زۆر بە سادەیی و بەزمانێکی میللی دەڵێم: ئەم دەسهڵات و حکومەت و کیانە فیدراڵییە، دەرووخێت بەم نزیکانە و سیستهمەکە دەبێتە سیستمی پارێزگاکان !!!.
جا ئەوکات ئەم مافیا و دز و گەندەڵانە تاوانەکە وەك پیشەی هەمیشەییان دەخەنە ئەستۆی خەڵك و لایەنەکانی تر و دەڵێن: ئەگەر خەڵك پشتیوانی لە دزی و تاڵانییەکەی ئێمە بکردایە ئەم دەسەڵاتەمان لەدەست نەدەچوو، وەك دەڵێن: دەستە چهورەکەیان دەسرییەوە بە خەڵكدا؟!!!!.
دەڵێن: ئەوە خەڵك بوو داوایان کرد کە بخرێینە سەر بەغداد ، ئیتر ئەوەیان لەبیر دەچێت کە هەموو دونیا بە دۆست و دوژمنەوە تکایان لە تکابری کە گوێ لەدڵسۆزانی خەڵك بگرن و ناوماڵی کورد یەك بخەن، بەڵام سەروەت و سامانی دزراوی ئەم میللەتە بەرچاوی گرتبوون و غەرا بوو بوون و بەقسەی کەسیان نەکرد، تا سەری خۆیان تیابرد و قوریشتان کرد بە سەر میللەتی بەش خوراویشدا؟!!
هۆکاری ئەم هەرەسەش بەکورتی بۆئەم چەند خاڵە سەرەکیە دەگەرێتەوە:
1. زوڵم وستەمی دەسەڵات خاڵی جەهەوری رووخانەکەیە، چونکە خوای گەورە لە چەندان ئایەتدا مرۆڤەکان بە ئاگا دێنێتەوە کە خۆتان بپارێزن لە زوڵم و ستەم، چونکە زوڵم وستەم سەرئەنجامەکەی روخانە لە دونیادا و لە قیامەتیشدا دۆزەخە وەك دەفەرموێت { وَلَا تَحْسَبَنَّ اللَّهَ غَافِلًا عَمَّا يَعْمَلُ الظَّالِمُونَ إِنَّمَا يُؤَخِّرُهُمْ لِيَوْمٍ تَشْخَصُ فِيهِ الْأَبْصَارُ * مُهْطِعِينَ مُقْنِعِي رُءُوسِهِمْ لَا يَرْتَدُّ إِلَيْهِمْ طَرْفُهُمْ وَأَفْئِدَتُهُمْ هَوَاءٌ} [إبراهيم : 42-43].
پێشینانیش ووتویانە: هەموو شتێك لەباریکاییدا دەبچرێت تەنها زوڵم و ستەم نەبێت کە لە ئەستوریدا دەبچرێت!!!.
2. تەبا نەبوونی لایەنەکان، ئەویش هۆکارەکەی دەسەڵاتە کە هەموو شتێکی بۆ خۆی قۆرخ کردووە و گوێی بۆ کەس نەگرتووە.
3. نەمانی بەرژەوەندی ئەمریکا لە هەرێمدا، وەك ئەمریکا خۆی نایشارێتەوە، بەتایبەتی ترامپ کە دەڵێت: شەری ئێمە بۆ بەرژەوەندیەکانمانە و لە هەرکوێ بەرژەوەندیمان هەبوو ئێمە لەوێین!!!، لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدابوو کەبایەخ بە کورد بدات تا دۆزینەوەی بەدیلێك لە عێراقدا، تا عێراق لە ژێر چنگی ئێراندا دەربێنێت، ئێستا وا خەریکە ئەو بەدیلە دەدۆزێتەوە کە مصطفی کاظمی یە، ئیتر پێویستی بەم دەسەڵاتە گەندەڵە نامێنێت کە میللەتەکەی خۆی نایانەوێت.
