ئایا زانین وزانیاری ژیانێكی خۆشحاڵترمان پێ ده‌به‌خشێت ؟

به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌كانی زانست وزانیاریدا پرسێكی خوازراوو ویستراو بووه‌ ، هه‌ندێ جار بۆ خودی خۆی داواكراوه‌ وه‌كـ لای فه‌یله‌فسوفه‌كان باوه‌ ، ئه‌ویتری بۆ وه‌ده‌ستهێنانی بڕیكـ له‌داهاته‌ بۆ خودی مرۆڤه‌كان وه‌كـ زانایان ئه‌ڵێن ، لێره‌وه‌ كۆششكردن به‌ دوای وه‌ده‌ستهێنانی زانیاریه‌كان به‌لای كلتوره‌ جێاوازه‌كانه‌وه‌ باش و ستایشكراوبووه‌ كه‌ له‌پێناویدا زه‌حمه‌ت وسه‌ختی جه‌سته‌یی و داهاتی مادی زۆریان به‌خه‌رجداوه‌ ، ته‌نانه‌ت به‌لای ئاینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ مردن له‌پێناو گه‌ڕان به‌دوای زانیاریدا پله‌ی شه‌هیدی وه‌رده‌گرێت ، كه‌واته‌ تێڕوانینی مرۆڤه‌كان بۆ زانیاری ئه‌رێنی بووه‌ ، گوایه‌ له‌په‌نایدا مرۆڤه‌كان ژیانێكی ئاسانترو باشتر ده‌گوزه‌رێنێت ، له‌وێشه‌وه‌ بۆ زیاتری خۆشحاڵی و ئاسوده‌یی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا ، وه‌لێ پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ئایا هه‌موو كات گه‌یشتن به‌زانیاری له‌بابه‌تێكی دیاریكراودا ده‌بێته‌ مایه‌ی خۆشحاڵی و ئاسوده‌ییمان !؟ هه‌موومان ئه‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ باش ده‌زانین كه‌ ده‌فه‌رموێت :

ياأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَسْأَلُوا عَنْ أَشْيَاءَ إِن تُبْدَ لَكُمْ تَسُؤْكُمْ وَإِن تَسْأَلُوا عَنْهَا حِينَ يُنَزَّلُ الْقُرْآنُ تُبْدَ لَكُمْ عَفَا اللَّهُ عَنْهَا ۗ وَاللَّهُ غَفُورٌ حَلِيمٌ" سوره‌تی المائدة

واته‌ : ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه پرسیار مه‌که‌ن له هه‌ندێک شت ، که ئه‌گه‌ر ئاشکرا بکرێت بۆتان سه‌غڵه‌تتان ده‌کات ، خۆ ئه‌گه‌ر پرسیار بکه‌ن ده‌رباره‌یان له‌کاتی دابه‌زاندنی قورئاندا ئه‌وه بۆتان ئاشکرا ده‌کرێت ، خوا چاوپۆشی لێ کردوون و (باسی نه‌کردوون) خواش لێخۆشبوو و به‌حیلم و حه‌وسه‌ڵه‌یه‌. ..

له ڕاڤه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ له‌ ‌ته‌فسیری ئین كثیر دا هاتووه‌ : ئه‌م ئایه‌ته‌ بۆ ته‌مبێكردنی ئیماندارانه‌ ، خوای گه‌وره‌ داوا ده‌كات پرسیار له‌شتگه‌لێكـ مه‌كه‌ن كه‌ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی له‌ قازانجتاندا نیه‌ ، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتن وئاشكرابوونی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ به‌دوایه‌وه‌ن ڕه‌نگه‌ ببیته هۆی ناڕه‌حه‌تی و سه‌غڵه‌تتان بكات .

