مینۆ رایۆلا، ئەو ناوەیە کە سەرۆک و خاوەنی یانەکان لێی دەترسن

دوو شەممە, 17 تەمموز 2017 07:56

ئامادەکردن : محمد ئەحمەد 
ئەو ناوەی کاتێک دێتە نێو گفتوگۆیەکەوە ھەمیشە زیان بە یانەیەک دەگەیەنێت و خۆی و بریکارەکەشی بە قازانجی زۆری دارایی سودمەن دەبن. 
لە زۆرینەی ئەو کاتانەی مینۆ رایۆلا بە نوێنەرایەتی یاریزانەکانی گفتوگۆ لەگەڵ یانەکان دەکات، سەرکەوتووانە بەڕە لەژێر پێی ئیدارەی یانەکان دەردەھێنێت و ناچاریان دەکات مەرجەکانی لەبەرژەوەندی بریکارەکەی قبوڵ بکەن، ئەمەی دواییش کە لەگەڵ یانەی میلان روویدا دواین کاریەتی کە رۆسۆنێری ناچار کرد بە مەرجەکانی دۆنارۆما قایل بن. 
رایۆلا یەکێکە لە بەناوبانگترین بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانان، ئێستا بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆری ئەستێرە جیھانییە ناودارەکانە لەسەرو ھەمووشیانەوە ئیبراھیمۆڤیچ و پۆگبا، ئەمەش وای کردووە یانەکان لێی بترسن، چونکە توانایەکی باشی ھەیە لە سەپاندنی مەرجەکان بەسەریاندا. 
رایۆلا لەھەموو نوێ کردنەوەی بۆندی بریکارێکی پارە وەردەگرێت، بەڵام قازانجەکەی لەکاتی گواستنەوەی بریکارەکەی بۆ یانەیەکی تر زیاتر دەبێت، بەجۆرێک وەرزی رابردوو تەنیا لە رێگەی گواستنەوەی پۆڵ پۆگباو ھینریک میختاریان بۆ مانچستەر یونایتد، بڕی ٥٠ ملیۆن یۆرۆی دەستکەوت. 
زۆرێک لە یانەکان کە رایۆلا بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانێکێ  بێت یاخود ببێتە بەڕێوەبەری یاریزانێکیان ترسی زۆریان لێدەنیشێت، چونکە ئەو ئارەزوی زۆری لە شوێنگۆڕکێی یاریزانەکانی ھەیە، باشترین نموونەش بۆ ئەمە کەیسی ھنریک مخیتاریانە کە رایۆلا ھەموو ھەوڵێکی خستە گەڕ بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ پریمەرلیگ. 
یانەی بروسیا دۆرتمۆند دوای ئەو بۆندە جارێکی تر مەترسی رایۆلای چۆتەوە سەر بەتایبەت کە رایۆلا زۆر نزیکە لەوەی ببێتە بەڕێوەبەری کارەکانی عوسمان دیمبلی ئەستێرەی لاوی یانەکە، بۆیە شێرەکانی فێستیڤاڵیا لەوە دەترسن ھەمان سیناریۆی میختاریان دووبارە بکاتەوە. 
بەپێی پێگەی (فیلت) ی ئەڵمانی رایۆلا خۆی بەشی خۆی لە بۆندەکان دیاری دەکات، وەکو خۆشی رایگەیاندوە ئەو گوێ بە لەسەدا دەی بەش نادات، چونکە زۆر بۆند ھەیە بەشی ئەو گەیشتۆتە ٥٠%. 
رایۆلا لەنێو رۆژنامەنووساندا بە رێوی بانگ دەکرێت، ئەمەش بەھۆی زیرەکی لە مامەڵە کردن و قایل کردنی یانەکان بۆ ئەوەی بەمەرجەکانی قایل بن، لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری کاری یاریزانانی تر خۆشیان ناوێت و پێیان وایە رەفتارەکان و شێوازەکانی رایۆلا پیشەکەی ئەوانیشی ناشرین کردووە. 
رایۆلا لە تەمەنی یەک ساڵیەوە لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە بۆ ھۆڵەندا، لە تەمەنی لاوێتیدا لە چێشتخانەیەکی پیتزا کاری کردووە، بەھۆی ئەمەشەوە زۆرێک لە بەڕێوەبەرەکان بۆ ئەوەی لە توانای کەم بکەنەوە بە پیتزا دروستکەر ناوی دەبەن. 
لەوەڵامی ئەمەشدا رایۆلا دەڵێت: ئەو لەو چێشتخانەیە ھەموو کارێکی کردووە، بەڵام ھەرگیز کاری دروستکردنی پیتزای نەکردووە، بەڵام لەو چێشتخانەیە رایۆلا ھەموو شتێک فێربووە، ئەمڕۆ لە کاری بەڕێوەبەری کاری یاریزانان سوودی لێوەردەگرێت، بەجۆرێک تا ئەمڕۆش کاتێک لەگەڵ یانەیەک گفتوگۆ دەکات لەسەر ویستی ئەو گفتوگۆکە لە چێشتخانەیەک دەکرێت و رەتی دەکاتەوە بچێتە بارەگای ئەو یانانە. 
رایۆلا ھەمیشە بە چاویلکەیەکی رەش و تیشێرتێکی سپی پۆلۆ دەردەکەوێت و ئەو شێوازی جل و بەرگەش بۆتە سیمبول بۆی، یەکەم بۆندیشی لە جیھانی تۆپی پێدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣ کاتێک دینیس بێرگکامپی ھۆڵەندی لە ئەیاکسەوە گواستەوە بۆ ئینتەرمیلان. 
رەفتارەکانی رایۆلا لای ھەندێک بەجۆرێک قێزەونە کە نایەڵن رایۆلا نزیکی یانەکەیان بکەوێتەوە،‌ئەوەتا یانەی ریاڵ مەدرید بڕیاری داوە ھیچ بۆندێکی لەگەڵدا ئیمزا نەکات و رێگە نادات لە ریاڵ نزیک بکەوێتەوە یاخود نێوەندگیری بکات لە بۆندێک کە یانەکە بیەوێت ئیمزای بکات. . . 

 

 

هه‌ڵوێست .. عومه‌ر