سیاسەتی بەرێوەبردنی كێشەكان

 ئەڵێن پیاوێك ئەڕواتە لای جەحا و پێی دەڵێت:

من لەگەڵ خێزانم و دایكم و شەش مناڵ لە یەك بینادا دەژین چی بكەم بۆ ئەوەی ژیانم چاكتر بێت و لەو حاڵە رزگارم بێت؟

جەحا پێی وت:
گوێدرێژێك بكڕە و لەگەڵیدا لە یەك ژوردا بەیەكەوە بژین و دوای دوو رۆژ وەرەوە بۆ لام .

پیاوەكە دوای دوو ڕۆژ هاتەوە و وتی: جەحا حاڵم زۆر خراپتر بووە .
جەحا وتی: بڕۆ بەرخێك بكڕە و بۆ دوو ڕۆژ لە ژوردا بەیەكەوە بن و وەرەوە بۆ لام .

پیاوەكە دوای دوو ڕۆژ هاتەوە و وتی:
ئەی جەحا حاڵم زۆر خرابتر بووە .

جەحا وتی: بڕۆ مریشكێك بكڕە و دوو ڕۆژ لە یەك ژوردا بەیەكەوە بن و وەرەوە بۆ لام .

پیاوەكە دوای دوو ڕۆژ هاتەوە وتی: بیرم كردەوە خۆم بكوژم .
جەحا پێی وت:

بڕۆ بۆ بازار و كەرەكە و بفرۆشە و دوای دوو ڕۆژ وەرەوە بۆ لام .
پیاوەكە كەرەكەی فرۆشت و دوای دوو ڕۆژ هاتەوە و وتی بە جەحا: حاڵم كەمێك باش بووە .
جەحا وتی: بڕۆ بۆ بازار ِ و بەرخەكە و بفرۆشە و دوای دوو رۆژ وەرەوە بۆ لام .

پیاوەكە دوای دوو ڕۆژ هاتەوە و وتی: حاڵم باشتر بووە
جەحا وتی: بڕۆ بۆ بازار مریشكەكە بفرۆشە و دوای دوو ڕۆژ وەرەوە بۆ لام .

پیاوەكە دوای دوو ڕۆژ هاتەوە و وتی: حاڵم زۆر باشتر بووە
هەموو كێشەكانی جیهان بەو شێوەیە پینە دەكرێن بەتایبەتی كێشەكانی هەرێمی كوردستان ، لە كوێ كێشەیەكی تازە دروست دەبێت ڕێك دواتر لیژنەیەكی لەسەر دروست دەبێت بۆ ئەوەی كێشە سەرەكیەكە لەبیر بكرێت .

تا ئێستاش، تا ئەم كاتژمێرە بیردۆزەكەی جەحا جێبەجێ دەكرێت ، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی شۆڕشیان تێدا ئەنجام درا ، گەلان لە  سەردەستی دكتاتۆرەكان ئازاری زۆریان چەشتووە بەتایبەتی لە دوای كوشتن و كۆچكردن و لە پێناو نانێك وەكو لە سوریا و وڵاتانی تر خەونیان دەبینی بەڵام دواتر لەناو بران .

 

 

سەلام بێستانسوری