هەولێر دوو یاریزانی نوێی بردە ریزەكانی

چوار شەممە, 20 حوزەیران 2018 07:24

 

لە درێژەی بەهێزكردنی تیپی تۆپی پێی یانەكە بۆ بەشداریكردن لە خولی پلە یەكی عێڕاق، یانەی وەرزشی هەولێر سەركەوتوو بوو لە هێنانی یاریزانێكی ئاست بەرزی شاری بەغداد ئەویش ( محەمەد مۆفەق)ـە جگە لەوەش كارگێڕی هەولێر لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ هێنانی پیشەگەرە بەڕازیلییەكەی یانەی زێرەڤانی ( كارلۆس ئیدواردۆ) بە مەبەستی پتەوكردنی هێڵی هێرشبەری تیپەكە.

یاریزانی شاری بەغداد ( محەمەد مۆفەق) بۆ یارییەكانی خولی پلە یەكی عێڕاق پەیوەندی بە یانەی هەولێرەوە كرد ناوبراو پێشووتر لە یانەكانی كارەبا و كەرخ یاری كردووە و لە نێو یاریگەش لە زیاتر لە شوێنێك یاری دەكات و شوێنی جێگیری خۆی هێڵی ناوەڕاستە.

جگە لە هێنانی ئەم یاریزانە عێڕاقییە، سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو لە یانەی وەرزشی هەولێر بە دوارۆژی راگەیاند یانەكەیان زۆر نزیكە لە هێنانی پیشەگەرێكی بەڕازیلی كە ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان یاری بۆ یانەی زێرەڤانی ئەنجامدا ئەویش یاریزان كارلۆس ئیدواردۆیە كە بە ( دۆ دۆ ) ناسراوە و لە هێڵی هێرشبردن یاری دەكات.

ئەم سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد كە ناوبراو هیچ لاری نییە لە پەیوەندیكردن بە یانەكەیان بەڵام كێشەی مانەوە و ماوەی گواستنەوەی یاریزانان رێگرە لە بەردەم خێرا جێبەجێبوونی ئەم داخوازییەمان.

لە ئێستادا هەولێر ٩ یاریزانی كورد و عەرەبی هێناوەتە ریزەكانی چاوەڕوان دەكرێت جگە لە یاریزانە بەڕازیلییەكە یاریزانێكی دیكەش بهێنێت.

یارییەكانی قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێڕاق لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز دەسپێدەكات و یانەی هەولێریش هەر لە ئێستاوە خۆی بە تۆكمەیی بۆ ئەم خولە ئامادەكردووە و چاوەڕوانە بگەڕێتەوە ریزی یانە نایابەكانی عێڕاق.


 

ئاری عەبدوڵڵا