زانیاری لەبارەی یارییەكەی ئەمرۆی ریال مەدرید بزانە

22/10/2019 - 10:03 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/جیهانی

 

لە ڕكابەرییەكانی كۆمەڵەی یەكەمی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ڕیال مەدریدی خاوەن زۆرترین نازناوی خولەكە لە مێژوودا، دواین چانسی خۆی بە مانەوە لەم وەرزە تاقی دەكاتەوە كاتێك لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە ئەركێكی زەحمەت دەبێتە میوانی یانەی گەڵاتەسەرای توركی.

ڕیال مەدرید بە دۆخێكی ناسك تێپەڕ دەبێت ئەم یانەیە لە دوو یاری رابردوو خاوەنی تاكە خاڵێكە بە دۆڕان بەرامبەر پاریس سان جێرمان و بەرامبەر بوونێكی زەحمەت لەگەڵ كلوب بروج، یاری ئەمجارەشی ئاسان نیە، لەكاتێكدایە شاهانە ئەم یارییە ئەنجام دەدات لەسەرەتای ئەم هەفتەیە توشی یەكەمین دۆڕان بوو لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر ڕیال مایۆركا و پێشەنگی یانەكانی خولەكەی لەدەستدا ئەمەش ئەركی تیپەكە بۆ ئەم یارییە زەحمەت تر دەكات.

هەریەك لە لۆكا مۆدریچی كرواتی و گاریس بێلی وێڵزی و لۆكاس فاسكێز و ناچۆ و ئەسینسیۆ بەهۆی پێكانەوە بەشداری لەم یارییەدا ناكەن و ماریانۆ دیازیش بەهۆكاری هونەری بۆ ئەم یارییە بانگهێشت نەكراوە ، تۆنی كروسیش دوای چاك بونەوەی لە پێكان بۆ ئەم یارییە بانگهێشت كراوەتەوەو ڕەنگە بەشداری بكات، پێدەچێت ئەم یارییە دواین چانسی زێدانی ڕاهێنەربێت بۆ مانەوە لە پۆستەكەی.

هەرچی یانەی گەڵاتەسەرای توركیە خاوەنی خاڵێكە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گرتوە، لەیاری یەكەم لەگەڵ كلوب بروج بەرامبەر بووەو لەیاری دووەمیش بە زەحمەت بە پاریس سان جێرمان دۆرا، ئەم یانەیەش هەوڵ دەدات سوود لە دۆخی ناهەواری ڕیال مەدرید ببینێت و یەكەمین بردنەوە بەدەست بهێنێت.