بەفەرمی ... ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق ئاشكرابوو

پێنج شەممە, 31 ئایار 2018 07:49

سەرەڕای خۆكاندیدكردنی چەندین كەسایەتی نوێ بۆ پۆستە جۆراوجۆرەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق لە نێویشیاندا ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێڕاق و نوێنەری یانەی تەڵەبە ( یونس مەحمود) ، بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەكان جارێكی دیكە هەمان ستافی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق لەلایەن دەستەی گشتییەوە متمانەیان پێدرایەوە تەنانەت (سەفاح)ـیش بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتییەكە دەرنەچوو.

بە درێژایی رۆژی چوارشەممە لە كاتژمێر ٢ ـی دوای نیوەڕۆ تا درەنگانی شەوی پێنج شەممە هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق لە شاری بەغداد بەڕێوەچوون ،جارێكی دیكە سەرۆكە كوردەكە ( عەبدولخالق مەسعود ) بۆ پۆستی سەرۆكی یەكێتییەكە متمانەی پێدرایەوە كە ئەمە دووەم خولی سەرۆكایەتی ناوبراوە لە یەكێتییەكە.
جگە لە مەسعود بە شێوەیەكی نیمچە تێكڕا هەردوو جێگرەكەی پێشوو وە زۆرینەی ئەندامانی خولی پێشوو جارێكی دیكە متمانەیان پێدرایەوە.
ئەوەی بووە جێگەی سەرنجی شەقامی وەرزشی عێڕاق دەرنەچوونی كاندیدەكەی یانەی تەڵەبە ( یونس مەحمود ) بوو سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەستێرەیە لەلایەن زۆرێك لە ئەندامانی دەستەی گشتی پاڵپشتی دەكرا بەڵام دواجار دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا بۆ پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق.
سەعید ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق بە میدیا عێڕاقییەكانی راگەیاند كە چەندین ئەندامی دەستەی گشتی ركابەرییان بۆ بەدەستهێنانی ٩ پۆستی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق كرد و ماوەی هەڵبژاردنەكەش نزیكەی ١٣ كاتژمێری خایاند تا دەنگەكانیش لە یەكتر جیاكرانەوە.
سەعید وتی جگە لەو ٩ كەسەی بوونە سەرۆك و جێگر و ئەندامانی یەكێتییەكە، هێشتا ركابەری بۆ بردنەوەی یەك كورسی كۆتای تایبەت بە ئەندامی ژن ماوە و هەر یانەیەك ئەندامی دەستەی كارگێڕی ئافرەتی هەبێت یاخود تیپی كچانی هەبێت بۆی هەیە كاندید بۆ ئەم پۆستە بەشداری پێ بكات بەومەرجەی ئەم یانەیەی مەبەستییەتی بەشداربێت هیچ ئەندامێكی پیاوی لە یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق نەبێت ئەم ئەندامەش لە ماوەی ٦ مانگی داهاتوو كاندیددەكرێت.
سەرۆكی لیژنەی هەڵبژاردنەكان وتیشی بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق پێویست بوو عەبدولخالق مەسعود رێژەی دەنگی ٥٠ +١ ـی ئەندامانی دەستەی گشتی بەدەستبهێنێت ئەگینا نەیدەتوانی ببێتە سەرۆك بە پێی رێنماییەكان بەڵام عەبدولخالق مەسعود زیاتر لەم رێژەیەی هێنا.
وتیشی جگە لە پۆستی سەرۆكی یەكێتیەكە جێگرەكان و ئەندامان دەبووایە بە دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێ بهێنن ئەگینا بۆیان نەبوو پۆستەكان وەربگرن.
جگە لە عەبدولخالق مەسعود نەوزاد قادریش لەسەر پشكی یانەی كەركوك خۆی بۆ ئەندامییەتی ئەم یەكێتییە كاندید كرد بەڵام دەنگی پێویستی ئەندامانی دەستەی گشتی بەدەست نەهێنا.
سەعید وتی بەهۆی ئەوەی دادگای كاس سكاڵاكەی عەدنان درجالی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی یەكێتیەكە، رەتكردەوە بۆیە عەبدولخالق مەسعود هیچ ركابەرێكی نەبوو وە هەر بە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق هەڵبژێردرایەوە.
بە پێی زانیارییە باوەڕپێكراوەكانیش ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق بەمشێوەیە بوو:

عەبدولخالق مەسعود - سەرۆك
شەرار حەیدەر جێگری یەكەمی سەرۆك
عەلی جەببار جێگری دووەم

ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی:
فالح موسا
مالح مەهدی
یەحیا صەغیر
یەحیا كەریم
كامل صوغەیەر
عەلی ئەلئەسەدی
ئیحسان عەلی
غالب زاملی
فیراس بەحر ئەل-علوم
یەك ئەندامی ژن دەمێنێ كە ئەویش لە ماوەی شەش مانگ هەر یانەیەك كەسانی ئیداری ئافرەتیان هەبێت و تیپی كچانیان هەبێت بۆیان هەیە خۆیان بۆ ئەم پۆستە كاندید بكەن.
بەڵام ئەو یانانەی كاندیدی پیاویان بۆ ئەندامیەتی یەكێتیەكە هەبووە بۆیان نییە ركابەری بەدەستهێنانی كورسی كۆتای ئافرەتانیش بكەن.


 

ئاری عەبدوڵڵا