دۆرتمۆند لەیاریگای خۆی پاریسی شۆك كرد

19/02/2020 - 10:30 بڵاوکراوەتەوە لە وەرزش/جیهانی

بروسیا دۆرتمۆند بەسەركردایەتی سەركردە لاوەكە یانە دەوڵەمەندەكەی پایتەختی فەڕەنسای دوچاری شكست كرد.

 

یەكێك لەیاریە بەهێزو گەورەكانی دوێنێ شەوی خولی یانەپاڵەوانەكانی ئەوروپا یاری نێوان بروسیاو پاریس بوو.

بروسیا دۆرتمۆند لەیاریگای خۆی و بەئامادەبونی سوپایەك لەهاندەر ڕوبەڕوی یانەی پاریس سانت جێرمان بوەوە.

یاریەكە لەئاستێكی بەرزدا بەڕێوەچوو، هەر لەسەرەتاوە هەردوو لا بەهێرش بردن دەستیان پێكردو هەوڵی گۆڵیان دەدا،

بەڵام سەرجەم هێرشەكان لەگێمی یەكەمدا بێ ئاكام بون و سەرئەنجام گێمی یەكەم بەبێ گۆڵ بەكۆتا هات.

لەگێمی دوەمدا و لەخولەكی 69ی یاریەكە ئەستێرەی یەكەمی تیپەكەو یاریزانی تازەی یانەكە ئیرلینگ هالاند توانی گۆڵی یەكەم تۆمار بكات.

وەڵامی پاریس زۆری نەخایاند و لەخولەكی 75 نیمار داسیلڤا لەپاریس گۆڵی یەكسانی تۆماركردەوە.

دۆرتمۆند سوڕ بوو لەسەر بردنەوەی یاریەكەو لەخولەكی 77 گۆڵی دوەمی لەڕێگەی هالاندەوە تۆمار كرد و یاریەكەی بردەوە.

لەكۆتایشدا هالاند وەك باشترین یاریزانی یاریەكە دیاری كرا.

هالاند بەو دوو گۆڵەی تۆماری كرد كۆی گۆڵەكانی گەیاندە 10گۆڵ و هاوشان لەگەڵ لیڤاندۆڤیسكی هەریەكەو بە 10گۆڵ گۆڵكاری خولەكەن تاوەكو ئێستا.

\