بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش هۆشداری دەداتە یانەی شەهیدان ئەگەر ئەم کارە بکەن

شەممە, 03 ئازار 2018 08:00

 

هەردوو یانەی زەڕایەن و شارەزوور کە ئێستا تێکەڵ کراون و لە ژێر یەک ناو کۆکراونەتەوە بە ناوی یانەی شەهیدان و لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان درێژە بە یاریکردن دەدەن، لە ئێستادا هاندەرانی یانەی زەڕایەن خواستی هەڵوەشاندنەوەی ئەم یانەیە دەکەن و دەیانەوێت خۆیان یانەیەکی سەربەخۆیان بە ناوی یانەی زەڕایەنەوە هەبێت، بەهۆی ئەوەی ئەوان دەڵێن یانەکەی ئێمە پلە یەک بووەو لەگەڵ یانەی شارەزوور کە پلە سێ بووە تێکەڵکراون و ناوەکەی گۆڕاوە.
لەم بارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش هۆشداری توند دەداتە بەرپرسانی وەرزشی ئەم دوو ناوچەیەو لە ئەگەری ئەنجامدانی کاری لەمجۆرە تەنانەت مۆڵەتی کارکردن لە یانەی شەهیدانیش وەردەگرنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم کە بەرپرسی یەکەمی یانە وەرزشییەکانی کوردستانە، لە پڕۆژەی کەمکردنەوەی یانە وەرزشییەکان بڕیاریدا بە تێکەڵکردنی هەردوو یانەی زەڕایەن و شارەزوور لە ژێر ناوی یانەی شەهیدان ،بەڵام ئەم بڕیارە ماوەیەکی زۆرە ناڕەزایی بەرپرسان و جەماوەری وەرزشی ئەم دوو یانەیەی لێ کەوتەوە و داوا دەکەن دوو یانەی سەربەخۆیان هەبێت.
سەرپەرشتیاری یانەکانیش لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش تایبەت بە دواڕۆژ دەڵێت تاکو ئێستا بە نووسراوی فەرمی داوایان لە ئێمە نەکردووە لێک جیاببنەوە خۆ ئەگەر داوای لەمجۆرە بکەن تەنانەت ئامادەین یانەی شەهیدانیش هەڵبوەشێنینەوە و هەردوو یانەکەش نەهێڵین.
سەردار حەیدەر سەرپەرشتیاری یانە وەرزشییەکانی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بە دواڕۆژیراگەیاند ئەم یانانەی ئەم سنورە ماوەیەکی زۆرە کێشە بۆ خۆیان و بۆ ئێمەش دروست دەکەن ،بەڵام هەر بڕیارێک لە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان دەرچووبێت ئەوان لێی پاشگەزنابنەوە.
وتیشی بەرپرسانی یانەی وەرزشی شەهیدان سەرەڕای ئەوەی ئەرک و بەرپرسیارییەتی وەرزشییان هەیە لە هەمان کاتدا بەرپرسیارییەتی حزبیشیان لە ئەستۆیە و خۆیان یەکلانەکردۆتەوە کە ئایا کاری وەرزشی بکەن یاخود سیاسی.
دەربارەی گۆڕینی ناوی یانەکە لە شەهیدانەوە بۆ یانەی زەڕایەن سەرپەرشتیاری یانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش ئاماژەی بەوەدا بە هیچ جۆرێک داواکاری لەمجۆرە مایەی قبوڵ نییە و دانانی ئەم ناوە بە رەزامەندی هەردوو یانە بووە و ئێستا ناتوانین داخوازی ناوچەیەک بەسەر ناوچەیەکی دیکە فەرز بکەین، وتیشی ئەگەر بەرپرسان و وەرزشکارانی هەردوو ناوچەکە رازی بوون بە گۆڕینی ناوەکە ئەوا ئێمەش ئەم داواکارییەیان بۆ جێبەجێ دەکەین.
لە لێدوانێکیدا بۆ دواڕۆژ سەرۆکی پێشووی یانەی شارەزوور و پێشووتری یانەی شەهیدان ( مالیک حەسەن)رایدەگەیەنێت "ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین تەنها لە بەر شارەزوور نا لە بەر یانەی زەڕایەنیش، چونکە خەدرێک تەنها لەو دوو ناوچەیە کراوە لە هیچ شوێنێک نەکراوە، چونکە ئێستا ئێمە ناحیەمان هەیە یانەی تێدایەو ئێمە قەزابووین تێکەڵکراوین یان دەبێت ئەوانیش دابخرێت یان یانەکەی ئێمەو زەڕایەنیش بدرێتەوە.
لەسەر ئەوەی دەوترێت کە من لە هەوڵدام بۆ گەڕانەوەی یانەی شارەزوور "سەرۆکی پێشووی ئەو یانەیە دەڵێت "من لە هەوڵدام بۆ گەڕانەوەی هەردوو یانەکە نەک تەنها یانەکەی خۆم و هەوڵ بۆ هەردوولا دەدەم، زەڕایەنیش دروست ببێتەوەو شارەزووریش دروست ببێتەوەو گەڕانەوەی ئەم دوو یانەیەش دەبێتە ململانێیەکی باش بۆ ئەم دەڤەرە.

