برۆكلی تەنها تامێكی خۆشی نییە، بەڵكو سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ڤیتامین و كانزاكان و ڕیشاڵە خۆراكییەكان و دژە ئۆكسانیشە، هەر بۆیە چەند ساڵێكە ئەو سەوزەیە بۆتە یەكێك لە سەوزە پەسەندەكان.
ناوەندە تەندروستی و خۆراكییە باوەرپێكراوە جیهانییەكان تەئكیدیان لە سوودە زۆرەكانی برۆكلی كردۆتەوەو بەسەرچاوەیەكی سەرەكی چەندین ماددەی گرنگیان داناوە كە لەشی مرۆڤ لە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت.
وە توانای هەیە پرۆسەی پیربوون دوابخات و ڕێگە لەچەندین نەخۆشیش بگرێت، لەوانەش نەخۆشی شەكرەو نەخۆشییەكانی دڵ و چەندین جۆری شێرپەنجە.
چەند توێژینەوەیەكیش دەریانخستووە، برۆكلی ئاوێتەی كیمیایی سروشتی (سلفۆرافان) ی تێدایە كە دەوڵەمەندە بەماددەی دژە ئۆكسان و دەتوانێت لە ناوچوونی خانەكان كەم یان هێواش بكاتەوە جگە لەوانەش.
برۆكلی ئەم سوودانەشی هەیە:
1. زۆر بە سوودە بۆ چاو : چونكە دەوڵەمەندە بە ماددەكانی دژە ئۆكسانی (لوتین) و (زیاكسانسین) كە شەكەتی ئۆكسیدە بوون و لەناوچوونی خانەكانی چاو دەپارێزێت.
ڕێگە لە شێرپەنجە دەگرێت : توێژینەوەكان دەریانخستووە سەوزەمەنییە شێوە خاچییەكان و لەوانەش برۆكلی، پێكهاتەی چاڵاكی بیۆلۆژی جیاوازیان تێدایە كە دەتوانن لەش لە چەندین جۆری شێرپەنجە بپارێزن.
2. كۆنتڕۆلكردنی ڕادەی شەكر لە خوێندا : برۆكلی زۆر بەسوودە بۆ ئەوانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، چونكە دەتوانێت ڕادەی شەكری خوێن كۆنترۆڵ بكات، زانایانیش ئەم توانایەی برۆكلی دەگەرێننەوە بۆ ئەوەی كە دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسان و ریشاڵەكان.
3. ڕێگە لە نەخۆشییەكانی دڵ دەگرێت : زانایان دەڵێن، لەبەر ئەوەی برۆكلی ئاستی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش ڕادەگرێت كەواتە رێگری لە نەخۆشییەكانی دڵ دەكات، چونكە كۆلیسترۆڵی زیانبەخش یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و بە هۆی ئەو دژە ئۆكسانانەی كە تێیدایە مەترسی جەڵتەی دڵیش كەمدەكاتەوە.
4. قەبزی كەمدەكاتەوە : لەبەر ئەوەی برۆكلی دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵەكان و دژە ئۆكسان، یارمەتیدەرێكی باشی ئەركەكانی ڕیخۆڵەیەو تەندروستی كۆئەندامی هەرس دەپارێزێت.