هەموو یاریزانانی ئەم یانەیە سەنگەریان بۆ یانەیەكی دیكە چۆڵكرد

سێ شەممە, 26 حوزەیران 2018 07:08

 

دوای ئەوەی ئەم وەرزە توانییان بۆ یەكەمجار ناسناوی خولی فوتساڵی كچانی كوردستان بەدەستبهێنن و جامەكە لە چنگی كچانی زێرەڤانی دەربهێنن، تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر بە راهێنەر و سەرجەم كچە یاریزانەكانەوە بە نیازن سەنگەرییان بۆ یانەیەكی دیكە بگوازنەوە و بەهۆی پێنەدانی مافە داراییەكانیان چیتر لەگەڵ یانەی پاڵەوانی كوردستان بەردەوام نابن.
مەزن محەمەد راهێنەری فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر كە یانەكەی ئەم وەرزە بووە پاڵەوانی كوردستان ئاماژەی بەوەدا ؛ دوای ئەوەی بۆماوەی چوارساڵ و دوومانگ كاركردنی بەردەوامم وەكو ڕاهێنەری یانەی ئافرەتانی هەولێر ،ئەمڕۆ دووشەممە بەشێوەیەكی فەرمی دەستم لەكاركێشاوە و خۆم و سەرجەم یاریزانەكانم سبەی سێ شەممە پەیوەندی بە یانەیەكی دیكەوە دەكەین.
ئەم راهێنەرە وتی سوپاسی سەرجەم ئەو كەسانە دەكەم كە لە ماوەی رابردوو لە یانەی ئافرەتانی هەولێر كارم لەگەڵ كردوون بە تایبەتی كافیە رەسول سەرۆكی پێشووی یانەكە كە هەم متمانەی بەمن بوو هەروەها زۆرپاڵپشتم بوو.
هەروەها زۆر سوپاسی گشت یاریزانە خۆشەویستەكانم دەكەم ئەم یاریزانانەی هەمووكات پێشمەرگە ئاسا لەنێو یاریگادا دەجەنگان هیچ كاتێك لە بیرتان ناكەم چونكە بەماوەیەكی كورت توانیتان ببنە یەكەمی خولی نایابی عێراق و یەكەمی خولی نایابی كوردستان ئەوەش مێژووە تاكو ئێستا ئەم یانەیە لەسەر دەستی ئێوە بەدەستی هێناوە
مەزن ئاشكراشی كرد كە بۆ ماوەی ٣ ساڵ و ٨ مانگە بەبێ موچەو گرێبەست كاردەكەم تاكو ئێستاش هەر بەدڵسۆزی كارم كردووه ئەنجامەكانیشمان شاهێدیمان بۆ دەدەن.
هەرچەندە تاكو ئێستا ئەم راهێنەرە و كچە یاریزانەكان ناوی یانە نوێیەكەیان نەدركاندووە بەڵام دوارۆژ زانیویەتی سەرجەم ستافەكە بە نیمچە تێكڕایی روو لە یانەی وەرزشی قەڵا دەكەن لە شاری هەولێر و لەم یانەیە درێژە بە سەركەوتنەكانیان دەدەن و بڕیاریشە رۆژی سێشەممە لە مەڕاسیمێكدا ئەم راهێنەرە و سەرجەم یاریزانەكانی بە شێوەیەكی فەرمی لەلایەن كارگێڕی و ستافی یاریزانانی ئەم یانە نوێیەوە پێشوازییان لێ بكرێت.
یانەی ئافرەتانی هەولێر لە تۆپی فوتساڵ لە ماوەیەكی كەمی رابردوو توانی ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی عێڕاق و كوردستان سەرەڕای خراپی باری دارایی یانەكە بەسەر زۆرێك لەم یانانە سەركەوت كە باری داراییان زۆر لەم یانەیە باشتر بوو.


 

ئاری عەبدوڵڵا