ئەستێرە كوردەكە ، لە تایلەند خۆی بۆ پاڵەوانیەتی كیك بۆكسێنی جیهانی ئامادە دەكات

یەک شەممە, 31 کانونی یەکەم 2017 06:21

 

DWA- بەمەبەستی بەشداریكردنی لەپاڵەوانێتیی یاریزانە پیشەگەرەكانی جیهان لەولاتی ئەردەن كارزان تەها یاریزانی كیك بۆكسێنی یانەی ئاشتی‌و هەڵبژاردەی عێراق بەمەبەستی خۆئامادەكردنی بۆ ئەو پاڵەوانێتیە جیهانییە لەئێستادا لە تایلەندە‌و لەگەڵ یانەی سانی ئەو ولاتە بەشداری كەمپێكی مەشق‌و راهێنان دەكات.

سیروان مینە راهێنەری یاریزانی ناوبراو ئەوەی راگەیاند" لەسەر داوای راهێنەری هەڵبژاردەی كیك بۆكسێنی عێراق كارزان تەها وەك تاكە كوردێك بەشداری كەمپێكی مەشق‌و راهێنان دەكات لەولاتی تایلەند، ئەوەش بۆ ئامادەكاری یاریزانانی هەڵبژاردەكەیە بۆ بەشداریكردن لەپاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی یاریزانە پیشەگەرەكانی جیهان كە بریارە لەوڵاتی ئەردەن بەرێوەبچێت.

سیروان وتیشی" هەرچەندە قەیرانی دارایی رێگربوو لەبەشداریكردنی لەو كەمپیی مەشقە، بەڵام بەهۆی توانا بەهێزەكەی‌و بوونی لەشێكی بەهێز بۆ یاریەكە توانی زاڵ بێت بەسەر كێشەكانیداو بەشداری بكات، بۆیە ئومێدێكی زۆرم پێیەتی كە بتوانێت لەپاڵەوانێتیەكەی جیهاندا ئەنجامێكی گەورە بەدەست بێنێت.

راهێنەرەكەی كارزان ئاماژەی بەوەشدا" ئەو یانەیەی كە یاریزانە كوردە مەشقی لەگەڵ دەكات ناوی سامویە‌و یەكێكە لەیانە بەهێزەكانی ئەو وڵاتە‌و تایبەتە بەراهێنانی یاریزانی پیشەگەر، هەروەها بۆ زیاتر تاقیكردنەوەی ئاستی یاریزانی ناوبراو كارزان چەند یاریەكی دۆستانەی ئەنجامداوە‌و توانیویەتی ئاستێكی سرنج راكێش پیشان بدات، هەرئەوەش وایكرد كە لەلایەن راهێنەری یانەی ناوبراوەوە بانگێشتی ئەو یانەیە بكرێت بۆ بەشداریكردن لەچەندین پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی.