ئەمشەو ئینگلتەرا و كرواتیا یاری لوتكە ئەنجامدەدەن

یەک شەممە, 18 تشرینی دووەم 2018 06:40

 

یاریگای وێمبڵی دەبێتە شانۆیەكی گەورە بۆ سەركەوتنی ئینگلتەرا یان كرواتیا یانیش كەوتنی هەردوو تیپ و گەیشتنی ماتادۆر بە چوار گۆشەی زێرینی ئاستی یەكەمی خولی نەتەوەكان لە ئەوروپا كاتێك ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و كرواتیا لە كۆمەڵەی چوارەم رووبەرووی یەكتری دەبنەوە".
ئێستا بارودۆخی ئەم كۆمەڵەیە لەگەڵ دوو جەولە بەر لە ئێستا زۆر گۆرانكاری بەسەرداهاتوە، ئینگلتەرا بە بردنەوەی ئەم یارییە دەگاتە قۆناغی دووەمی خولەكە، ئینگلیزیەكان سەرەتا توشی دۆران بوون لە یاریگای خۆیان بە ئیسپانیا پاشان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان چوار خاڵی گرنگیان بەدەستهێنا لە بەرامبەر بوون لەیاری هاتن لەگەڵ كرواتیا و بردنەوە لە یاری چوون لە ئیسپانیا".
گاری ساوسگێتی راهێنەری ئینگلتەرا تیپەكەی بەشێوەیەكی باش بۆ ئەم یارییە ئامادە كردووە، بەر لەم یارییەش تیپەكە یارییەكی دۆستانەی بەرامبەر بە ئەمەریكا ئەنجامداو بردنەوەی تۆمار كرد، تەواوی یاریزانانی ئینگلتەرا بۆ ئەم یارییە ئامادەن، نایانەوێت دەستكەوتێكی مێژوویی لەسەر یاریگای وێمبڵی لەدەست بدەن و هەوڵ دەدەن مێژوویەكی پڕشنگدار بۆ تیپەكەیان بنوسنەوە".
گاری ساوسگێتی راهێنەری ئینگلتەرا لەبارەی یاری بەرامبەر كڕواتیا دەڵێت:" حیساباتی ئەم یارییە زۆر سادەیە، ئەوەی براوە بێت دەگاتە قۆناغی دووەم بۆیە هەردوو تیپ تەركیز لەسەر بردنەوە دەكەن، داوا لە یاریزانەكان دەكەم شكستی مۆندیالی رابردوو لەیاد بكەن كاتێك لەیاری پێشكۆتایی بە كڕواتیا دۆراین، هەوڵ دەدەین ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین و بردنەوە تۆمار بكەین پێكهاتەیەكی بەهێز و گونجاومان هەیە بۆ ئەوەی دڵی هاندەران لە یارییە خۆش بكەین،هەوڵ دەدەین قەرەبۆی شكستەكەی مۆندیال بكەینەوە".
هەرچی كڕواتیایە دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم خولە بە ئاستێكی خراپ بەدیار كەوت لە دوو یاری رابردوو هاوسەنگی بەدەست هێناوەتەوە، ئەم تیپە گەورەترین شكستی لە مێژوویدا توش بوو كاتێك بە شەش گۆڵی بێ بەرامبەر بە ئیسپانیا دۆرا، بەڵام دواتر لەگەڵ ئینگلتەرا بەرامبەر بوو، لە یاریگای خۆشی لە جەولەی رابردوو لە ئیسپانیای بردەوە".
كڕواتیەكان بەشێوەیەكی باش بۆ ئەم یارییە ئامادەكارییان كردووە هەوڵ دەدەن ئەنجامێكی باش تۆمار بكەین و سەركەوتن لە یارییەكە بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بگەنە قۆناغی دووەم".
زلاتكۆ دالیچی راهێنەری كرواتیا بەشێوەیەكی باش تیپەكەی بۆ ئەم یارییە ئامادە كردوە دەیەوێت ئەو دەستكەوتەی لە مۆندیال بەدەستی هێنا دووبارەی بكاتەوە ،بۆ ئەم یارییە ئیڤان ڕاكیتیچی لە پێكهاتەی تیپەكەی دوورخستۆتەوە بەهۆی ئەو پێكانەی لە یارییەكە توشی بووە،لەیاری رابردوو نیكۆلا فلاسیچ شوێنی گرتەوە بەشداری لە یارییەكە كرد، بەشداری نەكردنی ئەم یاریزانەش لە یارییەكە كاریگەری لەسەر ئاستی كرواتیا دەبێت".
ئەگەر یارییەكە بە بەرامبەر بوون كۆتایی پێ بێت ئەوا ئیسپانیا سەردەكەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو، ئینگلتەرا لە ئاستی یەكەم دەمینێتەوەو كڕواتیاش دادەبەزێت، بەهەر جۆرێك بێت ئیسپانیا مانەوەی مسۆگەرە لە ئاستی یەكەم و هەر تیپێك توشی دۆران بێت بۆ ئاستی دووەم دادەبەزێت".