مالیک حەسەن وتیشی رێگە زۆرە بۆ گەڕانەوەی یانەکە بە دیاریکراوی کارێک کە ئێمە بیکەین پرۆژە زۆرە کە بیکەین، بۆیە من نامەوێت لێرەوە باسی بکەم چونکە وەکوو بیرۆکەکانی پێشووم دەبرێت و لەوانەیە خەڵکی تر بەکاری بێنێت ،بۆیە من لێرەوە باسی ناکەم و بەرنامەشم هەیە دەزانم لە کوێوە سەردەگرێت و مۆڵەتیشی دەدەنەوەو هەردوو یانەکەش دەگەرێنینەوە، کە سەردار حەیدەر دەڵێت ناکرێت بە دڵنیاییەوە منیش دەزانم ئەو وا دەڵێت ،بەڵام رێگەی ترمان هەیەو ناکرێت بڵاوی بکەمەوە، چونکە ئەگەر من ئاشکرای بکەم نابمە خاوەنی و کۆمەڵێک خەڵک دەبنەوە خاوەنی وەکوو داهێنانەکانی پێشووم.

ئاشکراشی کرد هەر هیچ نەکرا ئێمە دەتوانین وەکوو خەڵک چۆن خۆپیشاندان دەکات بۆ گەڕانەوەی مافەکانی خۆی ئێمەش بۆ مافێکی وەرزشی خۆمان دەتوانین خۆپیشاندان بکەین و نەهێڵین هیچ چالاکییەکی وەرزشی بەڕێوە بچێت لە ناوچەکە تا داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێت کە ئەمەی ئێمە کۆتا بژاردەیە.
بەردەوامی بە قسەکانیداو رایگەیاند من پێشتر وتومە با ئەم ناوچەیە یانەیەکی هەبێت و یاریزانەکانی ئەم ناوچە نەچنە دەرەوەو خۆیان لەم یانەیە یاری بکەن و من پێم خۆشبووە کە وابێت، بەڵام من ئەگەر بزانم هەردوو شارەکە زەڕایەن و هەڵەبجەی تازە حەز دەکەن دوو یانەی جیاوازیان هەبێت منیش لەگەل داواکاری هەردوو لادام و هیچ کێشەیەک نابێت، ئەگەر یانەکانی تریش دادەخەن با دایخەن و ئێمەش داوای نەکەین، بەڵام یانەکانی تر کە ناحیەن با ئەوانیش دابخرێن، چونکە یانە هەیە بەس تۆپی پێی هەیەو وەکوو ئێمە یانەیە.
لە کۆتایدا لەسەر گۆڕینی ناوی یانەکە مالیک حەسەن وتی" ئەگەر بە ناوی شارەزوورەوە بێت دەبێت ناوی زەڕایەن بگەرێنرێتەوە یان بە بە ناوی زەڕایەنەوە بێت دەبێت ناوی شارەزووریش بگەڕێتەوە ئێمە بەو شێوەیە رازی دەبین.
لە لێدوانێکیدا تەها قادر سەرۆکی ئێستای یانەی شەهیدان و پێشتری یانەی زەڕایەن بە دواڕۆژیراگەیاند"دوای هاتنی سەفین کانەبی بۆ لای قائیمقامی شارەزوور و ئاگاداربوون لە کێشەکان، لە هەفتەی داهاتوو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دەبەستین و هەموو تیپەکانی سنوری هەڵەبجەو زەڕایەن بانگ دەکەین لەگەڵ قائیمقامی قەزاکەو سەفین کانەبی و جەمال عەلی بەرپرسی یانەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئەگەر هەر کارێک بکرێت ئێمە بەرەسمی رایدەگەیەنین بۆیە لە ئێستادا من ناتوانم بڵێم چی دەکرێت و چی بکەین و چی نەکەین.
