كەسایەتییە وەرزشییەكانی عێراق متمانەی خەڵكیان بەدەست نەهێنا

شەممە, 26 ئایار 2018 07:03

 

دوای راگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ١٢-ئایار، ئەوەی بووە جێگەی سەرسوڕمانی شەقامی وەرزشی عێڕاق هیچ كەسایەتییەكی وەرزشی ناسراو كە لەسەر لیستە جۆراوجۆرەكان خۆیان كاندید كردبوو نەبوونە جێگەی متمانەی هاوڵاتییان تەنیا وەزیری وەرزش و لاوانی عێڕاق نەبێت، كە دەنگی پێویستی هێنا لە پارێزگای بەغداد دوای ئەوەی لەسەر لیستی تەیاری حیكمەی عەممار حەكیم وەك سەرۆك لیست خۆی كاندید كردبوو.

لە كۆی ١٠ كاندیدی كەسایەتی وەرزشی سەر ئاستی عێڕاق و كوردستان تەنیا یەك كەسایەتی وەرزشی بووە جێگەی متمانەی دەنگدەرانی عێڕاقی ئەویش عەبدولحسێن عەبتان بوو كە ئێستا وەزیری وەرزش و لاوانە و سەرۆكی لیستەكەی عەممار حەكیم بوو لە پارێزگای بەغداد.

لەم هەڵبژاردنە لیست و قەوارە سیاسییەكان هەوڵیاندا لە رێگەی كاندیدكردنی كەسایەتیە وەرزشییەكان دەنگێكی زۆر لە نێو وەرزشدۆستان و وەرزشكاران كۆبكەنەوە، دیارترین كەسایەتی وەرزشیان بۆ ئەمجارە كاندید كرد لە دیارترینیان هەردوو یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێڕاق ئەحمەد رازی و باسل گۆرگیس بوون بەڵام ئەم كەسایەتیە وەرزشییانە دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا.

جگە لەم سێ كەسایەتیە بەهێزە، هەریەك لە سەرمەد عەبدول ئیلا ئەمینداری دارایی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێڕاق و دكتۆر تالیب فەیسەڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی گۆڕەپان و مەیدانی عێڕاق و كەمال عەبدولواحید راهێنەری عەرەبی ئێستای تۆپی دەستی یانەی سلێمانی خۆیان كاندید كرد بێ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكان دەنگی پێویست دەسەبەربكەن.


 

ئاری عەبدوڵا