سەرۆكایەتی كۆمار یان سەرۆكایەتی پەڕلەمان ؟

  سێ شەممە, 09 کانونی دووەم 2018 16:36

 


گەلی كورد بەشێكی گرنگی پێكهێنەرەكانی عێراقە چ لە ڕووی نەتەوەیی بێت یان لە ڕویی خاك و جغرافیا بێت ، ئەم گەلە دەورانێكی زۆرە خەبات دەكات لە پێناوی بە دەست هێنانی مافە ڕەواكانی خۆی و دەجەنگێ بە ڕووی حكوماتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق و لەم پێناوەشدا هەم گەلە كەی هەم شۆڕشەكانی توشی هەڵدێر و نشێوی زۆر هاتون و ئەو ئەنجامەی كە خوازراو بوە پێی نەگەشتوە و تا ئەم ساتە وەختەش بە هیوای ئەوە وە ئەژی كە ئەو مافە ڕەوایانە بە دەست بهێنێ تا ئەو پەڕی كە بریتیە لە سەر بەخۆیی .


بەڵام كە بە هۆی زەرف و بارو دۆخی ناوچەكەوە ناتوانێ هەنگاوێكی وا بنێ و هاوكێشە نێودەوڵەتیەكان لە بەرژەوەندی ئەم نیە پێویستە لە عێراقدا ستراتیجی بریتی بێت لە سەقام گیری و دروست كردنی كەش و هەوایەك كە بتوانێ زۆر تر ماف بەدەست بهێنێ لە ڕێگەی دەستور و پشت بەستن بە دۆست و هاو سوزەكانی و وەستانی لە پێگەیەكدا كە بتوانێ ئامرازی بە دەست هێنانی ئەو مافانە بێت .


ئێستا لەم ووڵاتەدا سەرۆكایەتی وەزیران و حكومەت لە لای شیعەكانە و بە هۆی ئەوەی كە ئەوان گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانین ، وسەرۆكایەتی كۆمار و پەڕلەمانیش لەلای سونە و كوردە ، ئەكرێ لە قۆناغی داهاتودا و لە هەڵبژاردنی ئایندەدا ، كورد هەڵوێستەیەك بكات ئاخو سەرۆكایەتی كۆمار وەك دەزگا توانیویەتی زۆرترین ماف بۆ گەلی كورد بە پێی دەستور دەستە بەر بكات ( لێرەدا ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ كەسەكان ناكەین ) بە ئەندازەی ئەوەی لە سەر دەزگاكان ئەوەستین چونكە لە كۆتاییدا ئەوە دەزگایە بەر پرسیاریەتی و دەسەڵات دیاری ئەكات بۆ كەسەكان ، كەواتە نابێ ستە میان لێ بكەین ، بەهەر حاڵ ئەوەندەی بە پێی تەجروبەی شەخصی خۆم وا بۆ ماوەی زیاتر لە نۆ ساڵە لە ناو دام و دەزگای دەوڵەتی عیراقیدا كار دەكەم پێم وایە كورد پێویستە هەڵوێستە بكات ، ئەگەر رۆژێ سەرۆكایەتی كۆمار خزمەتێكی كردبێت بە دۆزی كورد و مافە دەستوریەكانی هۆكاری خودی و بابەتی لە پشتی بوە ، ئێستا هەموو لایەك چاویان كردۆتەو وخەریكی قایم كردنی جێ پێی خۆیانن ، ئێستا كورد پێویستە هەوڵ بدات لە خولی داهاتودا سەرۆكایەتی پەڕلەمان بگرێتە دەست لەبەر ئەم هۆكارانەی لای خوارەوە :


1- سەرۆكایەتی كۆمار راستە دەسەڵاتی جێ بەجێكاری لایە بەلام لە چاو پەڕلەمان زۆر كەمە .
2- پەڕلەمان دەزگایەكی تەشریعیە و یاساكانی جێ بەجێ كردنی دەستور لە پەرلەمانەوە دەر ئەچێ .
3- گرفتی هەرێمیش لە گەڵ حكومەتی ناوەندیدا مەسەلەی دەستورە و هەردولا یەكتری تاوان بار ئەكەن بە شكاندنی دەستور .
4- لە بەر ئەوەی سستەمی حوكم لە عیراق پەڕلەمانیە لە رووی گرنگیەوە ئەو دەزگای كە لە ئاستی حكومەتدایە تەنها بریتیە لە پەرلەمان نەك سەرۆكایەتی كۆمار .
5- پەرلەمان چەترێكە لە ژێریدا ئەتوانی زۆرترین گەمەی سیاسی بكەی بۆ ئەوەی مافەدەستوریەكانت بە دەست بهێنی و لە بەرامبەردا داكۆكی لە مافی دەستوری هاوكارەكانت بكەیتەوە .

چۆن بتواین ڕێگا خۆش بكەین بۆ بە دەست هێنانی ئەم سەرۆكایەتیە ؟


1- پێم وایە ووڵاتانی عەرەبی زیاتر پشت گیری ئەوە ئەكەن عیراق سەرۆكێكی عەرەبی سونەی هەبێت و ئەكرێت كاری بۆ بكرێت لە ڕێگای دبلۆماسیەوە .
2- بە پێی خوێندنەوەی خۆم لایەنە شیعەكانیش مەیلیان هەیە بۆ ئەم بژاردەیە چونكە لە ماوەی دە ساڵ و دوانزە ساڵی ڕابردودا پەیوەندی نێوان حكومەت و پەڕلەمان بە زۆری لە دۆخێكی باشدا نەبوە و هەر چۆن بێت كورد و شیعە زیاتر ئەتوانن گوێ لە یەكتر بگرن تا شیعە و سوننە و لە كۆتایشدا شیعەكان ئەوە باش ئەزانن كە ئەوە حكومەتە بەر پرسیارە لە بەردەم هاوڵاتیدا بۆیە حەزیان بەوە هەیە كە حكومەتێكی سەركەوتویان هەبێت و بە دوای ئامرازی سەركەوتنەكەشدا دەگەڕێن .
3- ئەبێ كورد ئەگەر توانی بۆ هەڵبژاردنەكان بە یەك لیست دابەزێت ( بەندە هاوڕام لە گەڵ ئەم بۆچونەدا ) یان بە یەك كوتلە بچنە گفتو گۆكانەوە دوای هەڵبژاردن نەك پەردەوازە و بەش بەش ببن .
4- لە لیستەكاندا كەسانێك هەڵبژێرن كە بتوانێ سەرۆكایەتی پەرلەمان ببات بە ڕێوە .
5- كار بكرێت سیاسەتی ( بە سفر كردنی گرفتەكان ) لە گەڵ حكومەت ی ناوەند پێش هەڵبژاردن تەواو بكەن و بۆ خولی ئایندە تەواو زیهنیەتیان ڕۆشن بێت و بە گرفتی كۆنەوە سەر قاڵ نەبن و نەیكەنە بەشێك لە مەوادی گفتو گۆكان
6- ئەبێ لە هەرێمیش هەمان سیاسەتی بە سفر كردنی گرفتەكان بگیرێتە بەر ، چونكە ناكرێ لە ماڵ شەڕت بێت و لە كۆڵان پشتی یەك بگرن ئەمە ناچێتە سەر .