راپۆرت ... بزانە لە ساڵی (2016) رۆناڵدۆ چی كردووە؟

چوار شەممە, 20 تەمموز 2016 05:35

 

ساڵی (2016)ساڵێكی بێ وێنە بوو بۆ ئەستێرەی پرتوگالی و یانەی ریال مەدرید كریستیانۆ رۆناڵدۆ ، سەرەتایی وەرز لە مانگی ئابی (2015)تا مانگی یۆلیۆ (2016)بەردەوام بوو ، ئەم ساڵە كۆمەڵێك گۆرانكاری كرا لە ژمارەكانی دۆنی پرتوگالی .
سەرەتایی وەرز رۆناڵدۆ هەروەك ریا مەدرید بەدەست لاوازی ئاستی دەیناڵاند بەتایبەت لەسەر دەمی رافا بنیتز ، دواتر پرو پاگەندە درووست بوو یانەی مێرەنگی جێدەهێلێت و دەچێتە یانەی پاریس سان جێرمان ، زۆربەی كاتەكان فیكەی نارەزایی بۆلێدەدرا لە یاریگای برنابیۆ .
پرو پاگەندەكان چیرۆكی جیاوازیان هەبوو بۆجیا بونەوەی رۆنالدۆ لە ریال مەدرید ، دواتر دۆن بێدەنگی شكاند و سەرجەم پرو پاگەندەكانی رەت كردەوەو ئامادە نەبوو ریال مەدرید جێبهێلێت تا ئەو كاتەی بەیەكجاری واز لە یاری كردن دەهێنێت .
رۆناڵدۆ ئێستا تەمەنی بۆتە (30)ساڵ زۆرێك باسیان لەوە دەكرد كۆتایی بەهەیمەنی ئەو یاریزانە هاتووەە ،چونكە زۆربەی نازناوە تاكەكانی بەدەست هێناوە ، لە سبتەمبەری ساڵی رابردوو رۆناڵدۆ توانی ببێتە گۆلكاری مێژووی خولی یانە پاڵەوانی ئەوروپا بەتۆمار كردنی (80)گۆل دوای ئەو سێ گۆلەی لە یانەی شاختار دۆنسیكی ئۆكرانی تۆماری كرد .

لەمانگی نۆفەمبەری هەمان ساڵ ، ریال مەدرید بەرامبەر بەرشلۆنە بەچوار گۆل دۆرا لە یاریگای برنابیۆ ، رۆناڵدۆ لەم یاریە بەئاستی راستە قینەی دەرنەكەوت هیچ مەترسیەكی لەسەر گۆلی بەرشا درووست نەكرد ، لە هەمان كاتدا مێرەنگی بەدەست لاوازی ئاست و ئەنجام دەیناڵاند .

یەنایەری (2016)سەرتایەك بوو بۆ رۆناڵدۆ بۆئەوەی لەگەڵ زێدان ئاستی راستە قینەی خۆی پێشكەش بكات ، دوای ئەوەی راهێنەری فەرەنسی زیزۆ هاتە شوێنی راهێنەری لەكار لادراو بنیتز ، لەبەرامبەر فالەنسیا بەدوو گۆل یەكسان بوو ،ئەمە وای كرد ، تیپەكەی زێدان لە ركابەری كردنی نازناوی لالیگا دوور بكەوێتەوە ، لە دووەم یاریدا لەگەڵ زیزۆ دۆن توانی دوو گۆل تۆمار بكات لە یانەی رایۆ فالیكانۆ .
لە دەستدانی تۆپی زێرین بۆبەرژوەندی لیۆنێل میسی ، هیچ كاریگەریەكی لەسەر دۆن نەبوو ، ئەگەرچی ئەم خەڵاتەی بەگرنگ وەسف كرد ، چونكە لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەكی بەردەوام ركابەری كردن لەسە رنازناوی بالۆن دۆر لە نێوان ئەم دوو یاریزانە هەیە .
لە فبرایەری (2016)كریستیانۆ سەر لەنوێ گەرایەوە بوە پیاوی یەكلا كردنەوەی ئەنجامەكان لە هەركاتێك بوایە ، توانی تۆری رۆما بهەژێنێت و یانەكەی سەر بخات بۆقۆناغی هەشت دوای ئەوەی لەیاری گەرانەوەی دوو گۆل تۆمار بكات لە یاریگای برنابیۆ لە مانگی ئازاری رابردوو .

