یاریزانانی كورد بەدەست بەتاڵی لەپاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی رۆژئاوای ئاسیا گەرانەوە

دوو شەممە, 23 تەمموز 2018 08:52

 

پاڵەوانیتی تۆپی سەرمێزی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا لەوڵاتی ئەردەن بەردەوامە‌و یاریزانانی پێشكەوتووانی كوردی هەڵبژاردەی عێراقیش بەپێچەوانەی پاڵەوانێتیەكانی پێشوەوە نەیانتوانی هیچ ئەنجامێك بەدەست بێنن‌و لەقۆناغی هەشتی پاڵەوانێـتیەكە ماڵئاواییان كرد.
سەیفەدین فەتاح یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی عێراق لەوڵاتی ئەردەنەوە بەدوارۆژی راگەیاند" سەرەتا سوپاس بۆ ئێوە كە بەبەردەوامی هەواڵی یاریزانانی كوردتان پرسیوە، بەڵام زۆر زۆر گلەییمان لەرێكخەرانی پاڵەوانێتیەكە هەیە كە بەبێ‌ هیچ حسابكردن بۆ یاریزانان بەكەمترین ماوە یاریەكانیان ئەنجام دەدا، بەجۆرێك دوای تەواو بوونی قۆناغی یەكەم تەنها دوو رۆژ ئیسراحەتمان كردووە‌و دواتر یاریەكانی قۆناغی هەشت دەستی پێكرد.
ئەوەشی بۆ دوارۆژ خستەروو" لەقۆناغی هەشتدا بەهۆی ماندووبونم بەئەنجامدانی چوار یاری لەقۆناغی یەكەمدا‌و توشبونم بەپێكان‌و نەبوونی شانس نەمتوانی بەربەستی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەردەن زید محەمەد ببرم، راشد سەند یاریزانی هەڵبژاردەی بەحرێن توانی هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق عومەر ئەیاد‌و محەمەد زیاد بكاتە دەرەوەی پاڵەوانێتیەكە هەر سێ یاریەكەش بەئەنجامی (4-0) كۆتایی هات.
سەیفەدین راشیگەیاند" لەهیچ پاڵەوانێتیەكی دنیادا نەبووە پاڵەوانێتی بەماوەیەكی كەم تەواو ببێت، ئەگەر ئەو هۆكارانە نەبوایە بەدڵنیاییەوە یاریزانە كوردەكان بەئاسانی دەگەیشتنە قۆناغی پێش كۆتایی یاری كۆتایی.
یاریزانە كوردەكەی یانەی سلێمانی‌و هەڵبژاردەی عێراق ئەوەشی خستەروو" لەئاستەكانیتردا یاریزانانی عێراق توانییان بگەنە قۆناغەكانی كۆتایی‌و تەنانەت مەدالیای ئاڵتون‌و زیوو برۆنز بەدەست بێنن.
پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی هەڵبژاردەكاین رۆژئاوای ئاسیا بەبەشداری هەریەك لەولاتانی ئەردەن‌و عێراق‌و بەحرێن‌و ئیمارات‌و سعودیە بۆ ئاستەكانی خونچەكان‌و پێچوەشێران‌و تازەپێگەیشتوان‌و پێشكەوتووان‌و كچان بەرێوەدەچێت


 

ئەردەلان محەمەد