بەڵام وازهێنان لە شەکر پرۆسەیەکی هەروا ئاسان نییە و جەستە بە ئاسانی و بە بێ گرفت کۆڵنادات، چونکە وەکوو چەندین توێژینەوەی زانستی دەریانخستووە، کاریگەریی شەکر لەسەر مێشک هاوشێوەی کاریگەری ماددە هۆشبەرەکانی وەکوو نیکۆتین و کۆکایین و مۆرفینە، واتە جۆرێک لە ئالوودەبوون دروستدەکات.
بۆیە بە وازهێنان لە شەکر چەند نیشانەی جەستەیی و دەروونی نەخوازراو دروستدەبن، کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێن، بەڵام لە هەموواندا کاتین و ئەگەر خۆراگربین، پاش ماوەیەک کۆتاییان دێت.
نیشانەکان بەزۆری دوو هەفتە یان هەندێک کەمتر و زیاتر بەردەوامدەبن بەپێی سروشتی جەستەی کەسەکە، بەزۆریش لەماوەی نێوان ژەمەکاندا زیاتردەکات، هەروەها لە کاتەکانی دڵەڕاوکێ و شەکەتیدا.
لەو نیشانانەی کە دوای وازهێنان لە شەکر دروستدەبن دەکرێ ئاماژەبکەین بە؛ خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، زیادبوونی ئارەزووی خواردن، سەرسووڕان، هێڵنج و هەستکردن بە ماندوویهتی.
بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم نیشانە بێزارکەرانەدا، هەندێک هەنگاو گرنگن، وەک:
1- زۆر خواردنی ڕیشاڵە خۆراکییەکان
2- زۆر خواردنی پڕۆتین
3- زۆر ئاوخواردنەوە
4- وەرزشکردن
5- کەمکردنەوەی ماوەی بێکاری