وتیشی ئەگەر بە حەزی من بێت دەیکەین بە دوو یانەو هەردوولامان نەجاتمان دەبێت و حەزیش دەکەم یانەی زەڕایەن دروست ببێتەوە ،بەڵام بە حەزی من نیەو بەفەرمانی وەزارەت کراوەو ئەگەر ئێمە هەردوو یانەکەمان تێکەڵ نەکردایە دادەخران ، ئێستاش من ناتوانم فەرمانی وەزارەت بشکێنم و لەسەروی منەوە کەسی بەرپرس لە وەزارەت هەیە و ئەوان هەر بڕیارێکیان دا من ناتوانم بیشکێنم و پێشتریش بەو شێوەیە تێکەڵکراوە.
لە لایەکی ترەوە ئاسۆ محەمەد و گۆران عەدنان وەکوو نوێنەری بەشێک لە هاندەرانی ناڕازی زەڕایەن پلانەکانی خۆیان ئاشکرا دەکەن و دەڵێن دەبێت ناوی زەڕایەن بگەڕێتەوە بۆ یانەکەو گۆڕانکاری بکرێت لە دەستەی راهێنەران و ئەندامەکانی یانەکە بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان گەندەڵی کراوە.
دەڵێن ئێمە بە شێوازێکی مەدەنیانەو دوور لە توندووتیژی و یاسایانە بۆ ئەوەی بەرپرسان گوێمان لێ بگرن و پشتگیریمان بکەن ئێمە هوتاف دەکێشین دژی ئەم یانەیە لە ناو یاریگای خۆی و دەرەوەی یاریگای خۆی بۆ دروستکردن فشار و ناڕەزایی دەربڕین دژی ئەو یانەیە هەرچەندێک تێچووی هەبێت ئێمە دەچین بۆ سەیری یاریەکان و هوتاف دژی ئەو یانەیە دەڵێینەوە تا یانەی شەهیدان بە خۆیدا بچێتەوەو ناوی زەڕایەنمان بۆ بگەڕێنێتەوە.

ئەوان دەڵێن رێگایەکی ترمان گرتۆتەبەر لە رێگەی پارێزگاری سلێمانییەوە کتابی رەسمیمان بە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیداوەو ئەوانیش واعدی ئەوەیان پێداواین داواکەمان بگەیەنن بە وەزارەتی وەرزش و لاوان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان تا کێشەکانمان چارەسەر بکەن و ئەگەر ئەمەش نەکرا ئێمە بەردوام دەبین لە هەوڵەکانی خۆمان و ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین و وازناهێنین و هەموو باجێک دەدەین بۆ گەڕانەەی یانەکەو ئێستا چاوەڕوانی وەڵامین و ئەگەر یانەکەش لە هەر پلەیەک بێت بەس ناوی زەڕایەن بێت ئێمە قبوڵمانە تەنانەت پلە سێش بێت، چونکە دەتوانین بە هاندانی هاندەران یانەکە بگەیەنینەوە بۆ پلە یەک