چەند سەرە قەڵەمێکی تەواوکاری بۆ فەتوای موچەی بندیوار
كوردی عربي كرمانجى English

هه‌واڵ وه‌رزش وتــار دیدار و چاوپێكه‌وتن فۆتۆگه‌له‌ری ڤیدیۆگه‌له‌ری ده‌رباره‌ی ئێمه‌
x

چەند سەرە قەڵەمێکی تەواوکاری بۆ فەتوای موچەی بندیوار

فەتوا دان بەدیدێکی فراوان و بەلەبەرچاوگرتنی کۆی ڕەهەند و دەرهاویشتەکانی پرسێکی تایبەت. جیاوازی هەیە لەگەڵ فەتوایەک کە تەنها لە درزێکی بچوک و لە جوغزێکی تەسکەوە بڕوانێتە هەمان پرس و قسەی لەسەر بکات ـ ئەمەو ئەگەر هیچ جۆرە فشارو داخوازییەك لەسەر خودی جەنابی موفتی بوونی نەبێت ـ لەو ڕوانگەیەوە بەلامەوە گرنگبوو چەند هەڵوێستەیەک بکەم لەسەر فەتوای ژمارە(۲۱٠) لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەبەرواری۲٠۲/۲٦/٦ لەژێر ناونیشانی (حوکمی موچە وەرگرتن بەبێ دەوام کردن (بندیوار) هەروەها وەرگرتنی دوو موچە لە حکومەت) کۆی فەتواکەو ناوەڕۆکەکەی ئاماژەیەکی دروست و جوان و ڕەوا لە خۆ دەگرێت کە بریتیە لە حەرامکردنی موچەی بێبەرانبەر و وەرگرتنی بڕە پارەیەکی مانگانە بەبێ کارکردن و پلەو پۆستێکی ڕاستەقینە و شایستە بوونێکی یاسایی و شەرعی و عورفی، جا وەرگرتنەکە بەشێوەی یەک مووچەیی بێت یان دوو موچەیی ئەوا بێگومان وەک دەوترێت خراپتر خراپە، تا ئێرە هیچ گرفتێک بوونی نییە دەست و دەمی ئەو لیژنە بەڕێزە خۆش و سەلامەت بێت. بەڵام ئەوەی نیگەرانی بەدوی خۆیدا هێناوە ئەوەیە کە ئەم (پرسە) بەشێوەیەکی پارەی (جزئی) مامەڵەی لەگەڵ کراوە و لیژنەی بەڕێز بەهیچ شێوەیەک نەچوون بەلای حەرەمی سوڵتاندا و ئەو هەموو ستەم و نادادیی و دزی و گەندەڵی و تەخشان و پەخشانکردنەی سێ دەیەیی ستەمکاری و حوکمڕانی کوردیان نادیدە گرتووە، کە دواینیان پاشەکەوتکردنی زۆرە ملێی فەرمانبەران و کلک و گوێ کردنی موچەی ئەمجارە و دواخستنی موچەی چلەی زستان بۆ ناوەڕاستی هاوین و تاڵانکردنی بانکەکان و بردنی داهاتی خێر و خێرەومەندانی نەخۆشخانەی هیوا و سندوقی بەتاڵی خانەنشینی و پێشینەکانی خانووبەرە، هاوسەرگیری، شتوکاڵ، بازرگانی و ، ناتوانایی و بیماری دەوڵەت لە کۆکردنەوەو چنینەوەی قەرزەکان و حەپەلوشکردنی داهاتەکانی ناوخۆو مەرزەکان و، هەڵتۆقینی دەیان ملیاردێری نایاسایی و هەزارن ملیۆنەری مشەخۆر کە بە پشتیوانی شەراکەتی بەرپرسی حیزبی و حوکمی بوونەتە خاوەنی ئەو سەرمایە زەبەلاحە.
ماوەتەوە بڵێم ئەرێ بەڕاست مامۆستایانی بەرێز ئەو هەموو نەهامەتیەی کە خەڵکی کوردستانی بەم ڕۆژە گەیاند نە دەکرا لەپاڵ تەقەکردن لە بندیوار و مشە خۆرەکاندا بفەرموون: دەبێت بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان داهات و پارەی بەتاڵان براو و خاکی داگیرکراوی میللەت بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی دەڵەت و پەرلەمان ڕاسپێرن بە لێپرسینەوە لە