مانگی نیسان مانگی تاقی كردنەوەی راستە قینە بوو بۆزێدان ، كاتێك لە كامپ نوو روبەرووی بەرشلۆنە بویەوە ، ئەوكات بلوگرانە بەجیاوازی نۆخاڵ لە پێش ریال مەدرید بوو ، ئەگەرچی بەگۆلێكی پیكی مێرەنگی دواكەوت ، بەڵام بنزیما گۆلی یەكسانی تۆمار كرد و لە خولەكی (83)رامۆس بەكارتی سوور دەركرا ، هەموو پێش بینی ئەوەیان دەكرد ریال مەدرید بەشێوازی بەرگری یاری بكات بۆئەوەی خاڵێك بەدەست بهێنێت باشترە لەوەی بدۆرێت ، بەڵام رۆناڵدۆ بوە خاڵی یەكلا كردنەوەی ئەنجامەكە و گۆلی دووەمی تۆمار كرد سێ خاڵی گرنگی بەدەست هێنا .
دوای چوار رۆژ لە ئەنجامدانی یاری كلاسیكۆ ، ریال مەدرید لە ئەڵمانیا تووشی شكست هات بەرامبەر فۆلفسبۆرگ لەم یاریە رۆناڵدۆ و هاورێكانی نەیان توانی براوە بن ، بەڵام لە یاری گەرانەوە رۆناڵدۆ وەك پیشەی هەمیشەیی توانی كاری خۆی بكات ئەگەرچی پێویستیان بەسێ گۆل هەبوو بۆئەوەی سەركەون بۆقۆناغی چوار گۆشەی زێرین ، توانی هاتریك تۆمار بكات و مێرەنگی سەر بخات بۆقۆناغی چوار گۆشەی زێرین .
دوای یاریەكەی فۆلفسبۆرگ رۆناڵدۆ نەیتوانی لە یاری چوون بەرامبەر مانچستەر سیتی بەشداری بكات بەهۆی پێكانەوە ، بەڵام لە یاری گەرانەوە بەشداری كرد و بەگۆلێكی خاوێن سەركەوتن بۆیاری كۆتایی لە رێگەی گاریس بێل تۆمار كرد ، رۆناڵدۆ لە هەندێك یاری خولی لالیگا دابرا ،ئەمەش هەلی بۆیاریزانی ئۆرگوایی سوارێز رەخساند تاوەكو نازناوی گۆلكاری خولی لالیگا بەدەست بهێنێت .
لە یاری كۆتایی رۆناڵدۆ بەئاستی راستە قینەی دەرنەكەوت بەرامبەر ئەتلەتیكۆ مەدرید ، چونكە دوو هەفتە بوو لە پێكان گەرابویەوە ،بەڵام لە كۆتایدا تیپەكەی زێدان بەئەنجامی یەكلا كەروە لە خاڵی سزا نازناوی چامپیۆس لیگی بەدەست هێنا، خوانفران لێدانێكی ئەتلەتیكۆ مەدریدی لە دەستدا ، رۆناڵدۆ وەك پیشەی هەمیشەیی خاڵی یەكلا كەروە بوو لێدانێكی ئاراستەی گۆلی ئۆبلاك كرد و ریال مەدریدی كردە خاوەن یانزدەهەمین نازناوی چامپیۆس و سێیەمی خۆی .
وەرزی یاریەكانی تۆپی پێ بۆهەندێك یاریزان بەكۆتا هات ، بەڵام رۆناڵدۆ بەردەوام بوو لە یاری كردن لەگەڵ هەلبژاردەی پرتوگال بەشداری یاریەكانی یۆرۆی كرد ، توانی ببێتە یەكەم یاریزان گۆل تۆمار بكات لە چوار پاڵەوانیەتی جیاواز .
