ڤیدیۆ... فلیمێكی ئه‌نیمه‌شن باس له‌ دروستبوونی شه‌ڕی نێوان سعودیه‌ و ئێران ده‌كات

شەممە, 16 کانونی یەکەم 2017 12:01

 

به‌گوێره‌ی كورته‌ فیلمێكی ئه‌نیمه‌یشنی سعوودی، شه‌ڕ له‌ نێوان شانشینی سعوودیه‌ و كۆماری ئیسلامی ئیران درووست ده‌بێت و سه‌ره‌نجام سعوودیه‌، سوپای پاسدارانی ئێران تێكده‌شكێنێ و قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانیش ده‌ستگیر ده‌كات.


فیلمه‌كه‌ ناوی (هێزی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سعوودیه) یه‌ و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌نیمه‌یشنه‌كه‌دا قسه‌یه‌كی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه‌ نووسراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ئامانجی سه‌ره‌كی ئێران ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ قیبله‌ی موسڵمانان، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ناكه‌ین شه‌ڕه‌كه‌ له‌ سعوودیه‌ رووبدات، به‌ڵكو كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ئێران بێت.


به‌گوێره‌ی ئه‌نیمه‌یشنه‌كه‌، سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌ له‌ناو ئاوی كه‌نداو درووست ده‌بێت و كاتێك كه‌شتییه‌كی خێرخوازی شا سه‌لمان بۆ فریاگوزاری له‌لایه‌ن ئیرانییه‌كانه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر و له‌ ئه‌نجامدا هه‌موو كه‌شتی و پاپۆڕ و به‌له‌مه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران تێكده‌شكێنرێن.


به‌گوێره‌ی فیلمه‌ ئه‌نیمه‌یشنه‌ سعوودییه‌كه كه‌ماوه‌كه‌ی 6 خوله‌كه‌‌، دوای ئه‌وه‌ ئێران به‌ مووشه‌ك ده‌یه‌وێت هێرش بكاته‌ سه‌ر سعوودیه‌، به‌ڵام به‌هۆی سیستمی مووشه‌كی پاتریۆت سه‌رجه‌م مووشه‌كه‌كانی ئێران له‌ ئاسمان تێكده‌شكێنن و پاش ئه‌وه‌ به‌هۆی فڕۆكه‌ی جۆری تایفۆن فرۆكه‌ ئێرانییه‌كان له‌ ئاسمان ده‌خه‌نه‌ خواره‌وه‌.


له‌ به‌شێكی ئه‌نیشمه‌شینه‌كه‌دا، محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی سعوودیه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و خۆی سه‌رپه‌رشتی هێرش و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌كات و پاشان بنكه‌ی بووشه‌هری ئه‌تۆمی و بنكه‌ به‌دری سه‌ربازی ئێران به‌هۆی مووشه‌كی بای رۆژهه‌ڵات ده‌كرێنه‌ ئامانج و ده‌ته‌قێنرێنه‌وه‌، پاشان فرۆكه‌كانی سعوودیه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی میهرئابادیش وێران ده‌كه‌ن.

 

 

ش.م