سپێدەی ئاسمان و ئاسمانی سپێدە

سپێدە واتا بەرە بەیان و سەبای ساڵحان،واتا تیشكی خۆر و رووناكی دوای شەوی تەنگ و تاریك، سپێدە واتا موژدانەی رۆژێكی نوێ‌.
لە ساتەوەختی هەڵكردنی دەهەمین مۆمی تەمەنی كەناڵی (سپێدە)ین،پیرۆزە لە تەواوی هەموو ئەو كەسانەی رۆژێك لە رۆژان كاریان تیاكردوە و ئەوانەش كە تا ئێستا بەردەوامن، پیرۆزە لە ستافی ئیداری و سەرجەم كارمەندان و بەڕێوەربەری گشتی و دامەزراوەی راگەیاندن و هونەر.
لەماوەی (10)ساڵی تەمەنیدا كەناڵی سپێدە دەستی پڕ بووە لە بەخشین،بەخشین بە هەردوو جۆری ماددی و مەعنەوی، سپێدە كەنالێكە جیاواز لەوانی تر و هاوشێوە و هاو جۆری كەمە، لە سپێدە ئیش لەسەر وێنە گەورەكەی دنیا و ئەو دیوی دنیا ئەكرێت، لە سوچێكی بەرتەسكەوە سەیر ژیان ناكرێت.بۆیە كارمەندانی كەناڵەكە بەكەم ترین مووچە زۆرترین ئەرك جێبەجێ‌ ئەكەن و، شانی مەردایەتیان داوەتە بەر كاری رۆژانە و بێ‌ ماندوبوون كارئەكەن.
پەیوەندی سپێدە بە ئاسمانەوە پەیوەندیەكی قوڵە،جارێك وەك ناو، جارێكیش وەك ناوەڕۆك،وەك ناو سپێدە بە مانای رووناك بوونی ئاسۆی ئاسمانە،وەك ناوەڕۆكیش سپێدە بۆ گەیاندنی پەیامی ئاسمانە،بۆیە ئەتوانین بڵێن تەواوی بابەت و بڕگە و بەرنامەكانی سپێدە لە چوارچێوەی رێنماییەكانی ئاسمانە.
سپێدە هەردەم هەوڵیداوە رۆڵی خێر بگێڕێ‌ لەنێو كۆمەڵگەدا، سپێدە دەنگ و رەنگێكی رەسەنە و، لە رۆژە سەختەكان و سەردەمی تاڵ و تاریكی یەكتر كوژی،هەرگێز سپێدە بۆ تەنیا جاریكیش هانی توندوتیژی و، وێرانكای نەداوە،لە هەموو دۆخەكان ئەگەر باشی نەوتبێت ئەوە خراپیشی نەوتوە، سپێدە گەرەكیەتی ببێتە بڵند گۆی بەها جوانەكانی ئاسمان و بە رەنگی ئاڵ و واڵ زەوی بنەخشێنێ‌.
بۆیە سپێدە كەناڵی هەمووانە و خێزانەكان لەبەردەم شاشەی سپێدە ترسیان نییە و خاتر جەمبن، سپێدە كەناڵی زارۆك ومناڵێكە تا دانعەمرێكی ریش سپیی و پیرێكی رێزدار.
بەرنامەكانی سپێدە تەنها لۆ مەجموعە كەسەكی نییە،وەلێ‌ بۆ هەموانە و هی هەموانە،لە زاخۆی دەلال و هەولێری پیرە قەراتەوە، تا شاری شاران و پایتەختەكەی بابان و، دەڤەری راپەڕین و گەرمیانی خوێن گەرم و قسە شیرین، تا هەورامانی رەمزی كەلەپوری كوردستان و و، هەڵەبجەی ناسنامەی كوردان، لە هەموو شارو و شاروچكەكان، سپێدە بینەری خۆی هەیە و دەنگی و رەنگی هەمووانە.
سپێدە لە خولگە و فەلەك و ئاسمانی خۆی ئەخولێتەوە.نە ئەچێت بۆ ئاسمانی كەس نەلە خولكەی كەس ئەخولێتەوە،پەیامدارە و پەیامی ئاسمان لە خولگە ئاسمانی خۆی بڵاودەكاتەوە.
سپێدە كونتڕۆڵەكەی لای كەس نییە و مافی كەسی بەسەرەوە نییە،خاوەنی خۆیەتی و رەقی لە ماسك بەستنە، بۆیە لە ساتی لە دایك بونیەوە چۆن بوە ،ئاوا خۆی نیشانی خەڵك داوە و بڕوای بە ماكیاژ و خۆ دەرخستنی ناڕاست نییە.
ئاسمانی سپێدە، ئاسمانی وتەی چاك و كرداری باشە،ئاسمانی سپێدە ئاسمانی برایەتی و هاوسەنگی و راستگۆیی و پیشەیی بوونە، سپێدە بۆ زیادكردنی ژمارەی كەناڵ نییە لە دنیای میدیای كوردیدا، نا و هەرگیز نا، سپێدە بۆ پڕكردنەوەی كەلەنی میدیایە لە كوردستان،وەڵام دەرەوەی گرفتی هاوڵاتیانە،بەڵگەی دەستی دایك و باوكانە، كاتێك هەنێ‌ كەناڵ لە مناڵەكانیان قەدەغە ئەكەن و ئەوانیش ئەپرسن ئەی سەیری كام حەڵقە و دراما بكەین؟
سپێدە پارێزەری ستەم لێكراوەكانە،سەرچاوەی زانیاری و قسەی راستە،گوچان و دارشەقی بن باڵی نەخۆش و هەژار و داماوەكانە،بەڵام بەحوكمی ئەوەی كاری ئینسانە، نەوتراوە بێ‌ هەڵە و پەڵەیە و فریشتەی پاكی ئاسمانە،كەم و كورتی بووە و ئەبێت، چونكە كاری بی هەڵە تەنیا شایانی خوا گیانە.