دۆن لە یەكەم یاری لەگەڵ پرتوگال بەرامبەر ئایسلەندا نەیتوانی گۆل تۆمار بكات ، ئەمەش وای كرد روبەرووی رەخنە ببێتەوە ، دەنگۆی ئەوە بلاو بویەوە رەتی كردۆتەوە درێسەكەی لەگەڵ كاپتنی ئایسلەندا بگۆرێتەوە ، بەڵام دواتر یاریزانەكەی ئایسلەندا لە لاپەری تایبەتی خۆی ئاشكرای كرد لە ژوری خۆگۆرین رۆناڵدۆ درێسەكەی لەگەڵ گۆریوتەوە .
لە دووەم یاریدا بەرامبەر نەمسا جارێكی تر رۆناڵدۆ شكستی هێنا لە تۆمار كردنی گۆل بەدرێژایی (90)خولەك ، و لێدانێكی سزای لە دەستدا ، دووەم یاری رۆناڵدۆ و پرتوگال هیچ سەركەوتنێكیان بەدەست نەهێنا .
بەرامبەر هەنگاریا رۆناڵدۆ توانی ژمارەی گۆلەكانی لەگەڵ پلاتینی یەكسان بكات و ببێتە یەكەم یاریزان لە چوار پاڵەوانیەتی جیاواز گۆل تۆمار بكات ،بەڵام لەم یاریە بەسێ گۆل یەكسان بوون و وەك باشترینی پلەی سێیەمی گروپەكەیان سەركەوتن بۆقۆناغی شانزە .
دواتر رۆناڵدۆ روبەرووی كرواتیا بویەوە یارمەتی هاورێكانی دا بۆسەركەوتن بەسەر مۆدریچ و هاورێكانی بەگۆلێكی بێ بەرامبەر ، دواتر بەرامبەر پۆڵەندا بەلێدانی یەكلاكەرەوە لە خاڵێ‌ سزا سەركەوتنیان بەدەست هێنا ، بەرامبەر وێڵز رۆژێكی مێژوویی بوو بۆدۆن ، توانی گۆلێك تۆمار بكات و گۆلێك درووست بكات .
لە یاری كۆتایی رۆناڵدۆ ئامانجی بەدەست هێنانی نازناوی گۆلكاری مێژوویی یۆرۆ بوو ، بەڵام چانس یاوەری نەبوو لە خولەكانی سەرتایی یاری فەرەنسا و پرتوگال تووشی پێكان هات ،ئەمەش وای كرد زۆر نیگەران بێت و تا ئەو كاتەی دەستی كرد بەگریان ، لە كاتی جێهێشتنی یاریگا سەرجەم هاندەران و ئامادە بوان ،بەتایبەت سەرۆكی فەرەنسا و پرتوگال رێزیان لێ گرت .
ئەگەرچی رۆناڵدۆ یاریگای جێهێشت بەڵام لە گێمی دووەم سوور بوو لەگەرانەوەی بۆنێو یاریگا لەسەر كورسی یەدەگ هانی هاورێكانی دەدات ، لە كۆتایدا توانی بۆیەكەم جار نازناوی یۆرۆ بەرز بكاتەوە تەنیا لەماوەی یەك مانگ دوو نازناوی ئەوروپی بەرز كردەوە ، ساڵی (2016) سالێكی سەر سورهێنەر بوو بۆ دۆن ، دواجار وەك پاڵەوانی ئەوروپا لەسەر ئاستی یانەكان و هەلبژاردەكان دركەوت ، ئەمەش وا دەكات پاڵێوراوێكی بەهێز بۆێت بۆهەردوو خەڵاتی بالۆن دۆر و باشترین یاریزانی كیشوەری پیر .


 

ن.ش