بەرپرسەکان لەسەر بنەمای (من أین لک هذا)!؟. نەدەکرا بڵێن بڕیارو هەڵسو کەوتی کەسی کاربەدەست دەبێت لە چوار چێوەی بەرژەوەندی گشتیدا بێت و بۆ خزمەتی خەڵک و خاک و شکۆی ئەزموونی حکومڕانی کوردستان بێت ( التصروف علی الرعیة منوط بالمصلحة)، ئەوەی کە مامۆستای مەزهەب و پێشەوای فیقهی دەڵێت: (منزلة الإمام من الرعیة منزلة الولي من الیتیم) کە بنەڕەتەکەی ئەم وتەیەی خەلیفە عومرە کەدەفەرموێت: من خۆمم وەک سەرپەرشتیاری هەتیو داناوە لەسەرماڵی گشتی ئەگەر خۆم هەبوو بووم ئەوا هیچ هەڵناگرم لێی، ئەگەریش هەژار بووم بە ئەندازەی پێویستی خۆم لێیهەڵدەگرم، ئەگەر دەوڵەمەند بووم دەیگێڕمەوە). نەدەکرا بڵێن: ئەم ئاوە خۆتان ڕشتوتانە_ ئاوی ڕژاویش کۆ ناکرێتەوە_ بە ئێمەی پینە مەکەن بڕۆن لە خۆتانەوە دەست پێبکەن وەک عومەری کوری عبدول عەزیز وتی بە فاتیمەی خێزانی: دەبێت خشڵ و زێڕەکانت بگەڕێنیتەوە بۆ (بیت المال) چونکە باوک و باپیرانت بەزوڵم بردوویانە.
نەدەکرا بڵێن: ماڵ و دارایی دەبێت گەشەی پێبدرێت و بپارێزرێت و بەحەق و ڕاستی وەربگیرێت و بە حەق و ڕاستی بدرێت، دەبێت لە ناحەقی و بەتاڵانبردن و تەخشان و پەخشان کردن بپارێزرێت.
نەدەکرا بڵێن: لەبری دەست بردن بۆ بڕینی موچەی خەڵک بەشێک لەو سەدان ملیاردۆلارە بگەڕێننەوە کە بەتاڵانبردوتانەو خۆتان گوتەنی ژێر زەمینەکانتان پێپڕکردووەو ئاودیوی وڵاتانکردووە.
نەدەکرا بڵێن: کوردستان لە سەردەمی ستەمکاری ڕژێمی بەعسدا ئەم هەژاری و گەندەڵی و نادادییەی بەخۆیەوە نەدیبوو لە ڕووی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە.
وەک خۆتان دەفەرموون (الضرر یزال) نەدەکرا بڵێن: ستەمکاری دەبێت لە ڕیشەکەوە بنەبڕ بکرێت، چاکسازی و پاکسازی وەك شۆردنی قادرمە وایە دەبێت لە سەرەوە دەستپێبکات و ئاگاداربن میلەت هۆشیارەو دەزانێت چی دەگوزەرێت و لە شۆڕشی برسیەکان بترسن.
نەدەکرا بڵێن: لەبری دەستبردن بۆ گیرفانی بەتاڵی مووچە خۆر دەست ببەن بۆ ملیارات دۆلاری دزی خۆتان لە ناوەو دەرەوی وڵات و بڕە پارەیەک بخەنە بازاڕ و گیرفانی خەڵکەوە تابازاڕ بجوڵێت و لەم سستی و چەقبەستووییە ڕزگاری ببێت چونکە زانستی ئابوری پێمان دەڵێت ئەگەر سستی لە بازاڕدا ڕوویدا دەبێت دراوی نەختینە بە بڕێکی زۆر بخرێتە بازاڕ بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە ئابوریە نەخوازراوەی هاتووەتە پێش، وەک ئەوەی وڵاتانی دنیا کردیان و بەردەوام دەیکەن لەسەرو بەندی سەرهەڵدانی کۆرۆنادا....
ماوەتەوە بڵێم سێبەری سوڵتانی ستەم کار سێبەری دۆزەخە تکایە خۆتانی لێ بپارێزن باچیدی مەلا باشی کوردو دادوەرە بەڕێزەکان نەبنە پارسەنگی ئەو ستەمکارییە ئەوەش بزانن فەتوایەک بە مردوویی بێتە بوون ناتوانێت پیس خۆر و دەبەنگەکانی کۆمەڵگا بە ئاگا بهێنێتەوە.!!

 

هه‌واڵی گرنگ