کە ئەمریکاش دەستی لەم دزانە بەردا، ئیتر هیچ کۆسپێك لە بەردەم حکومەتەکەی کاظمی دا نامێنێتەوە بۆ رووخانی ئەم کیانە کوردییە؟!!!!
4. ووڵاتانی دراوسێ، وەك تورکیا و ئێران بە تایبەتی تورکیا، کە بۆ فرسەت دەگەرێت بۆ لەناو بردنی ئەم کیانە، چونکە دەزانێت ئەوەی هازەهازەی کوردانی تورکیا دەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش کیانێکی وك کوردانی باشوریان هەبێت، ئەم فیدراڵییەی هەرێمە، وا ئێستا دەستی پێ کردووە جارێك لە رێی خۆیانەوە، بەتایبەتی پارتی پەکەکە لەناو ببات ئەوسا سەرەی هەرێم دێت، (هەرئەم تورکیایە بوو کە پارتی کرد بەو دیکتاتۆرەی کە گوێ بۆکەس نەگرێت، بەشێوەیەك ببوو بە پشتیوانێکی تەواوی پارتی، نەوتی داعشی بۆ دەفرۆشت و ئیبراهیم خەلیلی بۆ ئاوەڵا کردبوو، ئەمەش لە بەرچاوی کاڵی کورد نەبوو بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە پارتی پەکەکەی بۆ لەناو ببات؟!!!!!)
ئەم سێ ووڵاتە دراوسێیە لە هەموو سیاسەتێکدا جیاواز بن لە سیاسەتی لەناو بردنی کوردا تەباو رێکن.
******
دەرئەنجامەکانی رووخانی ئەم کیانە:
1. کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زەرەر دەکات لەرووی کیانەوە، بەڵام لەرووی مەعیشەتەوە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم خۆشتر دەبێت.
2. زەرەری گەورە دەسەڵات و شوێن کەوتووەکانیان دەیکەن، چونکە خەڵکەکە هیچی نییە کە لە دەستی بدات، بەڵام ئەوان مەگەر خوا بزانێت چیان دزیووە، هەروەها ئەگەر ووڵاتانیش لێیان گەرێن خەڵك لێیان ناگەرێت و داخی نەمانی کیانەکە و داخی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەیان پێ دەرێژن.
3. مەگەر خوای گەورە چەرخ بگۆرێت و بەزەیی بەم میللەتە بەش مەینەتەدا بێتەوە، ئەگەرنا بۆ سەدەیەکی تر کورد ئەو کیانەی بۆ دروست نابێتەوە کە ووڵاتانی زلهێز فەرشی سوور بۆ دەسەڵاتی کوردی رابخەن؟!!!.
لەکۆتاییدا، داوا دەکەین لەوانەی کە تا ئێستا وەك دارشەق خۆیانداوەتە ژێر جەستەی ئیفلیجی ئەم دەسەڵاتە و پشتیوانی لێ دەکەن، واز لەم دەسەڵاتە بێنن و بێنە ریزی میللەتەوە بۆ ئەوەی دوای کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، روویان هەبێت بڵێن ئێمەش لە بەرەی خەڵك بوین و لە دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵات دەنگمان هەڵبریوە ، نەك وەك چاش و موستەشار و کۆنە بەعسییەکان تا توانیان ئەنفال و کوشتن و برۆ و تاڵانیان کرد، دوای روخانی رژێم دەیانووت: ئێمە لە ژێرەوە پەیوەندیمان لەگەڵ شۆرشدا هەبووە؟!!!.
ئیستاش لە خەڵکە قوربانیدەرەکە لە پێشترن؟!!!!.
لای خۆتان ئەم بابهته خەزن کەن بۆ مێژوو، منیش یەکەم کەس نیم کەئەم پێشبینیەم کردبێت، بەڵکو خەڵکانێکی زۆری دڵسۆز هەمان پێشبینیان کردووە.
داوای لێبووردن دەکەم لە درێژی باسەکە.