی پێ‌ دەخوات، وەك دەفەرموێت: [لا أُقْسِمُ بِيَوْمِ الْقِيَامَةِ (1) وَلا أُقْسِمُ بِالنَّفْسِ اللَّوَّامَةِ]، ئەم نەفسە سەرچاوەی كۆمەڵێك غەریزەی جیاوازە، لەوانەش غەریزەی خۆراك و جنس و دەسەڵات و هێز و پلەو پایە و كورسیە، دەتوانرێت مرۆڤ ئەم غەریزانە لە خێردا بەكاربێنێت، لەكاتێكدا كە پەروەردەی نەفسی خۆی بكات و لە تاوان دووری بخاتەوەو بە ئیمان بەهێزی بكات، یان دەتوانێت لە شەڕدا بەكاری بهێنێت ئەویش ئەوكاتە دەبێت كە پەروەردە پشتگوێ‌ بخرێت و هیچ گرنگیەكی پێ‌ نەدرێت.

غەریزەی خۆشەویستی دەسەڵات شتێكی سروشتیە لە مرۆڤدا، لەو رۆژەوە كە خوای گەورە ئادەمی دروستكردووە لەگەڵیدا غەریزەی دەسەڵاتیشی پێ‌ داوە، چونكە بەبێ‌ ئەم غەریزەیە زەوی ئاوەدان نابێتەوە و ئەركی بنیاتنان بەجێ‌ نایەت، بەڵام ئەگەر ئەم غەریزەیە سنوردار نەكرێت بە بەرژەوەندی گشتی و بەبێ‌ سنور هەنگاو بنێت ئەوا دەبێتە مایەی ئەوەی كە ئاژاوەیەكی گەورە دروست بكات و ببێتە هۆی ئەوەی كە هەموو ئوممەت نەتوانێت چارەسەرێكی بۆ دابنێت، ئەمەش ئەو دیمەنانەن كە لە جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتی عەرەبی دا بەدی دەكرێت، چونكە هەموو بەڵاكانی ئەم ئوممەتە دەگەڕێتەوە بۆ خراپەكاری و گەندەڵی نەفس، ئەمەش سەرتاپای دەسەڵاتەكانی گرتۆتەوە لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی.

نەفس بەرپرسیارە لە ئەم لایەنە مەترسیدارە، هەر لەبەرئەوەیە خوای گەورە پەیوەستی دەكاتەوە بە چاكسازی و گەشەپێدان، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر مرۆڤ و كۆمەڵا و نەتەوە گەندەڵا بوون دەبێتە مایەی دواكەوتوویی و ستەمكاری، ئەمانەش هەمووی دەچێتە چوارچێوەی غەریزەی دەسەڵاتەوە.

لەكاتێكدا كە خوای گەورە باسی نەفس و داتاشراوەكانی دەكات لە 296 ئایەتدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە هیچ دروشمێكی تر بەهای نیە بەبێ‌ پەروەردەی نەفس، چونكە ئەگەر نەفس پشتگوێ‌ بخرێت ئەوا تاك و كۆمەڵا و ئوممەت بەرەو نەهامەتی دەڕۆن.

ئەگەر سەیری جیهانی عەرەبی بكەین دەبینین كە خاوەنی سەروەت و وزە و توانایەكی زۆرە كە كەسانی تر نیانە، لە رۆژێكدا توانای بەرهەمهێنانی 35 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، ئەمە سەرەڕای سامانە سروشتیەكانی تر، بەڵام لەگەڵا ئەمەشدا جیهانی عەرەبی نموونەیەكی بەرچاوە بۆ دواكەوتوویی و نەفامی و هەژاری و نەخۆشی، رێژەی هەژاری تیایدا گەیشتۆتە 50%، هەندێك وڵات چوونە ریزی وڵاتە هەژارەكانەوە لەكاتێكدا كە پێشتر تیای نەبوون وەك سوریا و عێراق و یەمەن، ئەو یەمەنەی كە رۆژێك هەبوو قەرزی دەدا بە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، كاتێكیش هەبوو كە والیەكەی عومەر لە یەمەندا كە ئەبو موسای ئەشعەری بوو، سێ‌ یەكی 1/3 زەكاتەكەی یەمەنی دەهێنایەوە بۆ شاری مەككە و مەدینە، بەڵام ئەمڕۆ یەمەن دەناڵێنێت بە دەست هەژاری و نەخۆشی و بەدخۆراكی، بەپێی راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان رێژەی هەژاری لە یەمەندا دەگاتە نزیكەی 90% لەهەمانكاتدا 400 بۆ 500 هەزار كەس هەیە كە تووشی پەتای مەترسی داربوون، هەروەها یەك ملیۆن منداڵا تووشی بەدخۆرامی بوون.

