گۆڕان له‌نێوان دوو ڕێكه‌وتندا


1- ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌و كات به‌شێكـ له‌شكستی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ ڕێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی وپارتی گه‌ڕابێته‌وه‌‌ ، ده‌ی خۆ بۆ ئێستاش هه‌ر ڕاسته‌و گرفتی حه‌قیقی له‌نێوان ئه‌م سێ هێزه‌ له‌وه‌دایه‌ ، له‌لایه‌كـ دژو ناكۆكـ و له‌ولاشه‌وه‌ پێكه‌وه‌و دووبه‌دوو ڕێكه‌وتن و په‌یماننامه‌ی هاوبه‌ش ولێكگه‌یشتنی دووقۆڵی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بۆ هه‌ر یه‌كـ له‌و هێزانه‌ خاڵ و به‌نده‌كانی ڕێكه‌وتنه‌كان به‌جۆرێكـ جێبه‌جێ بكات بتوانێ دوو هێزه‌كه‌ی تر قایل بكات كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌یه‌و پێچه‌وانه‌ نابێته‌وه‌ !
:
2- ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ڕیكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان گۆڕان ویه‌كێتی بۆ به‌شێكـ له‌ خاڵ وبه‌نده‌كانی بووبێ ، گوایه‌ به‌لای یه‌كێتیه‌كانه‌وه‌ زۆر ناواقیعی ودوور له‌ چاوه‌ڕوانیه‌كانی ئه‌و حزبه‌‌ بووه‌ ! ئه‌وا بۆ ئێستای ڕیكه‌وتنی نێوان گۆڕان وپارتی هه‌مان لێڵی و ناڕوونی بوونی هه‌یه‌ ، لێره‌وه‌ چه‌نده‌ پێشتر گۆڕان متمانه‌ی به‌یه‌كێتی هه‌بووه‌ ڕیكه‌وتنه‌كه‌ وه‌كـ خۆی جێبه‌جێ ناكا ، له‌وه‌ كه‌متر متمانه‌ی به‌‌پارتی ومامه‌ڵه‌ی پارتیه‌كانه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی ڕیكه‌وتنه‌كه‌ ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ڤه‌ری سه‌وز بۆ گۆڕان یارمه‌تیده‌ر بووبێ له‌سه‌پاندنی به‌شێكـ له‌داواكاریه‌كانی گۆڕان به‌سه‌ر یه‌كێتیدا ، ئه‌وا بۆ ده‌ڤه‌ری زه‌رد و باڵا ده‌ستی پارتی له‌بادینان ئه‌و فشارو نازه‌ی نیه‌ ! واته‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌كـ بۆ به‌عه‌مه‌لیكردنی ڕیكه‌وتنه‌كه‌ وه‌كـ خۆی له‌ ئاسۆدا به‌دی ناكرێ !
:
3- ئه‌گه‌ر ڕیكه‌وتنی پێشتری نێوان گۆڕان ویه‌كێتی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی باڵانسی هێز بووبێ له‌كوردستان دژ به‌پارتی وهه‌ژموونی پارتیه‌كان له‌ كوردستان به‌گشتی وده‌ڤه‌ری سه‌وز به‌تایبه‌تی ! ئه‌ی ڕێكه‌وتنی ئێستای گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی چ ئامانجێكی به‌دواوه‌یه‌ ؟ خۆ ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆ له‌خۆگرتن و ڕامهێنانی گۆڕان بووبێ له‌ده‌ڤه‌ری سه‌وز ؟ ئه‌ی چ پاڵنه‌ر و ئامانجێكـ له‌پشت ڕازیبوونی پارتیه‌ بۆ ڕیكه‌وتن وسازشكردنی پارتی‌ به‌رانبه‌ر به‌ گۆڕان ؟! ئاخۆ به‌ڕیكه‌وتن ونزیكبوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌یه‌كێتی نه‌یتوانیبێ خواست و به‌ڵینه‌كانی به‌دیبێنێ ئایا به‌ڕیكه‌وتن ونزیكبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ‌ پارتی چه‌نده‌ ئاسان و له‌باره‌ بۆ گۆڕان له‌ده‌ڤه‌ری سه‌وز بتوانێ جه‌ماوه‌رو ده‌نگده‌رانی ڕازی بكات كه‌ ئه‌وه‌ی له‌پێناویدا باجیداوه‌ دێته‌به‌رهه‌م !؟
:
4- ئه‌گه‌ر ڕێكه‌وتنی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ چه‌سپاندنی یاسا وسیستمی په‌رله‌مانی بووبێ له‌كوردستان به‌هێزی یاسا ، وه‌كـ ئاماژه‌یه‌كـ به‌وته‌ی ڕێكخه‌ری پێشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌وشیروان موسته‌فا كه‌ له‌سه‌رو به‌نده‌ی واژۆكردنی ڕیكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ڕایگه‌یاندبوو ؟ ئاخۆ به‌پارسه‌نگـ بوونی ئێستای گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی وبه‌ڕێكردن وپشتگیركردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ خواسته‌كانی پارتی وبه‌یاساییكردنی داواكاریه‌كانی پارتی له‌ ناو حكومه‌ت وپه‌رله‌ماندا چی ده‌گه‌یه‌نێ و به‌ره‌و كوێمان ده‌بات !؟
:
5- ئه‌گه‌ر كاتی خۆی گۆڕان له‌به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی باڵێكی ده‌ست ڕۆیشتووی ناو یه‌كێتی و تۆمه‌تباركردنی ئه‌و باڵه‌ به‌گه‌نده‌ڵ و درۆ ودراو و نزیكیان له‌ ماڵباتی بارزانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ڕاگه‌یاند وله‌یه‌كێتی جێابوویه‌وه‌ ! دواترو پاش حه‌وت ساڵ له‌دامه‌زراندن وجارێكیتر گه‌ڕانه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ناو یه‌كێتی و واژۆكردنی ڕێكه‌وتنێكـ له‌ گه‌ڵ هه‌مان باڵ وده‌سته‌ ! بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، له‌وێشه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان كادری باڵای لێهه‌ڵوه‌ری وپه‌یوه‌ندیان به‌پارتیه‌وه‌ كرد ! ئاخۆ بۆ ڕێكه‌وتنی ئێستای گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی و ته‌سلیمی ئه‌م حزبه‌ به ته‌واوی ‌ویست وئامانجه‌كانی پارتی چ وه‌ڵامێكی لایه‌ بۆ جه‌ماوه‌ری كوردستان به‌گشتی و لایه‌نگر و ده‌نگده‌رانی به‌تایبه‌تی !؟