بالەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی عێراق دێربی كوردستانی لەهەولێر بردەوە

یەک شەممە, 04 ئازار 2018 07:58

 

كێبركێكانی خولی بژاردەی بالەی یانەكانی عێراق بەردەوامە‌و لەیاری دێربی كوردستانیشدا یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پاڵەوانی عێراق دوای گەرانەوەی لەپاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب دەستی بەبردنەوەكانی كردەوە‌و یانەی هەولێریش بووە قوربانی ئەم بردنەوەیەی.

بەگشتی یاریزانانی پێشمەرگە باڵا دەستی خۆیان پیشاندا‌و توانییان ئەم سەركەوتنەش بخەنە سەر بردنەوەكانیتریان، هەرچەندە لەكۆمەڵەی یەكەمدا ئاستەنگیان بۆ دروسستبوو، بەڵام دوو كۆمەڵەیتریان بەئاسانی بەسودی خۆیان كۆتای پێهێنا‌و كۆمەڵەیەكیش لەبەرژەوەندی یانەی هەولێربوو.

خاڵی كۆمەڵەكانی یاریەكەش بریتی بوون لە(26-24) (25-17) (25-21) (25-16).

سەڵاح كانەبی راهێنەری بالەی پێشمەرگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا" تیپەكەم زۆر ماندووە لەدوای گەرانەوەشمان لەپاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب تەنها بۆ رۆژێك یاریزانەكان ئیسراحەتیان كردووە ئەوەش كاریگەری زۆر خراپی هەیە بۆ یاریزانان، هەروەها پێكانی چەند یاریزانێكمان بەتایبەتی عەلی تەهای كاپتنی یانەكە کاریگەری زۆری هەیە بەسەر تیپەكەوە، بەڵام سەرەرای ئەوە هەموو ئاستەنگیانە لەئاستی یاریزانانم رازیم.

لەلای خۆیەوە بەدرەدین محەمەد یاریزانی یانەی هەولێر ئەوەی راگەیاند" ئەتوانم بڵێم ئاستی تیپەكەمان زۆر باش بوو، هەرچەندە ئێمە دۆراین، بەڵام بەپاڵەوانی عێراق دۆراوین كە چەندین یاریزانی بەتوانای هەڵبژاردەی عێراق لەپێكهاتەكەیاندایە، هەروەها چەند هەڵەیەكی خۆشمان هۆكارێكیتری دۆراندنەكەمان بوو، هیوادارین بۆ یاریەكانی داهاتوو ئەو كێشانە چارەسەر بكەین‌و بگەرێینەوە بۆ سەركەوتنەكان.

دوای تەواوبوونی یاریەكانی ئەم هەفتەیەش ریزبەندی یانەكان بەمشێوەیەیە:

غازی باشور 6یاری 16خاڵ
شورتە 5یاری 13خاڵ
پێشمەرگەی سلێمانی 4یاری 10خاڵ
بەحری 6یاری 9خاڵ