عێراق كە لە سەردەمی هارونە رەشیددا 30 ملیۆن كەس تێیدا نیشتەجێ‌ بوون، رووبارەكانی دیجلە و فوڕات كە لە رێگەی 7 لقەوە بەیەك دەگیشتنەوە بەناوبانگ بوون بۆ سەوزایی و بەرهەمهێنانی زەویە بەپیتەكان، هەتا وای لێهاتبوو كوفە و بەسرە بە (ارض السواد) ناو دەبران واتە لەبەر زۆری دار و دارخورما تیایدا،هەموی بە شێوەی سەوز دەركەوتوە ،كە لە دورەوە بە رەشی بینراوە ، بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا عێراق دادەنرێت بە یەكێك لە هەژارترین و گەندەڵترین وڵاتی دنیا.

كەواتە هۆكارەكە چیە و ناتەواویەكەی دەگەڕێتەوە بۆچی؟

هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەفسەی كە فەرمان بە خراپە دەكات و حەزی لە دەسەڵاتە و كەوتۆتە شوێن ئارەزووەكانی، هەروەها دەسەڵات بەكاردەهێنێت بۆ ئامانجێك كە خۆی دەیەوێت و لە ئاراستەی خزمەتی گشتی لایدەدات.

خوای گەورە ئەوەمان بۆ روون دەكاتەوە كە بەهەشت بە كەسانێك دەدات كە دوو سیفەتیان تێدا بێت، یەكەمیان: ترسان لە خوا، دووەمیان: رێگری كردنی نەفس لە ئارەزوو بازی و بەردەوام بوون تیایدا، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: [وَأَمَّا مَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ وَنَهَى النَّفْسَ عَنِ الْهَوَىٰ]، هەركەسێك بەراستی لەخوا بترسێت و رۆژی دوایی لەبەرچاوبێت كە هیچ سامان و نەوەیەك فریای ناكەوێت و تەنها پێویستی بە دڵی پاكە، كەواتە بەم هۆیەوە هەوڵی ئەوە دەدات بەردەوام نەفسی خۆی پاك بكاتەوە لە غەریزە خراپ و شەڕەنگێزەكان و بەم هۆیشەوە شایەنی ئەوە دەبێت كە خوای گەورە بیخاتە بەهەشتەوە، بەڵام هەركەسێك ئەمە پشتگوێ‌ بخات و هەرچی ویستی ئەوە بكات و لە سەرئەنجامی كردەوەكانی نەترسێت ئەوە شایەنی دۆزەخە.

قورئانی پیرۆز نەفسی مرۆڤی دابەش كردووە بۆ دوو جۆر، یەكەم: نەفسێكی باش و وەرگیراو، دووەم: نەفسێكی سەرشۆڕ، كە خوای گەورە نەفرەتی لێ‌ دەكات.

نەفسی وەرگیراو، دابەش دەبێت بۆ سێ‌ بەش، یەكەم: لە سروشتی مرۆڤدا هەبووە پێش هاتنی شەریعەتەكان، خوای گەورە لە ناخی مرۆڤدا غەریزەی خۆشەویستی و خێر و رق لێ‌ بوونەوەو شەڕ و خراپەی دروست كردووە ئەمە پێی دەڵێن ویژدان، خوای گەورە ناوی ناوە نەفسی لۆمەكەر، ئەمەش یەكەم پلەی نەفسێكی وەرگیراوە لای خوا، وەك دەفەرموێت: [لا أُقْسِمُ بِيَوْمِ الْقِيَامَةِ (1) وَلا أُقْسِمُ بِالنَّفْسِ اللَّوَّامَةِ]، بۆ پەیوەست كردنەوەی سوێند خواردن بە رۆژی دوایی و نەفسی لۆمەكەر، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم نەفسی لۆمەكەرە شتێكی سورشتیە لە ناخی مرۆڤدا، بەڵام هەتا سەر بەردەوام نابێت و بەوشێوەیە نامێنێتەوە ئەگەر پەیوەست نەكرێت بە باوەڕ بە رۆژی دواییەوە، چونكە بەم هۆیەوە ترسی خوا دەچێتە دڵی و درێژەی پێ‌ دەدات.

ترسان لە رۆژی دوایی و ناخۆشیەكانی هەر لە سەرەتای چوونە ناو گۆڕ پێویستمان بە ئیمانێك هەیە كە بمانگەڕێنێتەوەو لەم سزایە بمانپارێزێت.

مەبەست لە نەفسی لۆمەكەر ئەوەیە كە لۆمەی خاوەنەكەی دەكات لە كاتێكدا كە كەمتەرخەمی دەكات لە بەجێهێنانی كاری چاكە یان ئەنجامدانی خراپەیەكدا، لەم رێگەیەوە كە رێگەیەكی سروشتی پاكە وە خاوەن عەقڵێكی بەرزە، دەتوانێت شتەكان هەڵبسەنگێنێت و راستیەكان بدۆزێتەوەو خۆی لە خراپەكان بپارێزێت.

