رێكخراوێكی نوێی وەرزشی دامەزرا

پێنج شەممە, 21 کانونی یەکەم 2017 07:00

 

DWA- لە شاری هەولێر رێكخراوێكی وەرزشی نا حكومی خۆی راگەیاند بە ناوی رێكخراوی ماڕاسۆنی ئاشتی كوردستان كە ئامانج لە دروستبوونی ئەم رێكخراوە رێكخستن و ئەنجامدانی راكردنە ماوە درێژەكانە لە نێویشیاندا ماڕاسۆن كە ئەمەی دوایی وەرزشێكی جیهانی ناسراوە و بە گووتەی دامەزرێنەرانی ئەم رێكخراوە سەرجەم ئەم راكردنانەی پێشووتر لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون ئەم مەرجانەیان تێدا نەبوو تا بە ماڕاسۆن ناوببردرێن.

كرێكار عەبدوڵا كە مامۆستای سكوڵی وەرزشییە لە زانكۆی سۆران لە دامەزرێنەرانی ئەم رێكخراوەیە و وەكو وەرزشكاریش بەشداری دەیان ماڕاسۆنی جیهانی كردووە لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی جۆرەكانی ماڕاسۆنی ستاندارد دەخاتە ڕوو دەڵێت؛ ناكرێت بە راكردنێكی ماوە ٥ كیلۆمەتری بوترێ ماڕاسۆن بەڵكو ئەمە راكردنی بەكۆمەڵە و پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە و مەبەستیان لە دروستكردنی ئەم رێكخراوە راستكردنەوەی ئەم تێگەیشتنە نادروستەیە.

كارۆخ ساڵح سەرۆكی رێكخراوی ماراسۆنی ئاشتی كوردستانە دەڵێت رێكخراوە وەرزشییەكەمان لەلایەن سەرجەم دەزگا وەرزشییە فەرمی و نا فەرمییەكانی عێڕاق و كوردستان پاڵپشتی دەكرێت.

كارۆخ لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی ئاماژەی بەوەدا لەلایەن هەریەك لە لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و یەكێتی گۆڕەپانو مەیدانی عێڕاق و كوردستان پاڵپشتی كراون و بەڵێنی هاریكاری بەردەوامیان پێدراوە.

رەعد عەبدوڵا سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی گۆڕەپانومەیدانی عێڕاق ئاماژە بەوەدەدات پێشووتر بۆ ماوەی ٣ ساڵ لەگەڵ رێكخراوی ئەربیل ماڕاسۆن كارییان كردووە تا ئەوكاتەی ئەم رێكخراوە لە رێچكەی وەرزشی لایدا و بۆ مەبەستی بازرگانی چەند كەسێك بەكارهێندرا كە دوور و نزیك پەیوەندییان بە وەرزشەوە نەبوو ،بۆیە بڕیاریاندا چیتر كاریان لەگەڵ نەكەن و رێكخراوێكی سەربەخۆی وەرزشیانە دابمەزرێنن.

لە ئێستادا رێكخراوی ئەربیل ماراسۆن بوونی هەیە كە سەرپەرشتی ماراسۆنە نێودەوڵەتیەكانی ساڵانی رابردووی هەولێری كردووە بەڵام وەرزشكاران لەم رێكخراوە جیا بوونەوە و بڕیاریاندا سەربەخۆ كاربكەن وەك خۆیان دەڵێن لە ماوەیەكی نزیك دەست بە كارو و چالاكیەكانیان دەكەن و لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو یەكەم چالاكی ئەنجامدەدەن كە پێكدێت لە راكردنێكی ماوە ٣ كیلۆمەتری بۆ خوێندكارانی زانكۆی سەلاحەددین بەر لەوەی لە بەهاری ساڵی نوێ ماراسۆنێكی ماوە ٢١ كیلۆمەتری لە هەولێر بەڕێوەببەن