هەولێرییەک پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتی کیک بۆکسینگی ئەڵمانیای کراوە مسۆگەردەکات

پێنج شەممە, 21 حوزەیران 2018 07:35

 

لە رۆژانی ١٦، ١٧ ، ١٨ ـی ئەم مانگە لە وڵاتی ئەڵمانیا بە بەشداری یاریزانانی ٨ وڵاتی جیهانی پاڵەوانیەتی کیک بۆکسینگی ئەڵمانیای کراوە بەڕێوەچو، تێیدا کوردێکی دانیشتووی هەولێر توانی لە رکابەرییەکانی کێشی ٧٥ کیلۆگرام پلەی یەکەم لە نێو بەهێزترین یاریزانانی وڵاتانی ئەوروپی و ئاسیایی مسۆگەربکات.
یونس جەمال یاریزانی کیک بۆکسینگی شاری هەولێر و هەڵبژاردەی عێڕاق لە کێشی ٧٥ کیلۆگرام، لە رۆژانی رابردوو گەشتی وڵاتی ئەڵمانیای کرد و توانی لە نێو بەهێزترین یاریزانانی وڵاتانی ( ئەڵمانیا، سویسڕا، نەمسا، ئێرلەندا، پۆڵەندا، عێڕاق، ئەفغانستان و ئێران) پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و بەمەش مێژوویەکی نوێ بۆ وەرزشی شاری هەولێر بە گشتی و یاری کیک بۆکسینگ بە تایبەت نووسرایەوە.
پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کراوەی ئەڵمانیا کە ساڵانە لەلایەن رێکخراوی WKU (رێکخراوی کیک بۆکسی نێودەوڵەتی) رێکدەخرێت بە شێوەیەکی کراوە دێتە ئەنجامدان و هەر یاریزانێک لە سەرجەم کێشەکان بۆیان هەیە بەشداری بکەن و لە بەرامبەر بەشداربوونیان بڕێک پارە بەم رێکخراوە دەدەن.
جگە لە یاریزانە کوردەکەی شاری هەولێر، هەریەک لە نەوزاد خەسرەو و فەیسەڵ سەعدوڵڵا کە ئەندامی رێکخراوی ناوبراون و فەیسەڵ سەرۆکی لقی عێڕاقی رێکخراوی WKU ـە وەک ناوبژیوان لەم پاڵەوانیەتیە بەشداربوون .
لە لێدوانێکدا سەرۆکی لقی عێڕاقی رێکخراوی WKU فەیسەڵ سەعدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا جێگەی شانازیی و سوپاسە کە یاریزانێکی کورد لەسەر ئەرک و ماندووبوونی خۆی بەشداری پاڵەوانیەتیەکی لەم چەشنە دەکات و لە نێو یاریزانانی بەهێزترین وڵاتانی جیهان لە یاری هونەرە جەنگییەکان، پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.
فەیسەڵ هیوای خواست یاری هونەرە جەنگی و بەرگرییەکان گرنگی زیاتری پێ بدرێت و دەسکەوتەکان لەبەرچاو بگیرێت و خەڵاتی رێزلێنان بە یاریزانان ببەخشرێت بەڵام بە داخەوە هاوشێوەی زۆربەی یارییە تاکییەکان ئەم یارییانە فەرامۆشکراون.



ئاری عەبدوڵڵا