لە هەولێر خولی راهێنەرانی B ئاسیایی دەستی پێكرد

پێنج شەممە, 07 کانونی یەکەم 2017 06:35

 

DWA - بە بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و بە سەرپەرشتی یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق و بە هاوكاری لقی هەولێری ئەم یەكێتیە، خولێكی راهێنانی ئاسیایی بۆ ٢٣ راهێنەری عێڕاقی لە شاری هەولێر دەستی پێكرد و ماوەی ٣ هەفتە بەردەوام دەبێت.

لەم خولە رێژەیەكی زۆری بەشداربووان كوردن و بەهۆیەوە دەبنە خاوەنی بڕوانامەی Bئاسیایی بەومەرجەی ٨ تاقیكردنەوەی تیۆری و پڕاكتیكی بە سەركەوتوویی ببڕن.

سیروان سەلمان سەرپەرشتیاری خولەكان لە لقی هەولێر یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق لە لێدوانێكدا بە دوارۆژی راگەیاند”ساڵانە وەك پێویستیەك بۆ راهێنەرانی كورد هاوشێوەی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێڕاق، خولی باوەڕپێكراوی ئاسیایی دەكەینەوە و كە بەهۆیەوە راهێنەران دەبنە خاوەنی بڕوانامەیەك كە دەتوانن لە خولە باوەڕپێكراوەكانی ناوخۆ و دەرەوە ئەركی راهێنەرایەتی هەر یانەیەك وەربگرن.

سیروان وتیشی خولەكە بە سەرپەرشتی وانەبێژی نێودەوڵەتی وڵاتی ئوردن (وەلید حسێن) وانەكانی دەوترێنەوە كە نوێترین مەنهەجی ئەكادیمی بواری راهێنەرایەتی بە راهێنەرانی عێڕاق و كوردستان ئاشنادەكات.

راهێنەرە بەشداربووەكانیش دەڵێن ؛ ئەگەر ئەم خولە و خولی راهێنەرایەتی Aئاسیایی بە سەركەوتوویی تەواوبكەین دەتوانین لە یانە نایابەكانی عێڕاقیش ببینە راهێنەر.

ساڵانە یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق بە هاوكاری لقی شارەكان ئەمجۆرە خولانە دەكاتەوە و بەهۆیەوە دەیان راهێنەری كورد بوونەتە خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی ئاسیایی بە پێی زانیاریەكانی دوارۆژ هەر راهێنەرێك لە بڕی بەشداریكردنی لەم خولە و بەدەستهێنانی بڕوانامەی (بی) ئاسیایی، بڕی ٧٠٠ هەزار دیناری عێڕاقی بە لقی هەولێری یەكێتی تۆپی پێی عێڕاق دەدات.