گرفتەكانی بەردەم حكومەتی تەكنۆكرات لە عیراقدا

حكومەتی تەكنۆكرات بەم واتایەی كە لە شەقامی عیراقیدا باوە و لێی تێ گەشتوون واتە حكومەتی دەرەوەی ئیرادەی كوتلە سیاسیەكان و نەمانی دەسەڵاتی حیزبە سیاسیەكان بە سەر وەزارەتەكاندا وەك ڕێگایەك بۆ بەرەنگار بونەوەی ئەو گەندەڵیەی كەوەك تان و پۆ دەزگاكانی دەوڵەتی عیراقی تەنیوە ، ئەم هەوڵ دانە واتە حكومەتی( تەكنوكرات ) هەر خوێندنەوەیەكی بۆ بكرێت لە لایەن كوتلە سیاسیەكانەوە بە ئەرێنی یان نەرێنی ، ئەتوانین لەم بارودۆخە سیاسیەی لە عیراقدا گوزەر ئەكات ئاماژە بە چەند كۆسپێكی دیار بكەین لە بەردەم ئەو وەزیرەی  بەم ڕێگایە ئەبێتەوەزیر لە كۆسپەدیارەكان:-
وەزیرێك كە بەرەو وەزارەتەكەی ئەكەوێتە ڕێگا و پشتی بە پشتی حیزبێكی سیاسی یان كوتلەیەكەوە نەبێت ، حاڵەتێكی سروشتیە توشی گرفتی ئەمنی ببێت  تا ئەوپەڕی كە ژیانیەتی ، چونكە ئەم وەزیرە كە هاتوە بە حیساب ئەبێت پێچەوانەی مافیا و ئەو لایەنانە كار بكات كەوەك كۆمپانیا ئەڕواننە وەزارەت و تا پێیان كرابێت نەیان هێشتوە لە دەرەوەی خۆیان كەسێكی تر یان لایەنێكی تر سود مەند بوبێت لە خێرو بێری ئەم وەزارەتە ، هەموشمان ئەو ڕاستیە ئەزانین كە بارو دۆخی ئاسایشی عیراق  بۆ ئەنجام دانی ئەم جۆرە كارانە زۆر گونجاوو لە بارە و بە ئاسانی ئەتوانرێت پەی ببرێت بە كەسێك كاتێ بكەوێتە نێو بازنەی سوری لایەنێكەوە .
لە دوای ساڵی 2003وە لە ناو هەیكەلی وەزارەتەكاندا لە وەزیرەوە تا وەكیلەكان و تا بەڕێوە بەرە گشتیەكان هەمووی بە سیستەمی پشك پشكێنە دانراوە و ئەمە وای كردوە چەندەها  كەسی بێ توانا بەس لە بەر ئەوەی لە سەر حیزبێكی دیاری كراوە ئەم پۆستانەیان پێ دراوە و وەزارەتیان پێ تەنیوە ، بۆیە زۆر سروشتیە ئەم بازنانەی ناو وەزارەت كۆسپی سەرەكی بن لە بەردەم كەوتنی وەزیر یان كار لەبەر نەڕۆشتنی و وائەكەن وەزیر وەك كورد ئەڵێت ( بنێن بە تاقەوە ) و پێی لە زەوی ببڕن ،ئەمە لە كاتێكا ئەگەر وەك خۆیان فێری گەندەڵی نەكەن  كە ئەم حاڵەتەش یەكێكە لە كۆسپەكانی بەردەم وەزیر .
بوونی ئەو ڕۆتینە ئیداریەی كە كارگێڕی لەدام و دەزگاكانی دەوڵەتدا توشی ئفلیجی كردوە و ناتوانێ هەنگاوەكانی بە ئاسانی بنێت .
نەبوونی توانای دارایی لە وەزارەتەكاندا ، چونكە هەموو ئەزانین دەوڵەت ئێستا بە قەیرانێكی دارایی مەترسی داردا  تێ ئەپەڕێت و لە وەزارەتەكاندا بوجەی پرۆژەو بەرهەم هێنان وەستاوە و ئەوەی هەیە بە دەست پێگرتنێكی زۆرەوە تەنها شتی ڕۆژانەو مانگانەی كارمەندەكانە و هیچی تر ، بۆیە وەزیر لە كویادا خۆی بسەلمێنێ كە وەزیرێكی سەركەوتوە كاتێ بوجەی وەزارەت هەمووی وەستا بێت .
نەبوونی كاتی تەواو لە بەردەم ئەم وەزیرانەدا ، چونكە ئەوەی ماوە نزیكەی دوو ساڵە و ئەچینەوە خولێكی تری هەڵبژاردن ، بۆیە بەم دوو ساڵە وانازانم وەزیر بتوانێ زۆر شت پیشكەش بكات بە تایبەتی لەم بارو دۆخەدا
بۆیە سەرۆكی وەزیران كاتێ هەوڵی  ئەم جۆرە لە گۆرانكاری ئەدات پێویستە پیداویستی سەركەوتنی وەزیرەكان لە وەزارەتەكاندا بدات  پشتیان بگرێت تا بتوانن كارەكانیان بە باشی ئەنجام بدەن ، چونكە ئەگەر لە حكوەمەتی پشك پشكێنە سەركەوتو نەبوین لەم حكومەتەش (ئەگەر لە دایك بوو) سەر كەتو نەبین ئیتر تەنها رێگایەك لە بەردەممان هەلبژاردنی پیش وەختەو، دروست كردنی حكومەتی زۆرینە ئەمێنێتەوە كە تاقی بكەینەوە .
هیوام سەركەوتنی هەموو ئەوانەیە ئەیانەوێ خێر بەم ووڵات و نیشتمانە بگەیەنن