راهێنەرە نوێیەکەی یانەی هەولێر ٣ یاریزانی دوورخستەوە و داوای ئەم یاریزانەشی کردووە

پێنج شەممە, 08 ئازار 2018 08:03

 

لەسەر داوای راهێنەر (علی وەهاب ) کە تازە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێری وەرگرتووە، کارگێڕی یانەی هەولێر بڕیاریدا هەریەکە لە یاریزانان (گۆران ناسیع ، یوسف سەرکەوت ، سیواد احمد ) لە پێکهاتەی یانەی هەولێر دوربخاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یانەی وەرزشی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند راهێنەرە نوێیەکەی یانەی هەولێر چاودێری ئاستی یاریزانانی ناوبراوی کردووە و بە باشی زانیوە بە شێوەیەکی کاتی لە پێکهاتەی تیپەکە دووربخرێنەوە و بۆ شوێنگرەوەی ئەوان هەولێر بە نیازە یاریزانێکی یانەی گازی باکور و چەند یاریزانێکی یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر، برایەتی، هەندرێن بهێنێتە ریزەکانی یانەکە بۆ خولی پلە یەکی عێڕاق.

هەرچەندە یانەی وەرزشی هەولێر تاکو ئێستا بە فەرمی هیچ شتێکی نەدرکاندووە و کارگێڕی یانەی هەولێر ئامادەنین روونکردنەوە لەم بارەیەوە بدەن، بەڵام دوارۆژ زانیویەتی ئیدارەی یانەی هەولێر بە نیازە یاریزانی پێشووی یانەی گازی باکور و یانەی کەرکوک (غانم سەعید ) بهێنێتە ریزەکانی و ئەم یاریزانە بە رەسمی داواکراوە.

پێشووتریش راهێنەرە نوێیەکەی یانەی هەولێر رایگەیاند لەسەر داوای خۆی چەند یاریزانێکی یانەکانی خولی نایابی کوردستانی دەست نیشان کردوە بۆ نوێنەرایەتی کردنی یانەکە لە خولی پلە یەکی عێراقی بەمەبەستی گەڕانەوە یانەکە بۆ ریزی یانە نایابەکان کە پێشتر خاوەنی ٤ نازناوی ئەم خولەیە.