هه‌ولێر... له‌گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ئاماده‌ نیه‌ نه‌خۆشێكی كتوپڕ وه‌ربگرێت

پێنج شەممە, 20 نیسان 2017 18:25

گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ تیایدا له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر هاوڵاتییه‌كی نه‌خۆش داوای چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام پزیشكانی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ هاوڵاتیه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ وه‌رناگرن و فه‌رامۆشی ده‌كه‌ن.

برای نه‌خۆشه‌كه‌ له‌گرته‌ڤیدیۆكه‌دا رایگه‌یاندووه‌، نه‌خۆشه‌كه‌یان له‌حاڵه‌تی مردندایه‌، كه‌چی له‌نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری دكتۆره‌كان ئاماده‌نین پێشوازی لێبكه‌ن‌و چاره‌سه‌ری بۆ بكه‌ن. له‌وباره‌یه‌وه‌ د.خالس قادر، له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی دواڕۆژ ریگه‌یاندووه‌، هه‌موو نه‌خۆشێك كاتێك سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كات، ده‌بێت وه‌ره‌قه‌ی ئیحاله‌ی پێبێت، ئینجا وه‌رده‌گیرێت، له‌باره‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاریشه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردوه‌، ده‌كرێت نه‌خۆش وه‌ربگیرێت و چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ بكرێت، ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ مه‌ترسیداربوو.

هاوكات د. سامان به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا راگه‌یاندووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و نه‌خۆشه‌ براوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری، پێشتر له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی بووه‌و چاودێری چڕی هه‌ناسه‌دانی له‌سه‌ر بووه‌و له‌ژێر به‌نجی گشتیدابووه‌، به‌ڵام خانه‌واده‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ له‌كاتی هاتنیان بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ بێڕێزییه‌كی زۆریان به‌ كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ كردووه‌.