یەکێک لە پێوەرەکانی حیزب لە دنیای ھاوچەرخ و مۆدێرنێتەی دیموکراسی بریتییە لە ھاوسەنگی و ڕاگرتنی باڵانس، ھاوسەنگی جگە لە بەخشینی فیکرو جیھانبینی، ستراتیج و ڕوئیاو دوربینیت بۆ مسۆگەر دەکات، رەوت و سێبەرت خۆش دەکات و ناھێڵێ بکەویت و دەستت بلەرزێت، ھاوسەنگی بێ ھەڵوێستی نییە بگرە ئەگەر وەک خۆی بیخەیتەجێ ئەوا ھەوێن و ھەڵوێستە، ھەمانکات خۆراک و ڤیتامینە بۆ پێست و دەموچاوی حیزب، خوێنە بۆ کایەو شانە تەنزیمییەکان و لە قڵیشان و زبری و ھەوکردن دەیپارێزێت، یانی ئەگەر ھاوسەنگیت لەدەستدا ئەوا تۆ حیزبێکی نەخۆش و لاسەنگ و بێسەنگیت و پێویستە بچیت خۆت چارە بکەیت، ھاوسەنگی بۆ حیزبێکی میانەڕەوی وەک یەکگرتوی ئیسلامی ئاوو خۆراک و ھەوایەو ئەوەندە بەھاو گرنگی ھەیە کە ناکرێت نادیدە بگیرێت، بۆ کەشی سیاسی کوردستان لێدانی سەوڵە بە ھێمنی بە ھەردوو دیوی بەلەمێکی چارۆکەداری سەر شەپۆلێکی سەرکێش و ناو گەرویەکی تەنگەلاندا، یەکگرتوو ئێستا ئۆپۆزسیۆن و حیزبێکی ھاوسەنگە، بەرپرسیاری دۆسیەی قورس نییە، لەماڵی خۆیەتی، دەتوانێ باشتر گەمە بکات، جوانتر سەوڵ بجوڵێنێت، وردتر ئاراستەی شەپۆل دیاری بکات، بەڵام جاران شالیارو ئەرستۆکرات بوو، حوکمرانێکی لاسەنگ و بێ لەنگەر بوو، ناوی زل و دێی وێران بوو، ئاخر بەراستی وەزارەت و تەندەرو مەحسوبیەت بۆ سەرشانی یەکگرتوو خراپ شکایەوەو شانی بەتەواوی تۆزاویی کرد، ئێستا شان ئیسراحەت و ھەڵوێست ھاوسەنگ و کاریش ئاسان، #یەکگرتوو، بیەوێت بڕوات بۆ کەناری ئارامی و دەستخستنەوەی متمانەو دەنگەکانی جاران ئەبێت بەم شێوەیە رەوت بکات و بەرانبەرەکانی بتەزێنێت بە سۆفت پاوەری خۆی، تا ھەنگاوی دروست بنێت و فشارو منەت و پۆزی کەسی لەسەر نەبێت و خۆی فشار بێت بۆ سەر ئەوانی تر، ئەمە ئیتر مۆدێلێکی تری سیاسەتکردنەو یەکگرتوو با بچوکیش بێت پێویستە وەک گرام رێزی خۆی بگرێ تاوەکو کیلۆکان پێویستیان پێی بێت بۆ ھاوسەنگکردن و ھاوتاکردنی کەیس و دۆسیەو ھاوکێشە سیاسیەکان.