جۆرێكی نوێی ئه‌نفلەوانزای به‌رازیان ئاشكرا كرا، كه “رەنگە ببێتە هۆی په‌تایه‌كی دیکەی جیهانیی كوشنده”.
به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك كه ئەنجامەکەی له گۆڤاری زانستیی ئه‌مەریكی، وه‌قائعی ئه‌كادیمیای نیشتمانی بۆ زانست بڵاوكراوه‌ته‌وه: زانایانی چین تووشی دڵه‌راوكێ بوون دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌نجامی پشكنینەکان بۆیان ده‌ركه‌وتووه، جۆرێكی نوێی ئه‌نفلەوانزای به‌راز سه‌ریهه‌ڵداوه، ئەنفلەوانزاکە ناوی G4ـە و هه‌مان نه‌ژادی H1N1 هه‌یه و گۆڕانی بۆماوه‌یی تێدا دروستبووه.
زانایان له زانكۆی چین و سه‌نته‌ری كۆنترۆڵی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستن ده‌ڵێن: “هه‌موو مۆركه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌نفلەوانزاكه به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو، ده‌گونجێن ببنە هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤ تووشبی ئه‌نفلەوانزاكه ببێت”.
له ماوه‌ی ساڵانی 2011 بۆ 2018 توێژه‌ره‌وه‌كان، 30 هه‌زار نموونە (سامپڵ)ـیان لە لووتی به‌راز وه‌رگرتووه له 10 كه‌رتی جیاوازی چین و، توانیویانه 179 جۆری جیای ئه‌نفلەوانزای به‌راز ده‌ستنیشانبكه‌ن.
توێژه‌ران لێكۆڵینه‌وه‌ی جیاوازیان كردووه لەسەر ئاژه‌ڵی (بانه‌وانگ-Ferret)، كه له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان له توێژینه‌وه‌كانی ئه‌نفلەوانزادا بەکاردێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ئاژەڵە به‌ده‌ست هه‌مان ئه‌و نه‌خۆشییانه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه تووشی مرۆڤ ده‌بن و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێکدێن لە: تا، كۆكه و هه‌ڵامه‌ت.
بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکە: G4 كوشنده‌یه. لەنێو خانه‌كانی له‌شی مرۆڤدا بڵاوده‌بێته‌وه و نیشانه‌كانی زۆر ترسناكترن له‌وه‌ی له سه‌ر ئاژه‌ڵی (بانه‌وانگ) ده‌ركه‌وتوون.
هه‌روه‌ها تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه ئه‌و به‌رگرییه‌ی جەستەی مرۆڤ هه‌یه‌تی له‌كاتی تووشبوون به ئه‌نفلەوانزای ئاسایی، هه‌مان به‌رگری نییه به‌رامبه‌ر G4.
به‌پێی پشکنینی خوێن كه له دژه‌ته‌نی جەستە وه‌رگیراوه، پێشبینی دەکرێت”10.4%ـی كرێكارانی كێڵگه‌كانی به‌خێوكردنی به‌راز تووشی نه‌خۆشییه‌كه ببن، هەروەها 4.4%ـی خه‌ڵكی چین بەگشتی تووشی نه‌خۆشییه‌كه بن”.
نه‌خۆشییه‌كه له ئاژه‌ڵه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤ، به‌ڵام تائێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه نیشانی بدات نەخۆشییەکە له مرۆڤێکەوە دەگوازرێته‌وه بۆ كه‌سێكی دیکە.