راپۆرت ... بەرازیل لەدوا ساتەكان لە كۆستەریكای بردەوە

شەممە, 23 حوزەیران 2018 06:36

 

هەڵبژاردەی بەرازیل خەریك بوو بەدەردی هەڵبژاردە بەهێزەكانی دیكە بچێت و هاوشێوەی گەڕی یەكەم بە یەكسانبوون كۆتایی بەیارییەكەی خۆی بهێنێت بەرامبەر كۆستەریكا بەڵام لەكۆتاییدا بردنەوەی تۆماركرد و سێ خاڵی بردەوە".
لەیارییەكانی گەڕی دووەمی قۆناغی گرووپەكانی پاڵەوانیەتی جامی جیهانی (2018)ـی رووسیا هەردوو هەڵبژاردەی كۆستەریكا و بەرازیل رووبەرووی یەكتربوونەوە".
لەیارییەكەدا هەڵبژاردەی بەرازیل بە ئەنجامی (2 – 0) بردنەوەی تۆماركرد و سێ خاڵی بەدەستهێنا و ئەركی خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاسانتركرد".
لەگێمی یەكەمدا هەڵژاردەی بەرازیل باشتر یاریكرد و ئاستێكی بەرزی پێكەشكرد ، بەڵام كایلۆ ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستەریكا سەركەوتووبوو لە پاراستنی تۆری تیپەكەی لەبەردەم مەترسییەكانی هەڵبژاردەی بەرازیل".
لە گێمی دووەمدا تیتی راهێنەری بەرازیل دركی بەوە كرد ئەگەر لەسەر ئەم ریتمە بەردەوام بن دەكەنەوە داوی یەكسانبوون و بەهەمان شێوەی ئەرجەنتین قورسترین سیناریۆ رووبەروویان دەبێتەوە".
لە خولەكی (78) ناوبژیوانی یاری لێدانێكی سزای بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل هەژمار كرد و دڵخۆشی خستە دلی هاندەرانی سامبا ، بەڵام لەكۆتاییدا تەكنەلۆجیای ڤار روونی كردەوە حاڵەتەكە لێدانی سزا نییە ، بۆیە ناوبژیوان لە بریارەكەی خۆی پاشگەزبوویەوە و یارییەكەی بەردەوام كرد".
نزیكبوو یارییەكە بگاتە حاڵەتی كۆتایی و هەردوو هەڵبژاردە خاڵێك بۆخۆیان لەت بكەن ، بەڵام فیلیپی كۆتینهۆ رایەكی دیكەی هەبوو ، هەوڵیدا رۆڵی سەركردە لە تیپەكە ببینێت و گۆڵی سەركەوتن لە خولەكی یەكەمی كاتی زیادكراو تۆمار بكات".
هەڵبژاردەی بەرازیل بەم گۆڵە نەوەستا و لەرێگای نیمار داسیلڤا لە خولەكی كۆتایی یارییەكە ، توانی گۆڵی دووەم تۆمار بكات و هەڵبژاردە بە دوو گۆڵ بكاتە خاوەنی سێ خاڵ".
بەم ئەنجامەش هەڵبژاردەی بەرازیل خاڵەكانی خۆی كردە 4 خاڵ و نزیكدەبێتەوە لە گەیشتن بە قۆناغی دووەمی مۆندیالی رووسیا".
هەرچی هەڵبژاردەی كۆستەریكایە بەبێ خاڵ پلەی چوارەمی گرتووە بەشێوەیەكی فەرمی ماڵئاوایی لە مۆندیالی (2018) كرد و گەرایەوە وڵاتی خۆی".


 

رێكان عزیز