یانەیەكی گەورەی ئێرانی داوای هەردی سیامەند دەكات

چوار شەممە, 16 ئایار 2018 05:58

 

هەردی سیامەند، یاریزانی ئاست بەرزی شاری هەولێر كە ئێستا لەگەڵ یانەی مینای شاری بەسڕا لە یاریكردن بەردەوامە، بۆتە جێگەی بایەخی یانەیەكی بە ناوبانگی ئێران ئەویش یانەی پیرۆزیی ـیە بەڵام هەردی ئەم گرێبەستەی رەتكردۆتەوە و دواڕۆژ وەك یەكەم دەزگای راگەیاندن هۆكاری رەتكردنەوەی بۆندەكەی یانە ئێرانیەكە ئاشكرادەكات.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ دوارۆژ هەردی سیامەند ئاماژەی بەوەدا تاكە هۆكاری رەتكردنەوەی بۆندەكەی پیرسپۆڵسی ئێرانی بەهۆی ئەوەیە ئەم یانەیە مافی یاریزانەكان وەك پێویست نادات و بە بەردەوام ٧٥% ـی شایستە داراییەكانی یاریزانانی عێڕاقی نادەن.

یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر وتی ، لە رێگەی یاریزانی بەناوبانگی عێڕاقی عەباس عوبێدەوە پێشنیارم بۆ كرا پەیوەندی بەم یانەیەوە بكەم كە خۆیشی هەر لە یانەی پیرۆزی یاری دەكات بەڵام بە هۆی زانیاریم هەبوو ئەم یانە ئێرانیە مافە داراییەكانی یاریزانان نادات ئەم گرێبەستەم رەتكردەوە.

هەردی دەڵێت من ماوەی دوو وەرزە لە ریزی یانەی وەرزشیی مینا یاری دەكەم، لەلایەن ستافی راهێنەران و ئیدارەی یانەكەوە پشتگیری تەواوم لێدەكرێت و لە زۆربەی یارییەكاندا وەك یاریزانی سەرەكی یاری دەكەم، ئەمساڵیش لە كۆی سەرجەم یارییەكانی خولی نایابی عێراقیدا تەنیا لە یەك یارییدا ئامادە نەبووم‌، ئەویش بەهۆی هەبوونی كارتی زەردەوە بووە، بۆیە لەگەڵ ئەم یانەیە زۆر ئاسوودەم و نیازم وایە ساڵێكی دیكەش لەگەڵیان بەردەوام بم.

ئەستێرەی بەرگریكاری شاری هەولێر لە كۆتا وتەی دا وتی وادیارە یانەی مینا نایەوێ دەستبەردارم بێت، چونكە داوای گفتوگۆی كردووەو قسەكردنیشمان بەردەوامە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتووش هەر لە یانەكە بمێنمەوە، چونكە ئاستی من لە سەرجەم یارییەكاندا یەك ئاست بووە، جەماوەری یانەكەش زۆر لە ئاستی من رازیین‌".


 

ئاری عەبدوڵڵا