چوار قسەی کورتە لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ

قسەی یەکەم:
وڵاتی تورکیا بە درێژایی مێژوو و بە ورد تر پاش کودەتای ساڵی ۱۹٦۰ و چوونە نێو سیستەمی فرە پارتی سیاسی ناسراوە و دیارە بە هەڵبژاردنی شەفاف و پاک و دادوەرانە هەر ئەوەش یەکێکە لەو شانازیانەی کە جێی دڵخۆشی گەلانی تورکیا بووە بەردەوام. لەگەڵ ئەمەش دا و لە دەرئەنجامدا تاکە وڵاتی ناوچەکەیە کە لەڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە توانیبێتی دەستاودەستی دەسەڵات ئەنجام بدات . بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای داخە ئاک پارتی دوای ساڵانێکی زۆری دەسەڵات و پاش شکستەکەی لە کۆتا هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستی بۆ ئەم سەروەرییە مێژووییە برد و باش یان خراپ ، ڕاست یان هەڵە کۆمیسیۆن و کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خستە ژێر گومان و بووە مایەی دروست کردنی دڵەڕاوکێ لای دەنگدەرانی تەواوی تورکیا.

قسەی دووەم:
لە خاڵی سەرەوەا ئاماژەمان پێدا کەوا باش یان خراپ سەرەڕای مێژوویەکی پاک و جوان کۆمسیۆن لەلایەن پارتی دەسەڵاتەوە خرایە جێی گومان .. دووبارە بەڵام، دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کەوا پاش زیاتر لە ۱۷ ساڵ لە بردنەوەی پایتەختی تورکیا شاری ئەنقەرە و شارگەلێکی تری وەک ئەنتاڵیا و مێرسین و ئەدەنە لە ژێر چاودێری هەمان کۆمسیۆندا پارتی دەسەڵات لە کۆتا هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێت ودۆڕانەکەشی قەبوڵ دەکات، لەگەڵ ئەمەشدا زۆر بە گەرمی بە جددی پارتی ئۆپۆزیسیۆن دەست خۆشیان لە بەڕێوە بردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان کردوە.. هەر بۆیە ڕوانینمان لە تەواوی گۆشەنیگاکانەوە هاوکارمان دەبێت بۆ زیاتر وڕونتر تێگەیشتن لە واقیعی سیاسی ئەمڕۆی تورکیا.

قسەی سێیەم:
ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ کاندیدی جەهەپە بۆ شارەوانی ئەستەنبوڵ زۆر بە شێوازێکی دیار و ئاشکرا لایداوە لە خەتی سیاسەتی چەپی جەهەپە و وەک سیاسیەکی ئیسلامی پڕوپاگەندەکانی بەڕێوە دەبات. بە کار هێنانی دین و هەستی ئاینی موحافزکارانی ئەستەنبوڵ لەلایەن ئیمام ئۆغلووە وە بۆ بەدەست هێنانی دەنگەکانیان زۆر زەقتر دەردەکەوێت تا لە وتاری بنعەلی یڵدرمی کاندیدی ئاک پارتی ، بە ڕادەیەک لە یەکێک لە دیدارەکانی بنعەلی دا داوا دەکات ئەوەندە لاسایی سیاسەت و پڕوپاگەندەکانی لەلایەن ئیمامئۆغلووە وە نەکرێتەوە. هەر بۆیەشە ئەم گۆڕانکاریە لە هەڵوێستی ئیمام ئۆغلودا نازانرێت دەبێت هۆی ڕاکێشانی دەنگی موحافزکاران یاخود توڕەکردنی شەقامی چەپی ئەستەنبوڵ؟

قسەی چوارەم:
دووبارە وادەردەکەوێت گۆڵی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ بە شوتی کوردانی ئەو شارە بێت. هەمیشە ڕۆڵی کوردەکان وەک لەمەو بەر بووە لەم هەڵبژاردنانەشدا کاریگەری و قورسایی تایبەتی خۆیان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێشبینی کردنی دەنگی کوردان ئاسان نابێت .. چۆن ؟
گەر بڕوانینە درێژایی مێژووی بوونی ئاک پارتی و بە تایبەتی تر گوتاری سیاسی ئەردۆغا نەبینراوە هێندەی ئەم کۆتا هەڵبژاردنانەی شارەوانیەکانی تورکیا ڕەقی و زبری بەرانبەر بە کوردەکان بەکار بهێنرێت بەڵام لە دەر ئەنجامدا و سەرەڕای ئەو گوتارگەلە ئازاردەرانەش پارتی دەسەڵات توانی دەنگی قەڵای کوردانی باکور لە شرناخ و ئاگری و چەند شوێنێکی تر بباتەوە کە بەڕاستی پێشبینی نەکراو بوو هەر لەگەڵ ئەمەش دا دیارە و نکۆلی لێناکرێت کەوا کوردانی شاری ئەنقەرە تاکە بەربەست بوون لە بەردەم سەرکەوتنەکانی ئاک پارتی لە پایتەخت .
هەر لەم ڕوانگەیەوە لە پڕوپاگەندەکانی هەردوولادا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ بە ئاسانی نەرمی سیاسەتی هەردووا بەرامبەر کوردان هەستی پێدەکرێت و باوەشی هەردوولا واڵایە بۆ دەنگی کوردان.

بەڵام ئایا کوردان جەخت لە بڕیارەکەی شرناخیان دەکەنەوە یاخود سورن لەسەر هەڵوێستەکەی ئەنقەرەیان .. ؟