هەولێر بۆ خولی بژاردەی بالەی عێڕاق پیشەگەرێکی ئێرانی هێنا

چوار شەممە, 28 شوبات 2018 06:28

 

بە مەبەستی راستکردنەوەی ئەنجامە خراپەکانی یانەکە لە خولی بژاردەی بالەی عێڕاق، کارگێڕی یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێکی پیشەگەری ئێران ئیمزاکرد و ئەم یاریزانە لە یارییەکانی داهاتووی یانەکە بەشدار دەبێت.

عەبدوڵا مەجید سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر بە دوارۆژی راگەیاند بۆ بەهێزکردنی تیپی بالەی بەشداری لە خولی بژاردەی عێڕاق بە باشمان زانی پیشەگەرێک بهێنینە ریزەکانمان بۆ ئەم مەبەستەش گرێبەستمان لەگەڵ یاریزانی ئێرانی ئەمیری خوداپەرست ئیمزاکرد و ناوبراو لە یارییەکانی داهاتووی یانەکە لە خولی بژاردەی عێڕاق بەشدار دەبێت.

سەرۆکی یانەی هەولێر رایگەیاند بارودۆخی دارایی یانەکەمان رێگەی نەدەدا بەر لە دەسپێکی ئەم خولە یاریزانی پیشەگەر بهێنین ئێستاش بۆ دابینکردنی مووچە و بڕی پارەی گرێبەستی ئەم یاریزانە ئێرانیە ناچاربووین دەسبەرداری چەند یاریزانێکی یەدەگی یانەکەمان بین و پارەی مووچەی مانگانەی ئەم یاریزانانەمان داوەتە بۆندی ئەمیری خوداپەرست.

ئەمیری پێشووتر لە خولی بالەی ئێران یاری کردووە و لە ریزی یانەی رەزایە و بە گووتەی بەرپرسانی یانەی هەولێر و ستافی راهێنەران ئەو شوێنەی ئەم یاریزانە یاری تیایدا دەکات کەموکوڕییان هەبووە و زۆر پێویستییان بەم یاریزانە بووە.

تیپی بالەی هەولێر دوای گەیشتنی بە ریزی بژاردەی عێڕاق ئێستا لە نێو باشترین ٨ یانەی عێڕاق ئەنجامەکانی دڵخۆشکەر نییە و چوار یاری لەسەر یەکتری دۆڕاندووە و لە خوارەوەی ریزبەندییەکەیە سەرۆکی یانەکەش دەڵێت ئەم ساڵ داوای ئەنجاممان لە تیپەکە نەکردبوو تەنیا مانەوەمان لە ریزی یانە بژاردەکان دەسکەوتێکی گەورەیە بەم پێکهاتە لۆکاڵییەی هەمانە