جۆری دووەم: لە نەفسی باش و قبوڵا كراو، نەفسێكی ئارامە ئەمەش تەنها بەیادی خوا بەدەست دێت، ئەم یادی خوایەش تەنها ئەوەیە نیە بە زمان باسی بكەیت واتە دڵت پەیوەست بكەیتەوە بە خواو بۆ چاو تروكانێكیش لێی بێ‌ ئاگا نەبیت، واتە ئەگەر زمانیشت یادی خوا نەكات گرنگ ئەوەیە دڵت زیند و بەئاگا بێت و خوای لەبیر نەچێتەوە، لەكاتێكیشدا كە پلە و كورسی و ئارەزوو هاتە پێشەوە ئەم نزیكیە لە یادی خوا ببێتە بەڵگە بۆ رزگار بوون و لە ترسی خوا دوور بكەوێتەوە لە تاوان و لەناوچوون، بۆ ئەم مەبەستەش پێشەوا یوسف (سەلامی خوای لەسەر بێت) بكەینە پێشەنگ لەكاتێكدا كە هەموو شتەكان ئامادەبوون بۆی لە ئارەزووەكانی دنیا و پلە و دەسەڵات، بەڵام ئەو وتی [ مَعَاذَ اللَّهِ ۖ إِنَّهُ رَبِّي أَحْسَنَ مَثْوَايَ].

ئەگەر نەفسی مرۆڤ لەم حاڵەتی ئارامیەدا بمێنێتەوە، دەگۆڕێت بۆ نەفسێكی رازی بەرامبەر بە خوا، كە ئەمەش گەورەترین پلەیە كە باوەڕدار دەیگاتێ‌ و پێی دەوترێت پلەی رەزامەندی و دڵخۆشی و سوپاس گوزاری لەسەر بەڵاكان، چونكە مرۆڤ لە نێوان سێ‌ پلەدایە، یەكەم سوپاس كردن لەسەر نیعمەتەكان، دووەم ئارام گرتن لەسەر ناخۆشیەكان، سێیەم سوپاس كردن لەسەر رووداو و بەڵا ناخۆشەكان، كە تیایدا بیر لە پاداشتەكەی دەكاتەوە نەك ناخۆشیەكانی، هەروەك لە (عوروەی كوڕی زوبێر) دا روویدا، قاچێكی بەهۆی نەخۆشیەوە بڕدرایەوە، لەسەر ئەمە كڕنوشی بۆ خوا برد و سوپاسی كرد، پزیشكەكەی پێی ووت: “ئەمە شوێنی سوپاس كردن نیە بەڵكو ئەمە شوێنی ئارامگرتنە” بەڵام عوروە وتی “ئەمە شوێنی سوپاس كردنە خوای گەورە 60 ساڵا ئەم قاچەی بە من دا بەڵام ئەمڕۆ لێم وەردەگرێتەوەو تەنها قاچێكم بۆ دەهێڵێتەوە. ئایا لەسەر ئەمە سوپاسی نەكەم؟” لەكاتێكدا كە نەفسی ئارام دەگەڕێتەوە بۆلای خوا لەگەڵا دەستگرتن بە هۆكارەكانەوە رازی دەبێت بەوەی كە خوا پێی داوەو لە بەرامبەردا خواش لە ئەو رازی دەبێت بەم هۆیەوە خاوەنەكەی دەچێتە پلە باڵاكانی بەهەشت و لەگەڵا پێغەمبەران و راستگۆیان و شەهیدان و پیاو چاكاندا دەبێت و ئەوانەش باشترین هاوەڵن كە لەگەڵیاندا بیت.

هەنگاوی یەكەم بۆئەوەی بكەوینە سەر رێگەیەكی راست كە بمانگەیەنێت بە خوای گەورە ئەوەیە كە خاوەنی نەفسێكی لۆمەكەر بین، سەرزەنشتمان بكات لەسەر كەمتەرخەمی لە كاری خێردا و لەسەر ئەنجامدانی تاوان و رۆچوون لە ئارەزووبازی و كردنی كاری خراپەدا، چونكە ئەگەر باوەڕدار خاوەنی ئەم نەفسە نەبێت ئەوا نابێتە خاوەنی باوەڕێكی كاریگەر، حەسەنی بەسری دەڵێت “باوەڕدار بە بەردەوامی لۆمەی نەفسی خۆی دەكات ،بەڵام بێ‌ باوەڕ و دووڕوو بەردەوام نەفسیان فەرامۆش دەكەن”.

ئەگەر مرۆڤ نەفسی لۆمەكەر لەدەست بدات ئەوا نەفسی فەرمان بە خراپە جێگەی دەگرێتەوە، كە ئەمەش جۆری دووەمە و لای خوا وەرگیراو نیە .