زۆرانبازە کوردەکەی نەرویج رەتیکردەوە بە ئاڵای عێڕاق بەشداری پاڵەوانیەتییەکان بکات

شەممە, 21 تەمموز 2018 06:46

 

هێرش خەلیل ناسراو بە (هێرش کوردی) زۆرانبازێکی ئاست بەرزی کوردە کە لە ئێستادا لە وڵاتی نەرویژ ژیان بەسەردەبات لە ماوەیەکی کورتدا بەسەر زۆرێک لە زۆرانبازە بەهێزەکانی وڵاتانی ئەوروپا سەرکەوتووە و بۆتە ناوێکی گەورەی زۆرانبازی سەربەست لە کیشوەری ئەوروپا.
هێرش لە سەرجەم دەرکەوتنەکانی بە ناو و ئاڵا و موزیکی کوردستانییەوە بەشداری دەکات و بۆتە جێگەی دڵخۆشی ئەو کوردانەی کە لە نەرویژ دەژین و شەیدای یاری زۆرانبازی سەربەستن.
بە پێی زانیارییەکانی دوارۆژ بزنسمانێکی عێڕاقی داوای لەم زۆرانبازە کوردە کردووە لە مەبەدوا بە ناو و ئاڵای عێڕاقەوە دەربکەوێت نەوەک ئاڵای کوردستان لەبەرامبەر ئەمەشدا ئەم سەرمایەدارە ئامادەبووە گرێبەستێکی درێژخایەن (مەودادرێژ) لەگەڵ هێرش ئیمزابکات و بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری بکات تا دەگاتە ئاستی پیشەگەری لەسەر ئاستی جیهان بەڵام ئەم زۆرانبازە کوردە ئەم پێشنیارەی رەتکردۆتەوە و رازی نەبووە واز لە ئاڵا و ناوی کوردستان بهێنێت سەرەڕای ئەوەی گرێبەستێکی بەمشێوە گرانبەهایەی پێشکەشکراوە.
لە لێدوانێکدا بۆ دوارۆژ هێرش کوردی ئاماژەی بەوەدا ئاڵا و نەخشەی کوردستان هێزێکی مەعنەوی بە من دەبەخشێت لە کاتی یارییەکانمدا جا چۆن دەسبەرداری ئەم هێزە کاریگەرە بم وتیشی من کە یاری زۆرانبازیم هەڵبژاردووە بەوە دڵخۆشم کە بە ناو و ئاڵای کوردستانەوە دەردەکەوم و دەناسرێم و دەسبەرداری ئەم خەونەم نابم.
هێرش کوردی ناوی تەواوی : هێرش خەلیل بوسەلی لە دایکبووی شارۆچکەی زاخۆیە و ئێستا تەمەنی ٢٤ ساڵە، ماوەی ١٠ ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە وڵاتی نەرویج ژیان بەسەر دەبات، ئەو ئێستا چووەتە نێو دونیای زۆرانبازی سەربەست و لە ماوەی ٣ ساڵدا نزیکەی ٤٠ یاری ئەنجامداوە.
هێرش بە ماوەیەکی کەم خۆی گەیاندە ئاستی پیشەگەری لە یاری زۆرانبازیدا و لە چەندین بۆنەی جۆراوجۆر دەرکەوتووە لە هەریەک لە وڵاتانی نەرویژ، دانیمارک، سویسڕا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا.
ماوەی ٥ ساڵە مەشقو راهێنانی تایبەت بە یاری زۆرانبازی ئەنجامدەدات و ٣ ساڵیشە وەک یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ لە دونیای زۆرانبازی سەربەست دەردەکەوێت و خاوەنی دەیان دەسکەوت و بردنەوەی گرنگە بەسەر زۆرانبازە ناودارەکانی ئەوروپا.
هێرش دەڵێت کەسایەتیەکی ئەڵمانی پاڵپشتی سەرەکی و گرنگی کارەکانمە بە ناوی (فلۆریان ویتێ) و هەر بە هاوکاری ئەم کەسە توانیویەتی یاری بەرامبەر زۆرانبازە ئەوروپیەکان بکات. هێرش دەڵێت کاتێک تەمەنم بچووک بوو زۆر سەرسامی ئەستێرەکانی زۆرانبازی سەربەست بووم لە (WWE) بە تایبەتیش ئەم زۆرانبازانە کە بە ستایلی فڕین یاری دەکەن کە ئەم شێوازەش هەمان ئەم جۆرەیە کە زۆرانبازە کوردەکە یاری پێ ئەنجام دەدات. هێرش دەڵێت سەرسامی هەریەک لە زۆرانبازە ناودارەکانی جیهانی زۆرانبازی سەربەست (جێف هاردی، رەی میستریۆ و شۆن مایکلز ) بووم


 

ئاری عەبدوڵڵا