ئەمڕۆ یادی (48) ساڵەی كۆچی دوایی (حەسەن زیرەك) ە
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

ئەمڕۆ یادی (48) ساڵەی كۆچی دوایی (حەسەن زیرەك) ە

 

 

ئەمڕۆ یادی (48) ساڵەی كۆچی دوایی (حەسەن زیرەك)ە، كە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوەو بەتەنها لەسەر تەختەی نەخۆشخانەیەك ژیانی بەجێهێشت.

(حەسەن زیرەك) لە ماوەی (51) ساڵی تەمەنیدا چەندین شاكاری هونەری لە ڕادیۆكانی ئێران و عێراقدا تۆماركردووە، لە بەشی كوردی ڕادیۆی بەغدا زیاتر لە (75) بەرهەمی تۆماركردووە، لە ڕادیۆی تاران (39) گۆرانی، لە ڕادیۆی كرماشان (84) گۆرانی تۆماركردووە، (212) بەرهەمی هەیە كە لە دانیشتنەكاندا لە شارەكانی باشورو ڕۆژهەڵاتی كوردستان تۆماری كردوون، زیاتر لە (60) مەقامی هەیە كە لەگەڵ بەستەی گۆرانیەكاندا تێكەڵیكردووە.

(حەسەن زیرەك) باڵادەستی تەنها لە دەنگخۆشیدا نەبووە، بەڵكو لەگەڵ ئەوەی خوێندەوارییەكی كەمی هەبووە، توانایەكی بێ وێنەی لە هۆنینەوەی هۆنراوەدا هەبووە، بەشێك لە هۆنراوەی گۆرانیەكانی خۆی ئامادەی كردووە، بۆنموونە هۆنراوەی گۆرانییەكانی ئەرێ بە توێی كەتانێ، ئەرێ بێنە.

(حەسەن زیرەك) بۆ گۆرانییەكانی هۆنراوەی (نالی، وەفایی، كوردی، هەردی، هێمن، پیرەمێرد) ی بەكارهێناوە، هەندێكیشیانی بەشارەزایی خۆی و بەپێی گونجانی لەگەڵ ئاوازەكەدا دەستكاری كردووە، ئەو دەستكاری و شارەزاییەشی لە گۆرانی (نەورۆزدا) دەردەكەوێت.

ئاوازی گۆرانییەكانی (حەسەن زیرەك) لە چوار تا پێنج تۆنی دەنگ پێكهاتووە، كە ئەمە یەكێكە لە سەرەكیترین تایبەتمەندییەكانی گۆرانییە فۆلكلۆریە كوردییەكان، لە كەمترین گۆرانیدا حەوت یا هەشت تۆنی دەنگ بەكارهاتووە، هەروەها گشت جۆرەكانی چواریلەكانی میوزیكی كوردی بەكارهێناوە.

(حەسەن زیرەك) ساڵی (1921) لە گوندی هەرمێلەی شاری بۆكان لەدایكبووە، لە تەمەنێكی بچووكدا باوكی كۆچی دوای دەكات، دواتر دەبێتە خزمەتكاری ماڵی ئاغای هەرمێلە، لە كۆڕو دانیشتنەكاندا بەشداری دەكات و گۆرانی دەڵێت، لە ساڵی (1953) دەچێتە بەغدا لەوێ یەكەم گۆرانی خۆی تۆمار دەكات و تێكڕا لەو ماوەیەدا (75) گۆرانی تۆمار دەكات، دواتر لە ساڵی (1958) دەچێتەوە ئێران و لە ڕادیۆكانی تاران، كرماشان و تەورێز دەیان گۆرانی دیكە تۆمار دەكات.

هەر لەو ساڵەدا (حەسەن زیرەك) لەگەڵ خاتوو (میدیا زەندی) هاوسەرگیری دەكات و دەبنە باوكی دوو كچ بە ناوەكانی، (ئارەزوو و ساكار) لە ساڵی (1971) تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت و لە دوای ساڵێك ململانێ لەگەڵ نەخۆشییەكەی لە (26/6/1972) كۆچی دوایی دەكات، لەسەر داوكاری خۆی لە كێوی ناڵەشكێنە لە شاری بۆكان سەر بە پارێزگای ورمێ بە خاك دەسپێردرێت.

 

 

هه‌واڵی گرنگ