قەرەقوش لە ئەفرۆدێتی بردەوە و بووە پاڵەوانی بالەی کچانی عێڕاق

سێ شەممە, 26 کانونی یەکەم 2017 06:37

 

DWA- ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە شاری بەغداد پەردە دادرایەوە لەسەر یاریەکانی پاڵەوانیەتی بالەی کچان کەوا یەکێتی ناوەندی بالەی عێڕاق بۆ ١٣ یانە رێکیخستبوو، تێیدا هەردوو یانەی قەرەقوش و ئەفرۆدێت گەیشتنە یاری کۆتایی و لە یاریەکی تاک لایەنانە کچانی قەرەقوش باڵادەست بوون بەسەر تەواوی گێمەکانی یاریەکە و بە ئەنجامی ٣ گێمی بێ وەڵام یاریەکەیان بردەوە کە ئەنجامی گێمەکانیش بەمشێوەیە بوو: (٢٥-١٥) و (٢٥-٩) (٢٥-١٧) و بۆ دووەمجاری لەسەر یەک کچانی قەرەقوش جامی پاڵەوانیەتیەکەیان بەرزکردەوە و جامەکە دەباتەوە ناحیەی قەرەقوشی سەر بە پارێزگای موسڵ.

هەدیل سەباح نێردەری رۆژنامەوانی لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی وەرزشی عێڕاقی بە دوارۆژی راگەیاند کچانی قەرەقوش بەسەرجەم پێوەرەکان زیاتر لە ئەفرۆدێت شایستەی بردنەوە بوون چونکە کچە یاریزانەکانیان باڵایان بەرزتر بوو جگەلەوەش لە رووی وەستانیان لە نێو یاریگە وەستانیان ستانداردی جیهانی بوو لە پاڵ ئەزموونی زیاتر و هێزی جەستەیی پتەوتر، وتیشی یانە کوردییەکان روویەکی گەش و بەهێزی پاڵەوانیەتیەکەیان پیشاندا و لە ٤ یانەی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتیە ٣ یانەی کوردی بوون، ئەوانیش یانەکانی ئەکاد، ئەفرۆدێت و پێشمەرگەی سلێمانی بوون.

پاڵەوانیەتی بالەی کچانی عێڕاق لە شاری بەغداد و لە هۆڵی داخراوی وەرزشی شەعب بە بەشداری ١٣ تیپی کچان و یاریەکانی بە شێوازی ٣ گروپ بەڕێوەچوو.

دوێنێ یەکشەممەش لە یاری دیاریکردنی پلەی سێیەمیش کچانی ئەکاد توانی لەسەر حسابی کچانی پێشمەرگەی سلێمانی پلەی سێیەم دەسەبەربکات دوای ئەوەی یاریەکە بە ئەنجامی ٣ کۆمەڵە بەرامبەر بە تاکە کۆمەڵەیەک لێ بردەوە.

لە پاڵەوانیەتی بالەی کچانی عێڕاق ١٣ یانە بەشداربوون و یاریەکانی ماوەی ٢ هەفتەیە بەردەوامە هەریەک لە یانەکانی (ئەکاد، پێشمەرگەی سلێمانی ، سۆلاڤ، تەق تەق، ئەفرۆدێت، ئەمانە بەغداد، ئەرمەنی، شەهرەبان لە شاری بەعقوبە، قەرەقوش و فەتات موسڵ لە شاری موسڵ، فەتات نەجەف، خەیرات) لەم پاڵەوانیەتیە بەشداربوون.