كچانی ئەفرۆدێت و قەرەقوش گەیشتنە یاری كۆتایی پاڵەوانیەتی بالەی عێڕاق

شەممە, 23 کانونی یەکەم 2017 06:09

 

رۆژی هەینی لە هۆڵی داخراوی شەعب لە شاری بەغداد یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانیەتی بالەی كچانی یانەكانی عێڕاق بەڕێوەچوو، تیایدا هەردوو تیپی كچانی قەرەقوش و ئەفرۆدێت لەسەر حسابی كچانی ئەكاد و پێشمەرگەی سلێمانی گەیشتنە یاری كۆتایی.

لە یاری یەكەمدا لە كاتژمێر ١ ـی دوای نیوەڕۆ هەردوو تیپی بالەی ئەكاد و قەرەقوشی هەڵگری ناسناو لە یاریەكی بەهێزدا رووبەرووی یەكتر بوونەوە و سەرەنجام كچانی قەرەقوش لەسەر حسابی كچە كریستیانەكانی شارۆچكەی عەینكاوە گەیشتنە یاری كۆتایی، كاتێ یاریەكەیان بە ئەنجامی ٣ گێم بەرامبەر بە تاكە گێمێك لێ بردەوە.

دوای كۆتاییهاتنی ئەم یارییە لە یاری دووەمدا دوو تیپی كچانی شاری سلێمانی بە یەكگەیشتن بۆ بڕینی پلیتی دووەمی یاری كۆتایی پاڵەوانیەتیەكە.

هەردوو تیپی كچانی ئەفرۆدێت و پێشمەرگەی سلێمانی بەیەكگەیشتن و سەرەنجام كچانی ئەفرۆدێت براوەی یاریەكە بوون بە ئەنجامی ٣ گێمی بێ وەڵام.

بەمشێوەیە هەردوو یانەی ئەفرۆدێت و قەرەقوش گەیشتنە یاری كۆتایی و رۆژی یەكشەممە یاری كۆتایی ئەنجامدەدرێت و هەردوو یانەی ئەكاد و پێشمەرگەی سلێمانیش یاری دیاریكردنی پلەی سێیەم ئەنجامدەدەن.

پاڵەوانیەتی بالەی كچانی یانە نایابەكانی عێڕاق بە بەشداری ١٣ یانە لە شاری بەغداد بەڕێوەدەچێت و لەم ژمارەیەش ٥ یانەی كوردی بوون ئەوانیش یانەكانی ئەكاد، پێشمەرگەی سلێمانی، ئەفرۆدێت، تەق تەق و سۆلاڤ بوون.