كورد بە پێكەنینەوە چوون بۆ بەغدا و بە گریانەوە گەڕانەوە

پێش 13 ساڵا لە رووخانی رژێمی عێراق، كورد زۆر دڵخۆش بوون بەو بارودۆخە نوێیەی كە لە عێراقدا هاتە ئاراوە، هەموو هێزە كوردیەكان بەشداریان كرد لەو هەڵمەتەداو هەمووان ئاسوودەبوون بە نەمانی ئەو ڕژێمە، لەو رۆژەوە ئیتر كورد چاوی بڕیە بەغدا و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیی دا كرد، پارتە سیاسیەكان لە كوردستان هەریەكەیان كەوتنە پلاندانان بۆئەوەی لەرووی دەسەڵات و داراییەوە بتوانن باشترین دەستكەوت بەدەست بهێنن. ئەمە بووە خاڵی سەرەتاو دەستپێكی بەشداری كورد و هەموو ئامانجەكەش لەوەدا كورت كرایەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بە هەموو شێوەیەك دەستیان دایە سەرلەنوێ‌ بنیاتنانەوەی عێراق و دامەزراوەكانی ،هەتا بە پشتیوانی كورد توانرا ئەو عێراقە بنیات بنرێتەوە كە ئێستا دەیبینین، بەشداری هێزە سیاسیە كوردەكان بووە جێگەی ململانێ‌ و كێبڕكێی زیاترو هەموو ئامانجەكان لە چوارچێوەی دەسەڵات و پارەدا خۆی بینیەوە.
پارتە سیاسیە كوردیەكان بەتایبەتیش دوو دەسەڵاتدارەكەی كوردستان بەبێ‌ بوونی هیچ پلانَكی پێشوەختە بەشداریدەسەڵاتی سیاسیان كرد، بەم شێوەیە 13 ساڵا درێژەی كێشا، وەزیر و ئەندام پەرلەمان لە بەغداد بووە مایەی دەستكەوت و دەوڵەمەند بوون و لەپێناو ئەمەشدا كێشە بنەڕەتیەكانیان لەبیرچووەوە و بە درێژایی ئەو ماوەیە نەیانتوانی دەستكەوتێك بۆ كورد بەدەست بخەن. نەیانتوانی ئەو ماوەیە وەك فرسەتێك سەیر بكەن و پێگەی كورد بەهێز بكەن و ناوچە دابڕاوەكان بگەڕێننەوەو بڕیاری 140 جێبەجێ‌ بكەن، بەڵكو لە سایەی ئەم بێ‌ پلانیەدا رۆژبەرۆژ پاشەكشەیان بە كورد كرد و كۆتاییان بەو خۆشی و دەستكەوتانە هێنا كە دەستیان كەوتبوو، لێرەدا قۆناغە كۆنەكە كۆتایی هات و ئەمە دوا سنوری پێكەنین و خۆشی بەرپرسانی سیاسیی كورد بوو لە وەزیر و ئەندام پەرلەمان و كەسایەتیەكانی تر.
لە چەند رۆژی پێشوودا دۆخێكی تر هاتە ئاراوە، كورد بەرهەمی ئەو بێ‌ بەرنامەیی و نەبوونی ستراتیجیەی چنییەوەو كۆتایی بەو فرسەتە مێژوویەش هات، لە زەمەنێكدا كە كورد چەند بە خۆشی و شادیەوە بەرەو بەغدا دەچوو، ئێستا شتەكە پێچەوانە بوەتەوە، ئەگەر لە چەند رۆژی رابردوودا سەرنجی دیمەنی پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدات بدایە دەتبینی كە لە چ بارودۆخێكی ناهەمواردا بوون، زۆرینەیان بە پەلە و بەراكردن بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا هەڵهاتبوون، هەندێكی تر بۆ ماوەیەكی زۆر لە جۆرەها شوێندا خۆیان حەشاردابوو، هەندێكی تریان وەسیەتنامەی كۆتایی نوسیبوو و دەیناردەوە بۆ كوردستان، هەیانبوو كەوتبوە بەرشەق و لێدانی عەرەبە شۆڤێنیەكان، هەندێكیان بەهۆی پەیوەندیان بە چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب رزگاریان بووە، ئەمە زۆربەی ئەو دیمەنانە بوو كە بینیمان، ئەوەش كە نەبینراوە لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر بێت، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پاش 13 ساڵا لە بەشداری كورد لە بەغدا بۆچی دەبێت كورد بەوشێوەیە دەربكرێت و بنێردرێتەوە و بەو جۆرە سوكایەتی پێ‌ بكرێت و بەگریانەوە بگەڕێنەوە بۆ كوردستان، لەكاتی گەڕانەوەو لەو چیرۆكانەش كە دەیگێڕنەوە هەموو كوتلە كوردیەكان بوبونە یەك و هاوسۆزیان بۆ یەك و هەموویان لە خەمی یەكتردا بوون، دەمانبینی هەموویان باوەشیان بۆ یەكتر دەكردەوە بە یەكتر بینینەوەیان شاد بوون.
سەرەڕای ئەوەی كە رزگاربوونیان لەو بارودۆخە ناهەموارە مایەی دڵخۆشی هەموولایەك بوو، بەڵام ئایا بۆچی كورد تەنها لەكاتی لاوازیدا باوەش بۆ یەك بكەنەوەو یەكبگرن، بەڵام لەكاتی خۆشی و دەسەڵاتدا دەبێت هەریەكە خۆی بە سۆپەرمان بزانێ‌ و كەس حیساب بۆ كەس نەكات و كەس كەس نەخوێنێتەوە.
ئەو دۆخەی پێشتر كۆتایی هات و ئێستا عێراق و كوردستان لە دۆخێكی نوێدایە، لێرەوە پرسیارەكە روو دەكاتەوە پارتە سیاسیەكان و بەتایبەتیش هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستان، كە ئێستا كورد لە بارودۆخێكی زۆر هەستیار و ناسكدایە.
لەبەرئەوە پێویستە بە عەقڵیەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵا ئەم بارودۆخەدا بكرێت و كاتی رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردەو ئەم رۆژانەش زۆر مێژووین بۆ كورد و دەبێت ئەو راستیەش بزان كە تەنها كورد خۆی دڵسۆزی خۆیەتی و هەر دەبێت بەم ستراتیجیەتە كوردستانێكی نوێ‌ بنیات بنرێت.