بەهاتریكی میسی ، بەرشلۆنە پێشەنگی وەرگرتەوە

08/12/2019 - 09:15 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/جیهانی

 

بەهاتریكی لیۆنێل میسی یانەی بەرشلۆنە گەڕایەوە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا پاش بردنەوەی لە ڕیال مایۆڕكا بەپێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لەو یارییەی لەسەر یاریگای نیوكامپ بەڕێوەچوو.

لەخولەكی حەفت ئەنتوان گریزمان گۆڵی یەكەمی بۆ بەرشلۆنە تۆمار كرد، دوای تێپەڕینی 10 خولەكی تر بەسەر یارییەكە ، لیۆنێل میسی تیپەكەی كردە خاوەن گۆڵی دووەم، لەخولەكی 35 ئەنتی بۆدیمیر گۆڵی یەكەمی بۆ ڕیال مایۆڕكا تۆمار كرد، لەخولەكی 41 میسی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەكەی تۆمار كرد، بەر لەكۆتایی ئەم گێمەش بە دوو خولەك لویس سوارێز تیپەكەی كردە خاوەن گۆڵی چوارەم، گێمی یەكەمیش بەم ئەنجامە كۆتایی هات.

لەخولەكی 64 ئەنتی بۆدیمیر گۆڵی دووەمی خۆی و ڕیال مایۆڕكای تۆمار كرد، بەر لەكۆتایی یارییەكەش بە حەفت خولەك لیۆنێل میسی بووە خاوەنی هاتریك و گۆڵی پێنجەمی بۆ تیپەكەی تۆمار كرد بە تۆمار كردنی ئەم هاتریكەش بە 12 گۆڵ هاتە پێشەنگی گۆڵكاران، تیپەكەشی بە 34 خاڵ هاتەوە پێشەنگی یانەكان.