یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەركرد

11/11/2019 - 09:20 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/كوردستانی

 

بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سەرجەم ئەندامەكانی، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، ئەم بڕیار و راسپاردانەی دەركرد:

1- بە مەبەستی هاوكارییكردنی سەرپەرشتیارانی یاری و ناوبژیوانان، تەنیا یەك كەس باجی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانی پێدەدرێت، وەك بەرێوەبەری یاریگە.

2- هیچ سەرپەرشتیارێك یان هەڵسەنگێنەری ناوبژیوانان، بۆیان نییە بچنە نێو یاریگەكان و كاری سەرپەرشتیاری بكەن، ئەگەر باجی تایبەتی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانی نەبێت.

3- نووسراوی یانەی سۆلاڤ بە ژمارە 193 لە رێكەوتی 3/11/2019، كە بە هۆكاری گرفتی دارایی یانەكەیان داوا دەكەن بەشداری خولی یانە پلەیەكەكانی كوردستان بۆ وەرزی 2019/2020 نەكەن پەسند كرا، بەڵام بە پێی رێنماییەكانی پەڕاوی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان 2019/2020 لە رێنمایی یانەكان بڕگەی (18 ب) مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت:

یەكەم: دابەزینی یانەی سۆلاڤ بۆ ریزی یانە پلە سێیەكان بۆ وەرزی 2020/2021.

دووەم: غەرامەكردنی یانەی سۆلاڤ بە بڕی (1,000,000) یەك ملیۆن دینار.

4- دوای كشانەوەی یانەی سۆلاڤ لە خولی پلەیەكی كوردستان، ئاگاداری سەرجەم یانە پلەیەكەكانی كوردستان دەكەینەوە، لە خولی پلەیەكی كوردستان بۆ وەرزی 2019/2020 تەنیا یەك یانە بۆ ریزی یانە پلەدووەكانی كوردستان بۆ وەرزی 2020/2021 دادەبەزێت.

5- ئاگاداری كۆتایی بۆ یانەی دەربەندیخان، پێویستە تا هەفتەی داهاتوو كاری بەرێز (هۆگر عەبدوڵڵا) سكرتێری یانەی دەربەندیخان یەكلایی بكەنەوە، بە پێچەوانەوە بە هیچ شێوەیەك مافی راهێنەرایەتی یانەی دەربەندیخانی نییە.

6- لە یاری نێوان هەندرێن و زاخۆ لە خولی نایابی كوردستان، بە هۆی هەڵەی زەقی ناوبژیوانان بڕیاردرا بە:

• راگرتنی ناوبژیوانی ناوەڕاست (ساسان عومەر) بۆ دوو یاری، ئەمەیش بە هۆی هەژمار نەكردنی لێدانێكی سزای دروست بۆ یانەی هەندرێن.

• راگرتنی یاریدەدەری ناوبژیوان (كەیوان حەمید) بۆ یەك یاری، بە هۆی هاوكاری نەكردنی ناوبژیوانی ناوەڕاست لە هەمان هەڵە.

7- لە یاری نێوان سیروانی نوێ و سیروانی شارەزوور لە خولی نایابی لاوانی كوردستان، بە هۆی شكاندنی دەرگە و پەنجەرەی یاریگەی یانەی سیروانی نوێ لە لایەن هاندەرانی پەیوەنداری یانەی سیروانی شارەزوور، بڕیاردرا بە:

• گواستنەوەی یاری داهاتووی یانەی سیروانی شارەزوور بۆ یاریگەی یانەی كۆیە.

• غەرامەكردنی یانەی سیروانی شارەزوور بە بڕی (500000) پێنج سەد هەزار دینار.

• راگرتنی (زانیار عەبدولرەحمان) لە یانەی سیروانی شارەزوور تا كۆتایی هاتنی خولی نایابی لاوانی كوردستان بۆ وەرزی 2019/2020، لەبەر ئەوەی ناوبراو رۆڵی سەرەكی لە دروستبووی رووداوەكان هەبووە، بۆی نییە لە نێو یاریگە لەگەڵ یانەكەی ئامادەبێت.

• یاری داهاتووی یانەی سیروانی شارەزوور بەرێوە ناچێت، تا بڕی غەرامەكە رادەستی ژمێریاری یەكێتییەكەمان نەكرێت.

8- لە خولەكانی پلەنایاب و پلەیەكی كوردستان بۆ وەرزی 2019/2020، لە ئەگەری كشانەوەی هەر یانەیەكی دیكە، یەك یانەی تر بۆ پلەی خوارتر دادەبەزێت، واتە ئەگەر ژمارەی یانەكانی هەردوو خولی پلەنایاب و پلەیەكی كوردستان هەر چەند بێت، یانەیەك دادەبەزێت.