راهێنەرێكی كورد بروانامەی بی فوتساڵی ئاسیای بەدەستهێنا

دوو شەممە, 05 ئازار 2018 06:10

 

دوای بەشداریكردنی لەخولێكی راهێنەرایەتی لەشاری كەربەلا بەبەشداری 19راهێنەری عێراق‌و راهێنەرێكی ولاتی كوێت، سەلام مەعروف تاكە كوردەكەی خولەكە لەلایەن لیژنەی فوتساڵی سەر بەیەكێتی تۆپی پێی ئاسیا توانی ببێتە خاوەنی بروانامەی بی ئاسیایی.

سەلام مەعروف ئەوەی بەدوارۆژ راگەیاند" بەدەستهێنانی هەر بروانامەیەك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە‌و بەدەستهێنانی بروانامەش پلە بەپلەیە‌و گرنگی زیاتر هەیە لەبواری راهێنەرایەتیدا، بەدەستهێنانی ئەو بروانامانەش دوو ساڵ جارێكە ساڵی 2012 بروانامەی ئەی بەدەستهاتووە‌و ساڵی رابردووش تاقیكردنەوە بۆ بروانامەی بی ئەنجامدرا‌و سوپاس بۆ خوا توانیم پلەی یەكەم بەدەست بێنم‌و بەئیمزای سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بروانامەكەم بەدەستهێنا.

ئاماژەی بەوەشدا" گرنگی ئەم بروانامەیە لەوەدایە كە زانیاری راهێنەر زیاتر دەكات لەرووی تەكنیك‌و تەكتیكی یاریزانەوە بۆ ئەوەی پلە بەپلە بەرزبێتەوە لەراهێنەرایەتی یانەكانەوە تا دەگاتە ریزی هەڵبژاردەكانی جیهان، بۆیە زۆر گەشبینم بەیاری فوتساڵ‌و رۆژ بەرۆژ لەبەرەو پێشچوندایە.

لەكۆتاییدا راهێنەرە كوردەكە ئەوەشی خستەروو" بەدەستهێنانی ئەو بروانامانە لەلایەن راهێنەرانەوە لەسەر ئاستی ئاسیا‌و جیهان گرنگیەكی تایبەتیتری خۆی هەیە ئەویش ئەوەیە كە دەتوانێت خولی تایبەت بەراهێنەران بكاتەوە‌و ئەو برونامانەش دەدرێت بەراهێنەران لەسەر ئاستی ئاسیا باوەر پێكراوە.