ژمارەی ئەو كرێكارانەی، كە بەهۆی داڕمانی كانێكی بەردینەوە لە میانمار گیانیان لەدەستدا، بۆ (162) كەس بەرزبوویەوە.
دەسەڵاتدارانی میانمار ڕایانگەیاند، پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوەی داڕمانی كانە بەردینەكەی باكوری وڵاتەوە بەرزتر بێتەوە، پاش ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە (113) كەسەوە بۆ (162) كەس بەرزبوویەوە.
كانە بەردینەكە لەكاتێكدا داڕماوە كە سەدان كرێكار لە بناری شاخی كانەكەوە سەرقاڵی كنەوكار بوون كە لەگەڵیدا بارانی بەلێزمەش باریوە، ئەوەش وایكردووە زۆربەی كرێكارەكان نەتوانن بەهۆی ئاوی باران و قوڕو لیتەوە ڕزگاریان بێت.
ڕووداوەكە لە ناوچەی كاتشینی باكوری وڵات ڕوویداوەو بەوتەی بەرگری شارستانی ئەو ناوچەیەش، دەیان كرێكاری دیكە بوون بە ژێر لـمی كانەكەوەو هەر بەوجۆرەش نێژراون.