تیپی تۆپی دەستی سلێمانی خۆی هەڵپەسارد

سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 07:04

 

DWA- دوای سەركەوتنی بۆ خولی بژاردەی تۆپی دەستی یانەكانی عێراق یانەی سلێمانی بەهۆی خراپی بارودۆخی هەولێر‌و بەغدا تیپەكەی هەڵپەساردوو یەكێتی تۆپی دەستی عێراقیش ڕەزامەندی دەربڕی، لەبەرامبەریشدا یاریزانان توڕەن لەیانەكەیان.

كامەران حەسەن ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی ئەوەی ڕاگەیاند" لەكۆبونەوەی یانەكەماندا بڕیارماندا كە بەشداری خولەكە نەكەین، لەبەردوو هۆكار یەكێكیان ئەم بارودۆخە سیاسیەی ئێستا كوردستان‌و عێراقی گرتۆتەوە، هەروەها هۆكارێكیتر بۆ بارودۆخی شارەكانی عێراق دەگەڕێتەوە كە تووشی حاڵەتێكی نەخوازراو ببین، نەخێر بەشدارینەكردنمان پەیوەندی نیە بەهەڵبژاردنی دەستەی نوێی یانەی سلێمانی كە وەك باس دەكرێت.

لەلای خۆیەوە شیروان مەحمود كاپتن‌و گۆڵپارێزی یانەی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو" هۆكاری بەشدارینەكردنمان تەنها ئەو بارودۆخە بوو كە لەكەركوك ڕوویدا هیچ شتێكیتر نەبووە، بۆیە یانەی سلێمانی وەرزشكاری تێدانیە‌و پلان‌و بەرنامەیان نیە بۆ وەرزش تەنها هەیانە‌و نیانە تۆپی پێیە، ئەگەر ئەو پارەیەی بۆ تۆپی پێ خەرج دەكرێت بۆ تۆپی دەست خەرج بكرێت نازناوی لەسەر ئاستی ئاسیا بۆ یانەكەمان بە دەست دەهێنین.

لەكۆتاییدا كاپتنەكەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا" تۆپی دەست لەشاری سلێمانی واتە گەڕەكی چوارباخ لەئێستادا چەندین یاریزانی گەنج‌و لاو پێگەیشتووە بۆ یانەكە‌و شارەكە، ئەگەر خزمەت بكرێن لەچەند ساڵی داهاتوو لەڕیزی هەڵبژاردەی عێراق یاری دەكەن، بۆیە ئامانجی یانەی سلێمانی تەنها بەشداریكردنە لەخولەكان، ئەگینا هیچ پلانیێكیان نیە بۆ ساڵانی داهاتوو.

دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی بەنوسراوی فەرمی داوای لەیەكێتی تۆپی دەستی عێراق كرد بەهۆی خراپی بارودۆخی ئێستای كورستان‌و عێراقەوە یارییەكانی یانەی سلێمانی لەوەرزی ئەمساڵدا هەڵپەسێرن بۆ ساڵی داهاتوو كە لەخولی بژاردەدا بمێننەوە‌و یەكێتیەكەش بەداواكەی یانەی سلێمانی ڕازیبوو.

جێی باسە ساڵی 2007 بۆ یەكەمجار لەمێژووی تۆپی دەستی شاری سلێمانیدا یانەی سلێمانی بۆ یەكەمجار نازناوی خولی نایابی تۆپی دەستی یانەكانی عێراق بەدەست هێنا.