بەرشلۆنە لە باشترین دۆخدا ، ئەمشەو میوانداری تۆتنهام دەكات

سێ شەممە, 11 کانونی یەکەم 2018 06:47

 

لە كۆمەڵەی دووەمی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرشلۆنە بەبێ پاڵەپەستۆ جەولەی شەشەم ئەنجام دەدات، تیپەكەی هەرێمی كاتالۆنیا لە دۆخێكی باشدا میوانداری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی دەكات، بەرشلۆنە یەكەمی ئەم كۆمەڵەیەی مسۆگەر كردووە، لە یاری هاتنیش بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ سەركەوتنی تۆمار كردووە".

بەرشلۆنە لە جەولەی رابردووی خولی ئیسپانیا دێربی هەرێمی كاتالۆنیای لە ئیسپانیۆڵ بردەوەو بەتەنها پێشەنگی یانەكانی خولەكەی گرتوە، ئەم یانەیە كار بۆ ئەوە دەكات درێژە بە بردنەوەكان بدات و ببێتە بەربەست لەبەردەم سەركەوتنی یانەی تۆتنهام بۆ قۆناغی داهاتوو، بۆ ئەم یارییە هەریەك لە رافینیا و مالكۆم و سێرجی رۆبیرتۆ و سامبر و ئۆمتیتی بەهۆی پێكانەوە بەشداری ناكەن".

راهێنەری یانەی بەرشلۆنە ڤالڤێردی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەكە گوتی:" رەنگە پشوو بە لویس سوارێز بدەم چونكە یاریزانێكی زۆر ماندووەو پێویستی بە پشوو هەیە، لەهەمان كاتدا دیارنیە میسی یاریزانی سەرەكی دەبێت یاخود پشوو وەردەگرێت، یانەی تۆتنهامیش یانەیەكی بەهێزەو پێویستە رووبەڕوویان ببینەوەو سەركەوتن تۆمار بكەین".

هەرچی یانەی تۆتنهامە لە ئێستادا ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی یانەكانی ئینگلتەرای گرتوە، ئەم یانەیەش هیوای وایە بگاتە قۆناغی داهاتووی خولەكە، بۆ ئەمەش ئەركێكی زەحمەت چاوەڕێی دەكات ئەویش ئەوەیە پێویستە بردنەوە بەرامبەر بە یانەی بەرشلۆنە تۆمار بكات ئەمەش كارێكی ئاسان نیە بەتایبەتی لەكاتێكدا یارییەكە لە نیوكامپ ئەنجام دەدرێت".