هه‌ر بۆیه‌ هه‌ندێ جار وا باشتره‌ بێ ئاگابین ، به‌نمونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژو به‌رواری مردنت بزانی ! هه‌رگیز توانای ئه‌وه‌ت نه‌ده‌بوو یه‌كـ ڕۆژ بژیت كاتێ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ وه‌كـ مۆته‌كه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌مێشكدا بخولێته‌وه‌ ، خۆ ئه‌مه‌ بۆ خوای گه‌وره‌ ئاسان ده‌بوو‌ كه‌ به‌جۆرێكـ له‌جۆره‌كان مرۆڤه‌كان تێ بگه‌یه‌نێ كه‌چه‌نده‌ له‌ژیاندا ده‌ژیت و ته‌مه‌نی ڕاسته‌قینه‌ت چه‌ند ساڵ و ئه‌وه‌نده‌ ئه‌بێ ، وه‌لێ دڵنیابوون له‌زانیاریه‌كی له‌مجۆره‌ بوون ومانای بۆ ژیان نه‌ده‌هێشته‌وه‌و ئارامی ده‌روونی هه‌ڵده‌گرت ، هه‌ر بۆیه‌ به‌نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها بیربكه‌وه‌ تۆ ئاگاداری به‌وه‌ی كه‌ له‌داهاتوودا دووچاری نه‌خۆشیه‌كـ ده‌بی ، چونكه‌ زۆرێكـ له‌نه‌خۆشیه‌كان پێش پشكنین به‌چه‌ندین ساڵ گۆڕانكاری له‌جه‌سته‌ی مرۆڤدا ده‌كه‌ن ، دیاره‌ لێره‌ ئه‌و نه‌خۆشیانه‌م مه‌به‌سته‌ كه به‌نه‌خۆشیه‌كانی ‌‌درێژ خایه‌ن ئه‌ناسرێنه‌وه‌ وئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی نیه‌ ! وه‌كـ نه‌خۆشی له‌بیرچوونه‌وه‌ ( ئیزهایمه‌ر ) به‌چه‌ندین ساڵ پێش ‌ئاشكرابوون وده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی ورده‌ ورده‌ له‌مێشكی تووشبواندا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات ، له‌كاتیكدا ئه‌وان له‌ژیانێكی ئاسایی و ته‌واودا ده‌ژین ڕه‌نگه‌ خۆشحالیش بن ، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌وه‌بن كه‌ له‌كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌ندا دووچاری نه‌خۆشی درێژ خایه‌نی له‌بیرچوونه‌وه‌ ده‌بن ! له‌بیرهێنانه‌وه‌ی كاریگه‌ری زانین و ئاگاداربوونی پێشوه‌خته‌ی‌ مرۆڤ به‌نه‌خۆشیه‌كه‌ی ، بیرمه‌ كه‌سێكـ هاتبوو كه‌ له‌ قوڕگه‌وه‌ به‌نازور پشكنینی بۆ بكه‌ن گوایه‌ چه‌ند ساڵیكه‌ هه‌ست به‌گرفتی هه‌رسكردن وئازاری ناوسكـ ده‌كات ، پاش پشكنین ده‌ركه‌وت برینێكی بچووكی هه‌یه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابن له‌جۆری نه‌خۆشیه‌كه‌ی سامپڵێكیان لێ وه‌رگرت ، دواتر بڕیاربوو بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و دوای چه‌ند رۆژێكیتر بۆ وه‌رگرتنی ئه‌نجامی پشكنینه‌كه‌ی سه‌ردانی دكتۆر بكاته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ی سامپڵه‌كه‌یان لێ وه‌رگرتبوو به‌ده‌ر له‌پێشبینیه‌كانی دكتۆره‌كان خوێنێكی زیاتر لێ ڕۆیشت ، هه‌ر بۆیه‌ بڕیاریاندا بۆ ماوه‌ی ڕۆژێكـ یان زیاتر له‌خه‌سته‌خانه‌ بمێنێته‌وه‌ هه‌تا له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری بكه‌ن ، بۆ ڕۆژی دواتر نه‌خۆشه‌كه‌ له‌حاڵه‌تێكی باشی ته‌ندروستی وئاساییدا بوو ، وه‌لێ پێش ده‌رچوونی به‌چه‌ند سه‌عاتێكـ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رچوو كه‌ تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بووه‌ ، منیش بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێكـ له‌ترس و تۆقاندنی ئه‌م هه‌واڵه‌ كه‌م بكه‌مه‌وه‌ وسوكتر له‌سه‌ری بكه‌وێ ، به‌هه‌موو وریاییه‌كه‌وه‌ نه‌خۆشه‌كه‌م تێگه‌یاند ، كه‌چی بۆ سه‌رله‌به‌یانی رۆژه‌كه‌ی تر نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ وه‌ستانی له‌ناكاوی دڵ كۆچی دواییكرد ! هه‌روه‌ها ڕۆژێكیان كه‌سێكم بینی داوای ژماره‌ ته‌له‌فۆنێكی لێكردم و دواتریش وتی به‌ڵكو بیخه‌مه‌ سه‌ر مۆبایله‌كه‌ی و په‌یوه‌ندیه‌كه‌شی بۆ وه‌رگرم چونكه‌ ئه‌و نه‌خوێنه‌واره‌و خوێندنه‌وه‌و نووسن نازانێ ! جا‌ سه‌یر له‌وه‌دابوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سكم پێی ده‌سووتا و جێیی به‌زه‌یی بوو له‌ولاشه‌وه‌ ئێره‌ییم پێده‌برد كه‌ ئێستا چه‌نده‌ مێشكـ و ده‌روونی ئاسووده‌یه‌ ، چونكه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و بیركردنه‌وه‌و بگره‌و به‌رده‌ی ناو كتێبه‌كان به‌دووره‌ كه‌ منی سه‌رقاڵكردوه‌ ، ڕه‌نگه‌ ئێستا بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی هێشتا هاوشێوه‌ی بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی مناڵی بێ ، ڕه‌نگه‌ وابێ ! ڕه‌نگه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ ئاستێكی بیركردنه‌وه‌ی باشتر بێ ، وه‌لێ ئه‌وه‌ی بۆ من ڕوونبوویه‌وه‌ كه‌ من به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ به‌هۆی زانیاریه‌وه‌ خه‌مێكی زۆرم له‌ناخه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌ ! ئایا هه‌ر به‌ڕاست پێویسته‌ ئێمه‌ بزانین ؟

وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه‌ ، چونكه‌ لقێكی ته‌واو له‌ فه‌لسه‌فه‌دا هه‌یه‌ پێ ده‌ڵێن بیردۆزه‌كانی زانیاری (الإبستومولوجيا) بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌م زانیاریانه‌ گه‌یشته‌ پایان ئایا ئه‌مه‌ هه‌موویه‌تی و دووره‌ له‌كه‌مووكورتی ؟ سوقراط ئه‌ڵێ ( هیچ شتێكـ نازانم جگه‌ له‌یه‌كـ شت نه‌بێ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ من هیچ نازانم ) !!

له‌ڕاستیدا حه‌زو هۆگری پاكی مناڵیمانه‌ كه‌ پاڵمان پێوه‌ ده‌نێت گومانی ئه‌وه‌ببه‌ین كه زانینی هه‌موو شتێكـ له‌هه‌موو ڕوویه‌كیه‌وه‌ نمونه‌یه‌كی‌ به‌رزه‌ و پێویسته‌ وابێ ، وه‌لێ ژیان زۆر له‌ئاڵۆزتره‌ كه‌ ئێمه‌ گومانمان ده‌برد ، چونكه‌ شته‌كان تیایدا ڕاسته‌وخۆ و بڕاوه‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نیه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ جار جار واده‌خوازێت خۆمان فریوو بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی سه‌ختیه‌كانی ژیان بگرین ، بۆ مرۆڤ وا پێویسته‌ له‌ژیاندا به‌شێكی باش له‌پرسیاری كراوه‌و ئاڵۆز بهێڵێته‌وه‌ ، ئه‌بێ پانتاییه‌كی باش له‌ هه‌ستكردن به‌ئارامی بمێنێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ بمانپارێزێت له‌زۆرێكـ له‌ دڵه‌ڕاوكێی و بیركردنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی و ئه‌گه‌رو گریمانه‌كانی داهاتوو ، هه‌ندێ شت وا ده‌خوازێ به‌ لێڵی و ته‌ڵخی بمێنێته‌وه‌ وه‌كـ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ژیاندا بێ لایه‌ن و دووره‌ په‌رێزین ، ئه‌مه‌ش ڕیگایه‌كی خۆكرده‌ بۆ بێهۆشكردنی وشیاریمان ، ئه‌بێ زۆر خۆشحاڵ و هه‌میش زۆر ئاسوده‌ نه‌بین به‌هه‌ر شتێكـ ڕووده‌دات ، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ین به‌ژیانێكی باشتر وته‌واو پێویسته‌ به‌شێكـ له‌ململانێ وخواست وئاره‌زووه‌كانمان خه‌فه‌ بكه‌ین ، له‌وانه‌ش خۆشه‌ویست و هۆگری به‌رده‌وام وبێ سنوورمان بۆ پرسیاركردن ، به‌دلنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ بانگه‌شه‌ی پشتكردن نیه‌ له‌ زانست و زانیاری ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی شته‌كان تۆزێ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ماندا ئاسان بكه‌وێ ، له‌ویشه‌وه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی پانتاییه‌كی بچوووكـ تیایدا به‌هێمنی ئۆقره‌ بگرین ! : ...

ئه‌م وتاره‌ به‌ده‌ستكاریه‌وه‌ وه‌رمگێڕاوه‌ له‌وتارێكی ( محمد قسایمه‌ ) له‌ژێر ناوی : هل تمنحنا المعرفة حیاة أكثر سعادة ؟ له‌پێگه‌ی الجزیرة بڵاوكراوه‌ته‌وه‌