لەچەند ڕۆژی داهاتوو ئەمەش دەگاتە ئەمریكا ..!
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

لەچەند ڕۆژی داهاتوو ئەمەش دەگاتە ئەمریكا ..!

 

 

تۆپەڵە بارستاییەكی زۆر زۆر گەورە لە تۆزو خۆڵبارین بەڕووبەرێكی ئێجگار فراوان كە لە بیابانی گەورەی ئەفریقیاوە دروستبووە چەند ڕۆژێكی تر دەگاتە ویلایەتەكانی تێكساس و فلۆریداو لویزیاناو ویلایەتەكانی تری كەنارەكانی سەر كەنداوی مەكسیك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

دیاردەی تۆزو خۆڵبارین كە لە ئەفریقیاوە دروست دەبن و دواتر بەسەر ئۆقیانوسی ئەتڵەسیدا تێدەپەڕێت و گەیشتنی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەگشتی پێشتریش لەمانگی شەش و حەوتی هەندێك ساڵدا ڕوویانداوە، بەڵام زۆر بەدەگمەن وەكو ئەم بارستەیەی ئێستا بەڕێوەیە لە تۆزو خۆڵبارین گەورەو فراوان بووە.

ئەم بارستاییەی ئێستا لەسەر ئۆقیانوسی ئەتڵەسیەو بەڕێوەیە بەرەو ئەمریكا هێندە گەورە و فراوانە ڕووبەری چەندەها ملیۆن كیلۆمەتر دووجای داگیركردووە، سەدەها ملیۆن تۆن لە تۆز و لمی بیابانی گەورەی ئەفریقیای پێیەو لە كۆتایی ئەم هەفتەیەو سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەگاتە سەر پانتاییەكانی ویلایەتەكانی باشورو باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمریكا، دواتر بەسەر ویلایەتەكانی ناوەڕستی ئەمریكا بڵاودەبێتەوە.

ئەم تۆپەڵە گەورەو فراوانە لە تۆزو وردە لمی بیابان كاریگەریەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر كەش و هەوای ئەو ویلایەتانەی دەگات پێیان لە ئەمریكا، هەندێك كاریگەری بچووكی دەبێت لەوانە سوربوونی ئاسمان لەكاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون، هەروەها ئەوانەی كێشەی هەناسەدانیان هەیە دەبێت هاتنەدەرەوەیان كەمتر بكەنەوە لەو چەند ڕۆژەی داهاتوو.

خەڵكی لە ئەمریكا پێیان وایە ئەمساڵ ساڵێكی زۆر دەگمەن و پڕ لە كارەساتە بۆیان، جگە لە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ڤایرۆسی كۆڕۆناو كێشەو ناسەقامگیریە ناوخۆییەكان ترسیان لەوە هەیە هێشتا كێشەی گەورەتریش مابێت و بەڕێوە بێت، بۆیە كاتێك ئەم هەواڵەشیان بیست هەندێكیان تووشی دڵەڕاوكێ بوون، بەڵام هەر زوو كەشناسان خەڵكیان دڵنیا كردەوە كە ئەمەیان دیاردەیەكی زۆر سروشتیە..!

كەشتیەوانی ئاژانسی ناسا (دەگ هەرلی) كە ئێستا لەنێو وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتیە لە بۆشایی ئاسمانی دەوری گۆی زەوی دوێنێ ئەم وێنە جوانەی خۆڵبارینەكەی بڵاوكردەوە كە لە نێو وێستگەكە چركاندویەتی.

لوقمان حەوێز – تێكساس

 

هه‌واڵی گرنگ