هەولێر خۆی بۆ خولی بژاردەی بالەی عێڕاق ئامادەدەکات

سێ شەممە, 02 کانونی دووەم 2018 06:18

 

DWA- دوای ئەوەی قۆناغی پلە نایابەکانی بە سەرکەوتوویی بڕی و لەسەر حسابی پێشمەرگەی سلێمانی هەڵگری ناسناو بە پلەی یەکەم سەرکەوت بۆ قۆناغی بژاردە، لە ئێستادا تیپی بالەی یانەی هەولێر خۆی بۆ قۆناغی بژاردەی خولی بالەی عێڕاق ئامادە دەکات کە ئەم قۆناغە لە هەشت باشترین یانەی عێڕاق پێکهاتووە و لەم ژمارەیە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی نوێنەری یانە کوردییەکانن کە بڕیارە یارییەکانی بە سیستەمی چوون و هاتن بەڕێوەبچێت ئەگەری ئەوە بوو ئیدارەی یانەی هەولێر بۆ ئەم قۆناغە بەهێزە یاریزانێکی پیشەگەر بهێنێتە ریزەکانی، بەڵام راهێنەری تیپی بالەی هەولێر هێنانی یاریزانی پیشەگەری بیانی بە دوور دەزانێت.

خالید ساڵح راهێنەری بالەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دوارۆژ وتی لە ئێستادا ئامادەکاریەکانمان بۆ خولی بژاردەی عێڕاقە کە لە ٨ یانە پێکهاتووە کە دوو یانەی کوردستانی و ٢ یانەی شاری بەسڕا و ٣ یانەی فوڕاتی ناوەڕاست و ١ یانەی شاری بەغدادی لەخۆگرتووە، تیپەکەمان لەم قۆناغەش پشت بە یاریزانی کورد دەبەستێت و پێم وانییە ئیدارەی یانەکە یاریزانی پیشەگەر بهێنن هەرچەندە بەڵێنی هێنانی یاریزانێکی بیانییان دابوو.

قۆناغی بژاردەی خولی بالەی یانە نایابەکانی عێڕاق لە رێککەوتی ١٢ ـی ئەم مانگە دەسپێبکات جگە لە یانەکانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی، هەریەک لە یانەکانی گازی باشور، بەحری لە شاری بەسڕا و شوڕتە لە شاری بەغداد و هەریەک لە یانەکانی کوفە، حەببانیە و نەوتی میسان لە فوڕاتی ناوەڕاست بەشدارن، هەرچەندە یاریزانانی هەولێر گلەیی لە کاتی دەسپێکی پاڵەوانیەتیەکە دەکەن بەهۆی ئەوەی کەوتۆتە نێو تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵی کۆلێژی پەروەردە وەرزشییەکان و زۆربەی یاریزانانی هەولێر وەک مامۆستا یاخود خوێندکار پێویستە بەشداری تاقیکردنەوەکان بکەن.

وەلید عارەب یاریزانی بە ئەزموونی بالەی هەولێر کە پێشتر بۆ هەڵبژاردەی بالەی عێڕاق یاری کردووە" وتی داوامان لە یەکێتی تۆپی بالەی عێڕاق کردووە کاتی دەسپێکی ئەم قۆناغە بگۆڕن چونکە کەوتۆتە نێو تاقیکردنەوەکانی کۆلێژ بەڵام ئەم داواکاریەمان بە هەند وەرنەگیرا و خولی بژاردە لە کاتی خۆی بەڕێوەدەچێت.