سێ خوشك و باوكێكی شاری هەولێر بەشداری پاڵەوانیەتییەكی عەرەبی دەكەن

شەممە, 17 ئازار 2018 07:56

 

رۆژی پێنجشەممە (3) كچە یاریزان و راهێنەری یانەی هەولێر بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی بەرەو وڵاتی بەحرێن بەرێكەوتن بەمەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوای ئاسیا.
هەریەكە لە (موحسین عەزیز) راهێنەر و هەر سێ كچەكەی (ئۆشین، ئیسرا، ئیناس) بەشداری لە پاڵەوانێتی رۆژئاوای ئاسیا دەكەن، كە لە وڵاتی بەحرێن ئەنجام دەدرێت و ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت.
هەڵبژاردەی عێراق لەم پاڵەوانێتیە بەحەفت كچە یاریزان بەشداری دەكات، كە سێ كچ یاریزانی یانەی هەولێرن و پاڵەوانێتیەکە حەفت وڵات بەشداری تیاییدا دەكات و كچەكان ركابەری لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشكەوتووان دەكەن.
هەرچەندە بەرپرسانی یانەی هەولێر وایان خستەڕوو کە ئەوان تاکە بایەخ پێدەری ئەم کچە یاریزانانەن بەڵام دوارۆژ لە زاری باوکی ئەم کچە یاریزانانەوە زانیویەتی تەنانەت گەشتی شاری بەغداد و وڵاتی بەحرەین لەسەر ئەستۆی خۆیانەو تاکو ئێستا کەس پارەی پێ نەداون و بڕیارە یەکێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عێڕاق خەرجییەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.
ئۆشین موحسن کە خوشکە گەورەکەیانە لە دایكبووی ساڵی (1998)ـە و لە كێشی (69)كگم لەسەر ئاستی پێشكەوتووان بەشداری دەكات و چاوەروان دەكرێت ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ ملوانكەی زێڕ بكات.
ئیسرا موحسین لە دایكبووی ساڵی (2000)ـە و لە كێشی (48)كگم لەسەر ئاستی (لاوان و پێشكەوتووان) بەشداری دەكات و چاوەروان دەكرێت ركابەری لەسەر شەش ملوانكەی زێر بكات لە هەردوو ئاست.
ئیناس موحسین عەزیز لە دایكبووی ساڵی (2002)ـە و لە كێشی (63)كگم لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان و پێشكەوتووان بەشداری دەكات و چاوەروان دەكرێت ركابەری لەسەر نۆ ملوانكەی زێر لەسەر هەر سێ ئاست بكات.
موحسین عەزیز، كە راهێنەری یانەی هەولێرە و لە هەمان كاتدا باوكی هەر سێ كچە یاریزانە توانی لە ماوەیەكی كورتدا چەندین دەسكەوت لەگەڵ كچە یاریزانەكانی بەدەستبهێنێت لە پاڵەوانێتی عەرەبی و ئاسیا و عێراق.
دیارترینیان بردنەوەی (٢٤ ملوانکەی زێڕ و زیو بوو کە بە ناوی عێڕاقەوە لە ملیان کرا ) لە وڵاتی ئوردن و لە پاڵەوانیەتی رۆژئاوای ئاسیا